ڕۆژی شەممە ٧ی خەرمانانی ١٤٠٥، سەمپۆزیۆمێکی ئاکادێمیک لەژێر ناوی “ئێرانی داهاتوو و دیالۆگی یاسای بنەڕەتی” لەلایەن ناوەندی یۆرک بۆ لێکۆلینەوەی نێونەتەوەیی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە شاری تۆرێنتۆ بەڕێوە چوو و ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتیی ئاکادێمیک و چالاکانی سیاسی و نوێنەری حیزب و ڕێکخراوی سیاسی لە پێنج پانێلدا بیروڕای خۆیان بۆ داهاتووی ئيران خستە ڕوو.
لەو سەمپۆزیومەدا هاوڕێ سمایل ئیبراهیمی نوينەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کانادا وتارێکی لەسەر "فیدراڵیزم وەک باشترین سیستمی سیاسی بۆ دابەشکردنی یەکسانیی دەسەڵات لە ئيران و لابردنی هەڵاواردن و چەوسانەوەی نەتەوەیی و پاراستنی مافەکانی گەلانی ئێران" پێشکەش کرد.
نوێنەری حیزب جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "بێ متمانەیی" یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ئيران. لەلایەک "ناوەند" بۆ پاراستنی دەسەڵات و بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری خۆی هەر هەوڵێک بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی گەلانی ئيران بە "جیاخوازی" دەزانێ و سەرکوتی دەکا. لەلایەکی ترەوە گەلانی ئێران دوای زیاتر لە سەد ساڵ چەوسانەوە و هەڵاواردن بەکردەوە هیچ هۆکارێک بۆ متمانە بە ناوەند نابینن.
لە درێژەی باسەکەیدا، نوێنەری حیزب ئاماژەی بەوە کرد کە مافی چارەی خۆنووسین و پرسی فێدراڵیزم دژی یەکتر و لە بەرانبەر یەکتر نین. مافی چارەی خۆنووسین مافێکی بنەڕەتییە و جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ فەرمیەتی پێداوە، بەڵام فێدراڵیزم سیستمێکی ڕێکخستنی سیاسی و دەستوورییە کە دەسەڵات لەنێوان حکوومەتێکی ناوەندی و چەند یەکەیەکی سیاسیی خۆجێییدا دابەش دەکات.
نوێنەری حیزب ڕایگەیاند کە ئێمە فێدراڵیزم بە سیستمی گونجاو دەزانین بۆ بەیەکەوە ژیانی دڵخوازی گەلانی ئێران و لەڕاستیدا فێدراڵیزم تەنیا ڕێگای پێکهێنانی یەکیەتییەکی دڵخواز لە ئێرانە و سەرکوتی ناوەند و چەوساندنەوەی گەلانی ئێران مەترسیی سەرەکی بۆ جیاییخوازی لە ئێرانە.
شایانی باسە هاوڕێ لوقمان ئەمینی ئەندامی تیمی پێوەندییەکانی حیزب لە کانادا و کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئيران -ڕۆژهەڵاتی کانادا، ڕۆڵی دیار و بەرچاوی لە هاوکاریی ناوەندی "یۆرک" و بەشداری لەو سەمپۆزیۆمە نێونەتەوەییەدا هەبوو.