ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (خۆڕاگری) ئاماری پێشێلکارییەکانی مانگی گەلاوێژ و خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، (ئاگوستی ٢٠٢٦ زاینیی) بڵاو کردەوە.
بەپێی ئەو ئامارە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو مانگەدا سزای لەسێدارەدانی بەسەر چوار زیندانی سیاسیی جێبەجێ کردووە و دەیان چالاکی مەدەنیی ڕەوانەی بەندیخانە کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی خۆڕاگری، لە مانگی گەلاوێژ و خەرمانان، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ٨٠ چالاکی سیاسی و مەدەنییان لە شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەسبەسەر کردووە کە ٨ کەسیان ژنن.
دەسبەسەرکراوان بە تۆمەتی دژایەتیکردنی ڕێژیم و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان ڕەوانەی گرتنگە ئەمنییەتییەکان کراون و چارەنووسی بەشێکیان هێشتا ناڕوونە.
هاوکات لەو مانگەدا، دادگاکانی ئینقلاب سزای کۆتاییان بەسەر ٤٣ چالاکی کورددا سەپاندووە؛ سەرجەمی سزاکان بریتی بوون لە ١٢٨ ساڵ و ٣ مانگ و ١٩ ڕۆژ بەندکردن، ٦ ساڵ دوورخستنەوە، ٥١١ قامچی و ٤٤ میلیۆن تومان پێبژاردن.
هەروەها سزای نەختیی ۲۹ هاووڵاتیی پیرانشاری بەتۆمەتی پۆشینی جلی کوردی لە ڕێوڕەسمێکدا پشتڕاست کرایەوە کە بۆ هەر یەکێکیان ٢٠ میلیۆن تومان دیاری کراوە.
لە هەمان ماوەدا، کۆماری ئیسلامی سزای لەسێدارەدانی بەسەر ٤ لە دەسبەسەرکراوانی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانبار جێبەجێ کردووە بە ناوەکانی: "ئاروین خێرخاهان، شەهرام سادقی، قایم حوسێنی و مەجید ئادینە."
خۆڕاگری جەختی کردەوە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامی بەردەوامە و ڕۆژبەڕۆژ لە زیاد بووندایە.