ڕۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥، لە کتێبخانەی ژنان لە شاری گڵاسگۆ، ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و دەسپێکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن ( Kurdish House Community )و دامەزراوەی( Forensic Archive of Iran) بەڕێوە چوو.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب دەستی پێکرد و لەلایەن خاتوو بەهارە حسەینزادە بە زمانی کوردی و ئینگلیزی بەخێرهاتنی میوانەکان کرا.
دواتر بابەتێک لەلایەن خاتوو بەهارە حسەینزادە لەژێر ناوی شۆڕشی ژینا و مافەکانی کورد بە زمانی ئینگلیزی پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.
دواتر خاتوو تانیا، کەسایەتی کورد لە شاری گڵاسگۆ بابەتێکی دەربارەی ژن و مافەکانی ژنان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.
دواتر خاتوو ڕۆمینا فرووهەر یەکێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو بۆنەیە و بەرپرسی ڕێکخراوی (Forensic Archive of Iran) بابەتێکی سەبارەت بە بارودۆخی ژنان لە کوردستان و ئێران پێشکەش کرد .
هەروەها باسی لە ڕۆژژمێرێکی تایبەت کرد کە خۆی دروستی کردبوو و لە ناویدا ئاماژە بە دامەزراندنی کۆماری کوردستان و ڕۆژی شەهیدکردنی قازی محەممەد و دوکتۆر قاسملوو و ڕۆژی شەهیدبوونی ژینا و زۆر ڕۆژی دیکەی گرنگ کرابوو.
پاشان شێعرێکی کوردی کە خاتوو بەهارە بۆ شەهیدبوونی ژینا ئەمینی نوسیبووی پێشکەش کرا.
دواتر ئامادەبووان بە داگیرساندنی مۆم و دانانی گوڵ لەسەر وێنەی ژینا ئەمینی و سروودی ئەی شەهیدان کۆتاییان بە بۆنەکە هێنا.