کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خۆپیشاندانێک بەبۆنەی ساڵوەگەڕی فەرمانی جیهادی خومەینی دژی خەڵکی کوردستان لە ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو

09:29 - 8 خەرمانان 2726

ڕۆژی شەممە ٧ی خەرمانانی ١٤٠٥، لەسەر بانگهێشتی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە سوید خۆپیشاندانێک بەبۆنەی تێپەڕینی ٤٧ساڵ بەسەر فەرمانی جیهادی خومەینی بەدژی خەڵکی كوردستان لە گۆڕەپانی "مینت"  لە شاری ستۆکهۆڵم بەڕێوە چوو.  
خۆپێشاندانەکە دوای سپاسی بەڕێوەبەری بەرنامە "هیوا حاجی ڕەسووڵی" بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.  
دوای وتنەوەی چەند دروشمێک پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بە زمانی کوردی لەلایەن "ئامانج مەقامی"یەوە خوێندرایەوە.
ناوەڕۆكی پەیامەكە وێڕای ئاوڕدانەوە لەو فتوا شوومە و بەردەوامیی كۆمەڵكوژی و ڕەشبگیرییەكان لە كوردستاندا، هاوكات ئاماژەی بەوەش دا كە ڕێژیمی ئێران لەوە زیاتر ناتوانێ بەرگەی هێزی خەڵک بگرێ و دوای زیاتر لە ٤٧ ساڵ لە بەردەوامیی ئەو سیاسەتە نەیتوانیوە خەڵکی كوردستان بەچۆکدا بێنێ و بە پێچەوانەوە كوردستان هەمیشە سەرچاوەی ڕاپەڕین و شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و بێدادی بووە و سەنگەرێكی لەگیراننەهاتووی داكۆكیكار لە ئازادی و دێموكراسی و دادپەروەرییە.
دواتر لەلایەن "ئەفشین ڕەشیدی"یەوە پەیامی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە زمانی سویدی خوێندرایەوە.
خۆپێشاندانەکە دوای وتنەوەی چەند دروشمێک بە زمانەکانی کوردی، فارسی و سویدی کۆتایی پێهات.