کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیداری شاندێکی كۆمیتەی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران لەگەڵ لێژنەی ناوچەی پارتی دێموكراتی كوردستان

14:01 - 12 گەلاوێژ 2726

ڕۆژی یەکشەممە، ڕێكەوتی ١١ی گەلاوێژی ١٤٠٥ی هەتاوی لەسەر بانگهێشتنی لێژنەی پارتی دێموكرتی كوردستان لە سوید، هەیئەتێكی كۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموكرات لە وڵاتی سوید بە سەرپەرستیی بەڕێز "نیشتمان عەزیزی"، بەرپرسی پەیوەندییە كوردستانییەكانی کۆمیتەی گشتی بە یاوەری هاوڕێیان: مامۆستا "ڕەحمان كاژەیی" و "قادر مێهفەر"،
سەردانی لێژنەی ناوچەی سویدی پارتی دێموكراتی كوردستانیان كرد و لەلایەن هەیئەتێكی لێژنەی پارتی بە سەرپەرستی كاک "هێدی"بەرپرسی پەیوەندییەكان و بەرپرسی لێژنەی ناوچەی پارتی بەوەكالەت و كاک "عومەر سۆران" نوێنەری پارتی لە كۆمیتەی هاوكاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و خاتوو "خەبات" و كاک "حوسێن دۆسكی"،
زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێكرا.
لەو دیدارەدا، كە لە شاری ستۆكهۆڵم بەڕێوەچوو سەرەتا وێڕای بەخێرهێنان و سپاس لە سەردانەكەی هەیئەتی حیزب، هەیئەتی پارتی دێموكراتی كوردستان باسێكی گشتییان لەسەر دۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان و كێشە و ناكۆكی و بەربەست و ئاستەنگەكانی حكوومەتی ناوەندی بەرانبەر هەرێمی كوردستان پێشكەش كرد.
لە تەوەرێكی دیكەی باسەكانیاندا، ئەگەرەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی شەڕی ئەمریكا-ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لەسەر هەرێمی كوردستان بە وردی قسەی لەسەر كرا.
تەوەرێكی دیكەی باسەكانی كۆبوونەوەكە لە پەیوەندی لەگەڵ كوردانی دانیشتووی سویددا بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی بەڕێوەچوونی كارەكانی كۆمەڵە و ڕێكخراوەكانی سەر بە فێدراسیۆن و ناوەندی ڕەوەندی كوردی و كۆمیتەی هاوكاریی هێزە سیاسییەكانی كورد و كوردستان.
دواتر هەیئەتی حیزب لەسەر كۆی باسەكان سەرنج و بۆچوونی خۆیان خستە ڕوو و باسێكی گشتیشیان لەسەر دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی كوردستان و دۆخی ئێران دوای شەڕ و ڕۆڵ و ئەركی حیزب لەو قۆناخەدا پێشكەش كرد.
هەیئەتی حیزب لە بەرانبەردا، لە درێژەی باسەكانیاندا، پێداگرییان لەسەر پێویستیی یەكگرتوویی و تەبایی هێزە سیاسییەكانی كوردستانی باشوور
كردەوە و داوایان كرد كە پارتی دێموكراتی كوردستان وەک هێزێكی كاریگەر و خاوەن جەماوەر لە باشووری كوردستان، بە هاوكاری و هاودەنگی لەگەڵ هێزە سەرەكییەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمانی لەبەرچاو بگرن و هەرچی زووتر بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم ڕێگەچارەی گونجاو بگرنە بەر.
شایەنی باسە هەردوو لایەن، وێڕای لێكدانەوەی باسەكان لە ڕوانگەی سیاسەت و بەرنامەی حیزبەكانیان، لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و سەروەرییەكانی وەک پاراستنی كیانی كوردی و بەهێزكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و گرنگیی ڕۆڵی خەباتی جووڵانەوەی نەتەوایەتی هەر چوار پارچەی كوردستان هاوڕا بوون و ئومێدیان خواست كە ئەو دیدار و هاوپێوەندییە درێژەی هەبێ و بەردەوام بێت.
شایانی باسە كە ئەو چاوپێكەوتنە و كۆی باسەكانی نێو ئەو دیدارە ٢ كاتژمێری خایاند.