ناوەندی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات بەسەرپەرستی د.کوێستان گادانی کۆبوونەوەیەکی بەرینی لەگەڵ بەرپرسانی کۆمیتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی خەرمانانی ١٤٠٥ بەڕێوە برد.
د.کوێستان گادانی ئەندامی کۆمیتە ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سەرەتادا بابەتێکی پڕنێوەڕۆکی سیاسی و هەروەها بابەتێکی گشتیی دەربارەی کار و تێکۆشانەکانی ناوەندی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد و ڕایگەیاند ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە کە هەڵسەنگاندن بۆ چالاکیی بەشەکان بکرێ و هەروەها بەرپرسانی کۆمیتەکان ڕا و پێشنیار و ڕەخنەکانی خۆیان باس بکەن.
لە درێژەدا د.جەواد دانشپەژوو باسێکی کورتی دەربارەی گرنگیپێدان بە ڕێکخستنی حیزب لە دەرەوەی وڵات پێشکەش کرد و بەگرنگی و پێزانینەوە ڕوانییە کار و چالاکییەکانی کۆمیتەکانی دەرەوەی وڵات.
لە درێژەی ئەو دوو ڕۆژ کۆبوونەوەدا بەرپرسانی کۆمیتەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات کە زۆربەیان بە حزووری بەشدار بوون، گرفتەکان و ڕەخنە و پێشنیاریان دەربارەی هەموو بەشەکانی بەڕێوەبەریی حیزب لە دەرەوەی وڵات واتە بەشی تەشکیلات، پەروەردە، ماڵی، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕاگەیاندن باس کرد. لە ڕۆژی دووەمدا بەرپرسانی بەشەکانی ناوەندی بەڕێوەبەریی دەرەوەی وڵات کارنامەی خۆیان لەو ماوەی بەڕێوەبەرییەدا پێشکەش کرد و وڵامی ئەو تێبینی و ڕەخنانەیان دایەوە کە ئاراستەیان کرابوو و هەروەها د. کوێستان گادانی و د. جەواد دانشپەژوو کۆبەندی کۆبوونەوەکەیان بۆ بەشداربووان باس کرد.
کۆبوونەوەکە ڕۆژی ٨ی خەرمانان لە ئۆسڵۆی پایتەختی نۆروێژ بە ئومێدێکی پترەوە بۆ درێژەدان بەکار و ئەرکی حیزبی لە کەشێکی شۆڕشگێڕانەدا، کۆتایی پێهات.