کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیمپۆزیۆمی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە زوریخ؛ "دیپلۆماسی بۆ دێموکراتی و ئازادی"

13:40 - 22 خەرمانان 2726

سیمپۆزیۆمی دوو ڕۆژەی ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەژێر ناونیشانی «دیپلۆماسی بۆ دێموکراسی و ئازادی» لە ڕۆژانی ٢٠ و ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٥، لە شاری زوریخی وڵاتی سویس بەڕێوە چوو.

ئەم کۆبوونەوەیە نوێنەران و بەرپرسانی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبی دێموکراتی لە وڵاتە جیاوازەکاندا کۆ کردەوە تا هەڵسەنگاندن بۆ چالاکییە دیپلۆماسییەکانی حیزب بکەن و لە هەلومەرجی هەستیاری ئێستای ئێران و ناوچەکەدا ئەولەوییەتەکانی کارەکان دیاری بکەن.
ئەم سیمپۆزیۆمە بە وتاری هیوا بەهرامی، بەرپرسی ناوەندی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزب دەستی پێکرد و لە درێژەدا پەیامی کاک مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێشکەش کرا.
لەو پەیامەدا لەسەر گرنگیی چالاکییە نێودەوڵەتییەکان، بەهێزکردنی کاری بەکۆمەڵ لەنێوان نوێنەراندا، بەشداریی بەربڵاوتری ژنان و لاوان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ناوەندەکانی توێژینەوە، ڕاگەیاندنەکان و دامەزراوە دیپلۆماسییەکان جەخت کرایەوە.
دکتۆر ڕووبینا گرینوود، سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە بێ‌ دەوڵەتەکا  (UNPO)، بە شێوەی ئۆنلاین وتارێکی پێشکەش کرد. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی پرۆسەیەکی درێژخایەنە و سەرکەوتن تێیدا پێویستی بە بەردەوامی، ڕاستگۆیی و بەکارهێنانی زانیاریی ورد و بەڵگەدار هەیە. هەروەها جەخت لەسەر پێویستیی ناساندنی ڕوونی مافە نەتەوەیی، سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی کوردستان و ئامانجە دێموکراتیکەکانیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرایەوە.
لە ماوەی ئەو دوو ڕۆژەدا، چەندین پڕۆژە و پێشنیاری جیاواز بۆ گواستنەوەی چالاکییەکانی دەرەوەی حیزب لە پەیوەندیی کاتی و تاکەکەسییەوە بۆ دیپلۆماسییەکی یەکگرتوو، پیشەیی، بەردەوام و ستراتێژی کەوتنە بەر باس. پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکوومەت و پەرلەمانەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، زانکۆکان، ناوەندەکانی توێژینەوە، ڕاگەیاندنەکان، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان بوون. هەروەها جەخت لەسەر ناساندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وەک هێزێکی سیاسیی دێموکراتیک، بەرپڕسیار و خاوەن بەرنامە کرا. هاوکات چۆنیەتیی دەستەبەرکردنی ماف و داخوازییە دێموکراتیکەکانی گەلی کورد لە ئێرانی داهاتوو و بردنی ئەو باسانە بۆ ناو کۆمەڵگەی نێودەولەتی بەشێکی دیکە لە گفتوگۆیەکان بوون.
دیپلۆماسیی پەرلەمانی، مافی مرۆڤ، زانکۆیی و توێژینەوە، ڕاگەیاندن و مەدەنی لەو بابەتانە بوون کە تاوتوێ کران. دروستکردنی تۆڕی بەربڵاوتری پەرلەمانی، ڕاهێنانی پیشەییانەی نوێنەران، ئامادەکردنی ڕاپۆرت و بریفینگی بەڵگەدار و ڕێکخستنی شێوازی چالاکیی دیپلۆماسی بەپێی بارودۆخی سیاسیی هەر وڵاتێک، لە پێشنیارەکان بوون.
ڕۆڵی دیاسپۆرای کورد و چۆنیەتیی بەکارهێنانی کاراتری ئەو توانستە لە چالاکییە سیاسی و دیپلۆماسییەکاندا تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بوو. لەلایەکی ترەوە، جەخت لەسەر زیادکردنی ڕۆڵی ڕاستەقینەی ژنان و نەوەی لاو لە چالاکییەکانی حیزبدا کرایەوە و بەشداریی ژنان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە گەشەپێدانی پڕۆسەیەکی سیاسیی دێموکراتیک و کاریگەر لەقەڵەم درا.
لە ڕۆژی دووەمدا، مەرسە موونژێ کانۆ (Mercè Monje Cano)، سکرتێری پێشووی UNPO  و توێژەر، دەربارەی خێرایی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و پێویستیی بوونی ستراتێژی دیاریکراو بۆ کاری دیپلۆماسی باسێکی پێشکەشی بەشداربووان کرد. لەم بەشەدا جەخت لەسەر ئامادەیی بۆ سێناریۆی جیاواز، هەروەها بەهێزکردنی هەماهەنگی لەنێوان ڕێبەریی سیاسی، نوێنەران و تۆڕە نێودەوڵەتییەکاندا کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی باسەکاندا، دوکتۆر داوود ڕەسووڵی لەسەر ڕۆڵی باسەکانی ژینگە لە چالاکیی سیاسی و دیپلۆماسیدا، سەرنجی خستە سەر پەیوەندیی نێوان ژینگە، ئاسایشی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ. لەم باسەدا، “دیپلۆماسیی سەوز” و توانستی بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ئێکۆسیستەمی زاگرۆس و ڕەوشی چالاکوانی ژینگە بۆ بەشداری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کرا.
ئەم سیمپۆزیۆمە هەروەها دەرفەتێک بوو بۆ نوێنەرانی حیزب لە وڵاتە جیاوازەکان تا پێداچوونەوە بە چالاکییەکانی خۆیاندا بکەن، ئەزموونەکانیان لەگەڵ یەکتردا بەش بکەن و ڕێگەکان بۆ بەهێزکردنی چالاکییە دیپلۆماسییەکانی حیزب دەستنیشان بکەن. تەوەری سەرەکیی تەواوی ئەم گفتوگۆیانە، ئاراستەی هەنگاونان بەرەو ئامادەیییەکی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوتر، پیشەییتر و کاریگەرتر بۆ پێشبردنی پرسی کوردستان، پشتیوانیکردن لە پرۆسەی دیموکراتیک لە ئێران و دەستەبەرکردنی پێگەی خەڵکی کوردستان و نەتەوە پەراوێزخراوەکانی تری ئێران لە باسی پەیوەندیدار بە داهاتووی ئەم وڵاتەدا بوو.