لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا چەندین هاووڵاتیی دیکە لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ هۆکار و بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی بە شێوەی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر کراون و چەند هاووڵاتییەکی دیکەش دوای چەند حەفتە لە دەسبەسەرکرانیان زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە.
ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا ڕایگەیاند؛ دوو مێردمنداڵی خەڵکی تیکاب بە ناوی «سیاوەش موفیدی» و «سرووش عەنایەتی» بە شێوەیەکی سەرەڕۆیانە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و پاشان بۆ لێپرسینەوە، بەبێ دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بێ مافی پەیوەندیگردن و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان، بۆ تاران گوازراونەتەوە.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، ژنێکی خەڵکی مەهاباد بە ناوی ئێلهام عەلیزادە (سوهەیلا)، لەلایەن سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە و بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە ورمێ گواستراوەتەوە.
هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکانی هەنگاو، ئەبولفەزل ڕۆستەمی و عرفان مورادی، دوو لاوی خەڵکی قەسری شیرین سەر بە پارێزگای کرماشان، لەلایەن لقی ١ی بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە لەم شارە، هەر یەکەیان بە ٥ ساڵ زیندانیی داسەپاو سزا دراون.
ئەم دوو هاووڵاتییە لە مانگی خەرمانانی ئەمساڵ و لە پێوەندیی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا دەسبەسەر کرابوون.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، میلاد مروەتی، کتێبفرۆش و خوێندکاری بەشی ماف و خەڵکی مەهاباد، دوای تێپەڕبوونی ٤٠ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانیدا، هێشتا لە دۆخێکی نادیاردا لە بەندیخانەی مەهاباد و بەبێ هۆکار ڕاگیراوە.
ئەم خوێندکارە لە ڕۆژی ٦ی گەلاوێژدا دەسبەسەر کرا. هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم چوونە سەر کتێبفرۆشیی ناوبراو بە ناوی «هێڤی» و وێڕای پشکنینی ئەو شوێنە، ژمارەیەک لە کەرەستە کەسییەکانی، لەوانەش لپتاپەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.