هەڤاڵانی حیزبی شیوعیی کوردستان!
تێکۆشەرانی خەبات لەپێناو ڕزگاری و یەکسانی!
هەواڵی کۆچی دوایی کاک کەماڵ شاکر، سکرتێری پێشووتری حیزبی شیوعیی کوردستان هەموومانی دڵگران و خەمبار کردووە.
بەڕێز کەماڵ شاکر کەسایەتیی سیاسی ناسراوی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان و بزووتنەوەی چەپ و یەکسانیخوازی لە عێراق بوو. بەڕێزیان لەپێناو ئامانجە بەرزەکانیدا ساڵانێک کەوتە زیندانی حکوومەتی بەعسەوە و لە تێکۆشانی سیاسیی خۆیدا شوێنپەنجەی دیاری بەسەر ڕووداوەکانەوە هەبوو.
کەسایەتیی نیشتمانپەروەر کەماڵ شاکر کە لە کابینەی یەکەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وەزیری تەندروستی بوو، دۆستی نیزیکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵات و حیزبی دێموکرات بوو.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی کۆچی دوایی کاک کەماڵ شاکر کە هەموو تەمەنی خۆی بۆ خەبات و تێكۆشانی گەلەكەی تەرخان كرد، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، كەسوكار و هاوڕێیان و هاوخەباتەکانی خوالێخۆشبوو لە حیزبی شیوعیی کوردستان دەکا.
بێگومان ناو و یادی کاک کەماڵ شاکر لە دڵی خەڵکی کوردستان و لە بزوتنەوەی نەتەوەیی و یەکسانیخوازیی کوردستاندا بە بەرزی و مەزنی دەمێنێتەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی پێوەندییەکان
١٨/٩/٢٠٢٦