کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دۆخی بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی دامغان کارەساتبارە

14:04 - 17 خەرمانان 2726

بەرپرسانی ڕێژیم گوشارەکانیان دژ بە بەندکراوانی سیاسیی نێو بەندیخانەکان چەند قات کردووەتەوە و ئەشکەنجە، لێدان، دەستدرێژیی سێکسی، کەمیی جێگا و خۆراک ئەو کێشە و گرفتانەن کە بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی دامغان و دەیان بەندیخانەی دیکە لەگەڵی ڕووبەڕوون.

بەپێی فایلێکی دەنگیی شەهریار شەمس بەندکراوێکی سیاسیی بەندیخانەی دامغان، دۆخی بەندکراوانی سیاسیی ئەو بەندیخانەیە کارەساتبارە و ڕایگەیاند: "بەرپرسانی ڕێژیم لە هیچ چەشنە هەڵسوکەوتێکی نامرۆڤانە دژی بەندکراوانی سیاسی درێغییان نەکردووە".

ئەم بەندکراوە سیاسییە باسی لەوە کردووە کە لەو بەندەی کە ناوبراوی تێیدایە، نزیکەی ۵۰ بەندکراو هەن کە نزیکەی ۲۲ بۆ ۲۳ کەسیان بەندکراوی سیاسین، و ئەوانی تر پەیوەندییان بە تاوانە گشتییەکانەوە هەیە و بەندکراوان بەپێی جیاکاریی تاوانەکانەوە جیا نەکراونەتەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕایگەیاندووە کە بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەی دامغان زۆرینەیان ئەو بەندکراوانەن کە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا دەسبەسەر کراون.

شایانی باسە لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۱۴۰۴دا شاری دامغان یەکێک لەو شارانە بووە لە ناڕەزایەتیی بەرفراوان دژی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی تێیدا بەڕێوە چووە. ڕێژیمی تاران سەدان کەسی لەو شارە دەسبەسەر کردووە و چارەنووسی زۆربەیان هەتا ئێستا بە ناڕوونی ماوەتەوە.

شەهریار شەمس ڕایگەیاندووە کە سەرجەم بەندکراوان لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە، بە توندی لێدان و ئەشکەنجە دراون؛ بە شێوەیەک کە شوێنەواری برینی قووڵ بەسەر جەستە و دەموچاویان دیارە و جەلادەکانی ڕێژیم لەڕێگەی هەڕەشە، سووکایەتی، لێدانی قامچی و تەنانەت هەڕەشە و ئازاری سێکسییەوە دانپێدانانی زۆرەملێیان لە بەندکراوان وەرگرتووە.

شایانی باسە چارەنووسی بەندکراوانی سیاسیی بەندیخانەی ئێران بە گشتی و بەتایبەتی لە بەندیخانەکانی قزڵحەسار، مەلایەر، کەرەج، ئێڤین، دەستگردی ئێسفەهان، شەیبانی ئەهواز و دێزڵاوای کرماشان هاوشێوەی بەندخانەی دامغان کارەساتبارە و ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان لەو بارەوە هۆشداریی جیددییان داوە.