کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای قورس بەسەر ١٢ دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە سەبزەوار

13:55 - 15 خەرمانان 2726

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابروودا، دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی سزای قورسی بەندکران، پێبژاردنی نەختی و لێدانی قامچیی بەسەر ١٢ دەسبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا سەپاندووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کانوونی مافی مرۆیی ئێران، بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە سەبزەوار، بە کۆی گشتی، ١٨ ساڵ  بەندکرانی هەڵپەسێردراو، یەک میلیارد و ٨٠٠ میلیۆن تمەن سزای نەختی و چەند سزای دیکەی بەسەر ١٢ کەسی خەڵکی سەبزەوار سەر بە خوراسان لەوانەش مێرمنداڵێکی ١٧ ساڵان و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا سەپاندووە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە، ناسنامەی ١٠ کەس لەو دەسبەسەرکراوانەی بەو شێوەیە بڵاو کردەوە: مەهدی نەسرئابادی، مەتین کووشکباغی، ئەمیر ئەستیری، مەهدی قەزی، ئەمیرعیرفان تاج‌ ئابادی، نازەنین زەهرا مووسەوی، ڕەزا خورشید سوخنەگووی، زەهرا جەعفەری، عرفان عابێد و فاتمە بازقەندی.

شایانی باسە ئەم سزایانە لە دادگای پێداچوونەوەی ڕێژیم لە پارێزگای خوراسانی ڕەزەویشدا پەسەند کراون.

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا دژ بە ناڕازییانی مانگی بەفرانبار توندترین و قورسترین سزاکانی دەرکردووە و هەتا ئێستا سەدان بەندکراوی ئەو ناڕەزایەتییە بە بەندکرانی درێژماوە، دوورخراوەنەوەی زۆرەملێ، دەرکردن و جێبەجێکردن سزای لەسێدارەدان، لێدانی قامچی و پێبژاردنی نەختی سزا دراون.