بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، چەند هاووڵاتییەک لە کوردستان لەوانەش ژنێک لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون، لەسەر چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان “خۆڕاگری” ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی خەرمانان، هێزە سەرکوتکەرکانی ڕێژیم بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی و بەشێوەی توندوتیژانە هەڵیانکوتاوەتە سەر ئاوایی "کەسنەزان" سەر بە سەرشیوی سەقز و ژنێکیان بەناوی "ناهید کەسنەزانی" دەسبەسەر کردووە.
شایانی باسە هێزەکانی ڕێژیم دەستیان بەسەر کەرەستەی کەسیی ناوبراودا گرتووە و هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران، تۆمەتی وەپاڵدراو و شوێنی ڕاگیرانی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی خۆڕاگری، "محەممەد هەمزەزادە"، هاووڵاتیی خەڵكی شاری مەهاباد نزیکەی ١٠ ڕۆژە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کراوە و هەتا ئێستا چارەنووسی ناڕوونە.
لە ڕاپۆرتێکی دیکەدا، خۆڕاگری باسی لەوە کردووە کە ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی خەرمانان، هێزەکانی ڕێژیم، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی "ئەرکان ئەحمەدی"، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەریوان و بەشێوەیەکی دڕەندانە و بە بەکارهێنانی کردەوەی توندوتیژی دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.
هاوکات خۆڕاگری ڕایگەیاند کە "هەژیر یەعقووبی"، هاووڵاتیی خەڵکی قوروە، بەهۆی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیمەوە، سزای یەک ساڵ بەندکردن و ٣١ لێدانی قامچی بەسەردا سەپێندراوە.