کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وانەکانی ١٧ی خەرمانان و شکۆی حیزبی دێموکرات

22:50 - 16 خەرمانان 2726

عەلی بداغی

ئەمڕۆ ١٧ی خەرمانان، ٨ ساڵ بەسەر هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتدا تێپەڕی. کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو هێرشەدا بە ٥ مووشەکی بالیستیک و دوو مووشەکی «فاتیحی ١١٠»، پلینۆمی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان و چەند بنکەیەکی دیکەی حیزبی دێموکراتی کردە ئامانج کە بووە هۆی شەهیدبوونی ١٦ کادر، پێشمەرگە و ئەندامی ڕێبەریی حیزب و برینداربوونی دەیان تێکۆشەری دیکەی حیزبی دێموکرات.

هۆکارەکانی ئەم هێرشە چەندلایەنە بوون. لەگەڵ ئەوەدا کە حیزبی دێموکرات هەمیشە دوژمنی ژمارە ١ی کۆماری ئیسلامی و چقڵی چاوی ڕێژیم بووە، بەڵام حیزبی دێموکرات لە ماوەی ساڵانی پێش ئەم هێرشەدا تێکۆشانی سیاسی و سەربازیی خۆی لە نێوخۆی کوردستاندا پەرە پێدابوو.

مەبەستێکی دیکەی ڕێژیم چاوسوورکردنەوە لە ئۆپۆزیسیۆنی کورد و گەیاندنی پەیامێکی ڕوون بۆ وڵاتانی ناوچەکە بوو کە دەتوانێت هەر کاتێک بیهەوێت، ئاسایش و سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بخاتە مەترسییەوە. هەروەها گوشار بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق مەبەستێکی دیکەی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ ئەوەی توانا و چالاکییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی، بەتایبەت حیزبی دێموکرات سنووردار بکرێت.

پێشاندانی توانای مووشەکی و بەکارهێنانی مووشەکی بالیستیکی خاڵپێک ڕوویەکی دیکەی ئەو ئامانجە بوو کە سەرەڕای هاوار و دیپلۆماسیی زۆری حیزبی دێموکرات، بەداخەوە جیهان نەیبیست و ئەو هەڕەشە و مەترسییەی بە هەند وەرنەگرت؛ کە ئێستا لەسۆنگەی کۆماری ئیسلامییەوە بەئاشکرا باڵی بەسەر ئاسایش و سەقامگیریی هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جیهاندا کێشاوە.

هێرشی ١٧ی خەرمانان تاقیکردنەوەیەکی دیکە بوو بۆ بزووتنەوەی کورد، حیزبی دێموکرات و کۆمەڵگەی کوردستان. لەسۆنگەی ئەم هێرشەوە زیانی گیانی و ماددیی زۆر بەر حیزبی دێموکرات کەوت، بەڵام حیزبی دێموکرات وەک قەڵای لەگیران‌نەهاتووی ئیرادە و مافخوازیی کورد بەچۆکدا نەهات و هەتا ئێستاش شێلگیرانە درێژەی بە خەبات و تێکۆشانی خۆی داوە. لایەنێکی دیکەی ئەو تاقیکردنەوەیە، وەڵامدانەوەی کۆمەڵگەی کوردستان بوو بەو دەستدرێژییەی کۆماری ئیسلامی. کۆماری ئیسلامی کە بەردەوام بانگەشەی ئەوەی دەکرد حیزبە کوردییەکان پێگە و خۆشەویستییان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا نەماوە و کەلێن و مەودای نێوان خەڵک و حیزبەکان بە هیچ پڕ نابێتەوە، بەسەر مانگرتنەکەی ٢١ی خەرماناندا کەوتن.

کوردستان چوار ڕۆژ دوای هێرشەکە و هەر لەسەر داوای حیزبە سیاسییەکانی، گەورەترین مانگرتنی شوناسخوازانەی بەڕێوە برد. لەو ڕیفراندۆمەدا کوردستان پێشانی دایەوە کە گرتن، لەسێدارەدان، تیرۆر، مووشەکباران و سەرکوتی هەمەلایەنەش ناتوانێت ئیرادەی سیاسیی کورد تێکبشکێنێت و بەپێچەوانەوە کۆمەڵگەی کوردستانی پێگەیشتووتر کردووە. پەیامی ئەو ڕیفراندۆمە ڕاستەقینەیە ئەوە بوو: «زەویی ئێمە دانی ئێوەی لێ شین نابێت، بارکەن بڕۆن...». ئەم مانگرتنە پێشانی دایەوە کە پێگەی سیاسیی حیزبە سیاسییەکان، بەتایبەت حیزبی دێموکرات لە کۆمەڵگەی کوردستاندا زۆر قایم و تۆکمەترە لەوەی ڕێژیم بیری لێ کردبووەوە. لە ڕووی فۆڕمی مانگرتنەکەشەوە، داخستنی دووکان، بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و «نا»گوتنی جەماوەری بە کۆماری ئیسلامی، ئاستی بەرزی هۆشیاریی سیاسی و خەباتی مەدەنیی کوردی لە ئێران و پێشەنگایەتیی بزووتنەوەی کورد پێشان دایەوە. ئەم پێشەنگایەتییە لە مانگرتنەکانی دواتردا و دواجار لە بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا گەیشتە لووتکەی خۆی، و ئەم پەیامە شوناسخوازییە لە کەرنەڤاڵە نەورۆزییەکان، بەتایبەت نەورۆزی خاکیپۆشاندا دووپات کرایەوە.

مووشەکبارانی ١٧ی خەرمانان درێژەی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی و سەرکوتی خوێناویی بزووتنەوەی کورد بوو؛ درێژەی سیاسەتی لەسێدارەدان و تیرۆری تێکۆشەرانی سیاسی و درێژەی سیاسەتی بێ‌ئاکامی کۆماری ئیسلامی بوو بۆ نەهێشتنی پرسی کورد و هەڵوەشاندنەوەی حیزبی دێموکرات. ئەوەی کۆماری ئیسلامی نەیدیت و نەیزانی ئەوە بوو کە حیزبی دێموکرات تەنیا ڕێکخراوێکی سیاسیی خاوەن هێزی پێشمەرگە نییە، بەڵکوو هێمای مافخوازی و خەباتگێڕیی کورد و ناسنامەی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. خێرابوونی ڕەوتی یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دوای هێرشەکەی ١٧ی خەرمانان، بەردەوامیی خەبات و تێکۆشانی فرەڕەهەندی حیزب لە هەموو ئاستەکاندا و نوێبوونەوەی ڕیزەکانی حیزب بە هاتنی لاوانی خەباتکار، سەرەڕای هەموو ئەو کۆست و کارەساتانەی بەسەر حیزبی دێموکراتدا هاتوون، نیشانەی ئەو ڕاستییەیە.

حیزبی دێموکراتی کوردستان دوای هێرشی ١٧ی خەرمانان، چەند جاری دیکەش بە چڕی هێرشی مووشەکی کراوەتە سەر: لە ڕەزبەر و خەزەڵوەری ١٤٠١دا پاش یەکگرتنەوەی ڕیزەکانی حیزب و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژینا، و پاش شەڕی ئەمریکا و ئێران لە ڕەشەمەی ساڵی ڕابردووەوە هەتا ئێستا. کۆماری ئیسلامی هەر لەم ماوەیەدا نزیکەی ١٦٠ جار بە دڕۆن و مووشەک هێرشی کردووەتە سەر حیزبی دێموکرات و لە سیاسەتی دوژمنکارانەی بەرامبەر بە بزووتنەوەی کوردستان نەوەستاوە. بەڵام حیزبی دێموکرات لە قووڵایی کۆمەڵگەی کوردیدا ڕەگاژۆی کردووە و ئەو پیرەدارە بە هیچ بۆمب و مووشەکێک لە بن نایەت.