کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی ١٠ سزای لەسێدارەدان و ٢٥۶ ساڵ بەندکران بەسەر بەندکراوانی دۆسییەی «مەیدانی شەهیدانی ئێسفەهان»

11:38 - 9 خەرمانان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، بەناو دەزگای دادوەریی ڕێژیم لە تۆڵەسەندنەوە لە خەڵکی مافویست و وەزاڵەهاتووی ئێران بەردەوامە و لە نوێترین هەوڵەکانیدا، سەرجەم ١٠ سزای لەسێدارەدان و ٢٥٦ ساڵ بەندکرانی بەسەر ١٦ خۆپیشاندەردا سەپاند.

بەپێی ڕاپۆرتی هێرانا، هەرکام لە تەرانە ڕەحیمی، نەوید ئەلياسی، ئەبولفەزڵ دادگوستەر، مێهدی مەنسووری، ئەحمەدڕەزا سەعیدی، مێهرداد بوئێری، محەممەدمێهدی ئەسەدی، ئارمین غوڵامی، پارسا جەعفەری و مێهدی جەعفەری (خەسرەوی)، کە ١٠ تۆمەتباری دۆسییەی ناسراو بە «مەیدانی شەهیدانی ئێسفەهان»ن، لەلایەن لقی ١ی بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەو شارە، بە لەسێدارەدان و ١١ ساڵ بەندکران سزا دراون.

هەروەها ڕۆمینا ڕەحیمی، میلاد بوئێری، حامد مێهرعەلیان، ستایش ساعدی، سەجاد عابدین و عەلی بوئێری، کە شەش تۆمەتباری دیکەی ئەم دۆسییەن، سەرجەم بە ١٤۶ ساڵ بەندکران سزا دراون.

دۆسییەی ناسراو بە «مەیدانی شەهیدانی ئێسفەهان» لە پەیوەندی لەگەڵ بە ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١۴٠۴ و ڕووداوەکانی ئەو مەیدانە پێک هاتووە.

 لە ڕەوتی ئەم ڕووداوانەدا، دوو کەس گیانیان لەدەست دا کە یەکێکیان ئەندامی سپای تێرۆریستیی پاسداران بوو و ئەوی تریان وەک هاووڵاتییەکی بێلانە ناسێندرا.

لە پاش ئەم ڕووداوانە، ئەو ١۶ هاووڵاتییە تۆمەتی وەک «موحاربە لە ڕێگەی هەڵگرتنی چەکی سارد»، «تێکدانی سامانی گشتی»، «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی» و «چالاکیی تەبلیغیی دژی نیزام»یان دراوەتە پاڵ.

لە ڕەوتی دانیشتنی بەناو دادگاییەدا هیچ بەڵگەیەکی سەلێمندراو دژی ئەو ١٦ هاووڵاتییە نەخراوەتە ڕوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٧ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو ناڕەزایەتییەکان لە بازاڕی گەورەی تاران دەستی پێکرد و پاش دوو ڕۆژ، بازنەی لە بازاڕ و ناوەندە بازرگانییەکان فراوانتر بوو و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە و ئەو ناڕەزایەتییە بووە یەکێک لە فراوانترین ناڕەزایەتییەکان لە مێژووی ئێراندا.

لە ڕەوتی سەرکوتکردنی ئەم ناڕەزایەتییانەدا هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم، زیاتر لە ٦٠ هەزار خۆپیشاندەریان کوشت و هەزاران کەسی دیکەیان بریندار کرد و هەزاران کەس دەسبەسەر یان بانگهێشت کراون و سزای قورسیان بەسەردا سەپێندرا.