لە درێژەی دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی هاووڵاتییان و گوشاری هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بۆ سەر خەڵکی کوردستان، فەرەیدوون نامداری و شوعلە ڕوحی، دوو هاوژینی خەڵکی سنە، بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەر کران.
فەرەیدوون نامداری، هاووڵاتیی تەمەن ٥٥ ساڵی خەڵکی سنە، لەگەڵ هاوژینەکەی بە ناوی شوعلە ڕوحی، لە ئەنجامی هەڵکوتانی توندوتیژانەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیمدا دەسبەسەر کران و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١٥ی خەرمانان، نزیکەی ١٥ کەس لە هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە سنە هەڵیانکوتاوەتە سەر شوێنی کاری فەرەیدوون نامداری و بە شێوەی توندوتیژانە دەسبەسەریان کردووە.
هێزەکانی ڕێژیم دواتر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییە و دوای پشکنینی تەواوی ماڵەکە، هاوژینەکەیان بە ناوی "شوعلە ڕوحی" دەسبەسەر کردووە.
هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد و ڕوون لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن، تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگرتنی ئەم هاوژینە لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەم بوارەدا بێئاکام ماوەتەوە.
شایانی باسە گوشاری هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر هاووڵاتییان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چڕتر بووەتەوە و بەپێی ڕاپۆرتە مافی مرۆییەکان، لە مانگی ڕابردوودا لە کوردستاندا بە شێوەی نێونجی هەر ڕۆژێکدا، دوو کەس دەسبەسەر کراون.