کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی خۆپیشاندانێک لە ئۆسلۆ بەبۆنەی چوارەمین ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی "«ژن، ژیان، ئازادی"

13:05 - 30 خەرمانان 2726

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ی خەرمانانی ١٤٠٥، بە بانگەوازی هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، لە کاتژمێر ١٤:٠٠ تا ١٦:٠٠ی پاشنیوەڕۆ، لە گۆڕەپانی ترافیکانتەن  (Jernbanetorget 1) لە ناوەندی شاری ئۆسلۆ، پایتەختی وڵاتی نۆروێژ، چالاکییەکی جەماوەری بەبۆنەی چوارەمین ساڵوەگەڕی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» بەڕێوە چوو.
لەم خۆپیشاندانەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەشدار بوون و بە هەڵگرتنی وێنەی ژینا ئەمینی و ئاڵا و دروشمەکانی حیزب، دیمەنێکی بەرچاویان بە کۆبوونەوەکە بەخشی.

هەروەها ئەندامانی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان و ژمارەیەک لە هێزە سیاسییە ئێرانییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی نێو دەرەوەی وڵات بە شێوەیەکی بەرفراوان ئامادەبوون، کە ئەمەش نیشانەی ئاستێکی بەرزی هاودەنگی و هاوپێوەندی نێوان هێزە جیاوازەکان بوو.
بەرنامەی چالاکییەکە بە سروودی نەتەوایەتیی «ئەی ڕەقیب» و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» دەستی پێکرد. دواتر بە زمانەکانی کوردی و نۆرویژی بەخێرهاتنی بەشداربووان کرا و مەبەستی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە ڕوون کرایەوە.
لە درێژەی بەرنامەدا پەیامەکانی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بە هەر سێ زمانی کوردی، نۆرویژی و فارسی خوێندرانەوە.

هەروەها نوێنەرانی حیزبە نۆروێژییەکانی حیزبی سوور (ڕۆت)، حیزبی کرێکاری نۆرویژ (ئاربەیدەرپارتیەت) و حیزبی چەپی سۆسیالیست (ئێس ڤێ)، لەگەڵ ڕێکخراوی ژنانی بەرەی ژنان (کڤینەفرۆنتەن)، پەیامی پشتیوانییان پێشکەش کرد و جەختیان لە بەردەوامیی هاوپێوەندیی خەڵکی نۆروێژ لەگەڵ خەباتی گەلی کورد و گەلانی ئێران بۆ ئازادی و یەکسانی کردەوە. لەلایەکی دیکەوە، پەیامی سازمانی موجاهیدینی خەلق و حیزبی مەردومی بەلوچستان پێشکەش بە کۆبوونەوەکە کرا.
لە بەشی هونەریدا، هەر یەک لە هونەرمەندان شێرکۆ مەریوانی و هێدی قادری بە سروودی «ژن، ژیان، ئازادی»ی و چەند سروودێکی شۆڕشگێڕی دیکەی پێشکەش کرد. بەشداربووان بە زمانەکانی کوردی، نۆروێژی و فارسی دروشمیان بۆ پشتیوانیی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» و دژی سیاسەتەکانی سەرکوت و لەسێدارەدان لە ئێران بەرز کردەوە.
ئەم چالاکییە لەکاتێکدا بەڕێوە چوو کە هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، لە سپاسنامەیەکدا بەبۆنەی سەرکەوتنی مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان، مانگرتنەکەی بە «وڵامێکی بڕیاردەرانە و هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە و سەرکەوتووانە» ناو برد و ڕایگەیاند کە ئەم مانگرتنە لە بارودۆخێکدا سەرکەوتوو بوو کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەموو توانای سەربازی و ئەمنیی خۆی بۆ سەپاندنی فەزایەکی سەربازی لە شارەکانی کوردستان و هەڕەشە لە بازاڕییان بەکار هێنابوو. لەو بەیاننامەیەدا هاوپەیمانی جەختی کردووەتەوە کە پشتیوانی دەیان حیزب و لایەنی سیاسی، ڕێکخراوەکانی ژنان و دەزگا مەدەنییەکان لە ئاستی کوردستان و هەموو ئێران، هەروەها پەیوەستبوونی بەشێک لە زیندانیییانی سیاسی لە ڕێگەی مانگرتن لە خواردن، دەبێتە نرخێکی گرنگ بۆ کاری هاوبەش و هاوپێوەندی لە تێکۆشانمان دژ بە کۆماری ئیسلامی لە هەر دەرفەت و شوێنێکدا. کۆبوونەوەکە بە سپاس و پێزانین لە هەموو بەشداربووان و بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی خەبات تا وەدیهێنانی داواکارییە ڕەواکانی گەلانی ئێران کۆتایی هات.