بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، ئیبراهیم ڕەحمانپوور، چالاکی کرێکاریی خەڵکی نەغەدە، لەلایەن دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، سزای ۳۸ مانگ و نیو بەندکرانی داسەپاوی بەسەردا سەپێندرا.
ئەم سزایانە بە تۆمەتی پەیوەندی بە چالاکیی کرێکاری و سیاسی و بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمەکانی ڕێزلێنان لە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران لە ساڵانی ڕابردوودا لە شاری نەغەدە بەسەر ئەو هاونیشتمانییەدا سەپاوە.
ئیبراهیم ڕەحمانپوور ناڕەزایەتیی بەرانبەر بەم سزایە دەربڕیوە و دۆسییەکەی لە قۆناغی سکاڵا و لێکۆڵینەوەی دادوەریدایە.
هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، زانیاریی لەبارەی ئەنجامی کۆتایی سکاڵاکەی، پشتڕاستکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی لەبەر دەستدا نییە.
هێزە سەرکوتکەرەکان و ناوەندە بەناو ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی نزیک بە ٥ دەیەیە، لە گوشارخستنە سەر چین و توێژە جیاوازەکانی کوردستان لەوانەش چالاکانی مەدەنی، ژینگەپارێزی، کلتووری، کرێکاری، مافی ژنان، خوێندکاران و بەندکراوانی سیاسی بەردوامن و هەموو چالاکییەکی مەدەنی بە مەترسیی بۆ سەر دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی تاران دەزانن.