لە ٣٤ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری میکۆنۆس، شۆڕشی ژینا و مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠٥، لەلایەن کۆمیتەکانی حیزب لە وڵاتانی سویس، ئوتریش، ئاڵمان، فەرانسە، دانمارک و فینلاندەوە وێبینارێک بۆ بەڕێز کاک تەیموور مستەفایی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێکهات.
وێبنارەکە لە پلاتفۆرمی زووم و بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان دەستی پێکرد.
پاش بە خێرهاتنی بەشداربووان و کۆڕگێر لەلایەن کەوسەر ئیسماعیل نژادەوە، بەڕێوەبەری وێبینار عوسمان یاری کورتەیەک لە ژیانی سیاسیی کاک تەیمووری پێشکەش کرد.
کاک تەیموور مستەفایی وێڕای تیشک خستنەسەر ژیانی شەهید د.شەرەفکەندی و چۆنیەتیی تێرۆر و دادگای میکۆنۆس باسی لە کاریزمابوونی شەهید شەرەفکەندی کرد کە چۆن دوای تێرۆری دوکتۆر قاسملوو توانیی حیزب هیدایەت بکات.
هەروەها بەڕێزیان سەبارەت بە مووشەکبارانی بنکەکانی حیزب لەلایان کۆماری ئیسلامییەوە تیشکی خستە سەر سیخوڕیکردنی کۆماری ئیسلامی بەسەر حیزبەوە کە بەو هۆیەوە زەربەیەکی قورس بەر پەیکەری حیزب کەوت بەڵام هاودەردیی خەڵکی باشوور و هەرەوەها ٢١ خەرمانان کە وەک ڕێفراندۆمێک بوو، بووە خاڵی دەستپێکی تازەی خەباتمان.
بەڕێزیان سەبارەت بە شۆڕشی ژینا وێڕای ئاماژە بە چۆنیەتیی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا لە سەقز و هاتنە سەر شەقامی کچ و کوڕانی شارەکانی دیکەی کوردستان، دەسکەوتەکانی ئەو شۆڕشەی بەرز نرخاند.
وێبنارەکە بە پرسیار و وڵام لەلایەن بەشداربووانەوە کۆتایی پێهات.