کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سێمینارێک بۆ چوارەمین ساڵیادی شۆڕشی ژینا لە ئوسترالیا بەڕێوە چوو

14:40 - 24 خەرمانان 2726

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، بۆ جاری سێهەم لە ناو پارلەمانی ئوسترالیادا سێمیناری ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن نوێنەرایەتیی حیزب و ڕێکخراوی دەنگی کورد لە ئوسترالیا بەڕێوە چوو .

ئەم سێمینارە بە هاوکاریی ڕێکخراوی دەنگی کورد لە ئوسترالیا و نوێنەرایەتی حیزبی دێموکرات و کۆمیتەی حیزب لە ئوسترالیا، بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی شەهید کرانی ژینا ئەمینی کچە کوردی سەقزی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کاتژمێر ١٠ و نیوی بەیانی تا ١٢ و نیوی نێوەڕۆ لە یەکێک لە ساڵۆنەکانی پارلەمانی فێدراڵی ئوسترالیا بەڕێوە چوو.
ژینۆ کاردۆ بەرنامەکەی دەست پێکرد و ئامانج لە بەڕێوەبردنی سێمینارەکەی باس کرد و ئاماژەیەکی کورتی بە چونیەتیی دەستپێکردنی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرد کە بوو بە هۆی لێدانی چەخماغەی بزوتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و بناغەی کۆماری ئیسلامیی هێنایە لەرزین و بوو بە ڕاپەرینی سەرانسەری کە لەودا سەدان کەس لە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان بوونە قوربانی و ڕێژیم بە توندترین شێوە ئەو بزووتنەوەیەی سەرکوت کرد.
پاشان سەلاح پوورئەسەد نوێنەری حیزب لە ئوسترالیا سپاسی میوانداری سێناتۆر دەیڤید شوبریج و خاتوو جووڵی ئەن کەمپ بیڵ نوێنەری پارلەمانی فێدراڵی و بەشداری و ئاخافتنی سێناتۆر لیدیا ترۆپ و خاتوو ئەلیگڕا سپێندەر نوێنەری پارلەمانی فێدراڵی و نوێنەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و دەرەوە و ژمارەیەک کەسایەتی و پارلەمانتاری بەشداری ئەو سێمینارەی کرد.
هەروەها سپاس و پێزانینی خۆی بۆ بەشداریی بەڕێز کاک مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کرد کە بە ناردنی وتار بەشداریی ئەو سێمینارەی کرد و بەدڵ سپاسی ئەو حیزب و ڕێکخراوانەی کرد کە لەو سێمینارەدا بەشدار بوون.
سەرەتا بەڕێز کاک مستەفا هیجری لە وتارێکی پڕ ناوەڕۆکەکەیدا تێشکی خستە سەر دۆخی ئێستای ئێران و کوردستان و چونیەتی بنیادنانەوەی ئێرانێکی دێموکراتێک و فێدراڵ و چەند نەتەوە کە لەودا مافی گشت نەتەوەکان وەک یەک بەڕەسمی بناسرێ و چیدیکە حکوومەتی ناوەندگەرا لای نەتەوەکانی نیشتەجێی ئێران قەبووڵکراو نییە.

لە بەشێک لەم پەیامەدا هاتبوو:" هەڵبژاردنی هەر ستراتیژییەک بۆ گۆڕانی سیاسی لە ئێران دەبێ هەم لەسەر بنەمای هاوسەنگیی هەرێمە نەتەوەییەکان بێت و هەم بەگوێرەی ڕێککەوتن و دێموکڕاسییەکی تەوافوقی. بەم پێیە، ئامانجی کۆتایی هەر پرۆسەیەکی سیاسیی لە دواڕۆژدا، دەبێت چارەسەرکردنی پرسی گرینگی نەتەوەیی بێت. بە جۆرێک کە سەروەریی سیاسی و دەسەڵاتی یەکلایەنە لە ناوەندەوە هەڵبوەشێتەوە و، بەشداری و سەروەریی هاوبەشی هەموو نەتەوەکان مسۆگەر بکرێت."
لە درێژەی بەرنامەکەدا دوکتۆر کایڵی مۆڕ گاڵبریت کەسایەتیی سیاسی و ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئوسترالیا کە زیاتر لە ٨٠٠ ڕۆژی لە ئێران بەند کرابوو باسیە دۆخی ئێران و سەرکوتی بەردەوامی نەتەوەکانی ئێرانی کرد.
نامەی سیناتۆر پۆڵ سکار لە سێمینارەکەدا خوێندرایەوە کە بەهۆی سەفەرێکی کتوپڕی پارلەمانی نەیتۆانی ڕاستەوخۆ وەک ساڵانی پێشوو ئامادەی کۆبوونەوەکە بێ.
خاتوو ڕووناک ڕاد هاوکاری بەشی پەیوەندییەکانی حیزب و نوێنەری یەکیەتیی ژنان لە ئوسترالیا باسێکی گرینگی پێشکەش کرد.
هەروەها باوە ڕەزایی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئوسترالیا لە باسەکەیدا بە درێژە تیشکی خستە سەر دۆخی مافی مرۆڤ و گیروگرفتەکانی ناوخۆی ئێران.
لە درێژەی بەرنامەکەدا خاتوو جولی ئەن کەمپ بیڵ نوێنەری پارلەمان، سێناتۆر لیدا ترۆپ، ئاڕمان ڕەجەبی نوێنەری کۆمەڵەی زەحمەتکێشان، نوێنەری ڕێکخراوی موجاهدین، دوکتۆر شوکریە برادۆست، خاتوو ئەلێگرا سپیندەر و سێناتۆر دەیڤید شوبریج وتاریان پێشکەش کرد.
سێمینارەکە بە چەند پرسیار و وڵامێک لەلایەن بەشداران و میوانەکانەوە کۆتایی پێهات.