کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کەماڵ کەریمی: مانگرتنی ٢١ی خەرمانانی ڕۆژهەڵات هاوکێشەی مووشەکەکانی قەڵای دێموکراتی پێچەوانە کردەوە

14:33 - 31 خەرمانان 2726

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: ١٧ی خەرمانان، ئەگەر لە مێژووی هاوچەرخی ڕۆژهەڵاتدا بە وەرچەرخانێکی ئەمنی و سەربازی هەژمار بکرێت، لە ناخی ئەو کەسانەی لە ناو هۆڵی پلینۆمەکەدا لە نێوان دووکەڵ، دار و پەردوو و خەڵتانی خوێندا ژیانەوە، داستانێکی پڕ لە خۆڕاگری و ڕاپەڕینەوەیە. لەم وتووێژەدا کاک کەماڵ کەریمی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات و شاهیدێکی زیندووی ئەو چرکەساتە سامناکانە، پەردە لەسەر لایەنە نادیارەکانی ئەو کارەساتە هەڵدەداتەوە. ناوبراو بە وردی جەخت لەوە دەکاتەوە کە چۆن ڕێژیم بە پیلانێکی داڕێژراو و لە ڕێگەی خیانەتکارانەوە ئامانجی سڕینەوەی جەستەیی ڕێبەریی حیزب بوو، بەڵام چۆن ئیرادەی ڕاپەڕیوی شاری کۆیە و وەڵامی ئاگرینی شەقامەکانی ڕۆژهەڵات، هاوکێشەکەیان پێچەوانە کردەوە. ئەم وتووێژە تەنیا گێڕانەوەی ڕووداوێک نییە، بەڵکوو خوێندنەوەیەکی قووڵە بۆ وانە ئەمنی و سیاسییەکانی حیزبێک کە لە نێو ئاگر و مووشەکدا، دووبارە خۆی داڕشتەوە.

لە کۆبوونەوەی پلینۆمدا، کاتێک دەنگی تەقینەوەکە هۆڵەکەی داگرت و هەمووان لە نێوان مان و نەماندابوون، یەکەم وێنە یا بڕیارێک کە لە مێشکتاندا خێرا بووەوە چی بوو؟ لەم ساتە سەختەی ناو دووکەڵ و وێرانییەکەدا، چۆن توانای خۆتان و هاوڕێکانتان کۆکردەوە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی مەیدانەکە بکەن و کارەساتەکە قووڵتر نەبێتەوە؟

سپاس بۆ ڕۆژنامەی «کوردستان» و زەحمەتی ئێوەش بۆ یادکردنەوەی کارەساتی زیانباری ١٧ی خەرمانان. لە ڕاستیدا لەوانەیە ئاسان نەبێت بتوانم بە قسە ئەو هەستە دەروونییە دەرببڕم کە لەو چرکەساتەدا تووشی بووم. پێشتر ناوەندی ئەمنییەتی حیزب ئاگادار بوو لەوەی کە مەترسیی هێرش بۆ سەر حیزب هەیە. بەپێی ئەزموون لە شێوازەکانی هێرشی ڕێژیم، لە دەرەوە و دەوروبەرمان ڕێوشوێنی پاراستن ڕەچاو کرابوو، بەڵام لە هۆڵێکی داپۆشراودا و سەرقاڵی باس لەسەر ئەرک و بەرپرسیارەتیی ڕێبەریی حیزب بووین کە کتوپڕ دەنگێکی سامناکی چاوەڕواننەکراو هات و دار و پەردوو بەسەر هاوڕێیاندا دەباری؛ هەستم کرد شتێک گەورەتر لەوەیە کە چاوەڕوان دەکرا. مووشەکبارانێک کە کەس بیری لێ نەدەکردەوە، ئەویش بەو شێوازە! بە دەنگی یەکەم نەماندەزانی چی ڕووی داوە. کاتێک زانیمان لەژێر بارانی مووشەکەکانی ڕێژیمداین و هاتینە دەرەوە، زانیمان لە ناو قەڵادا زۆر کەس لە هاوڕێیانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگە شەهید بوون و ژمارەیەکیش بریندار بوون. هەروەها زانیمان لە فێرگەش دوو هاوڕێی کادری حیزب شەهید بوون، کە سەرجەم بوونە ١٦ شەهید و دەیان کەسیش کە ژن و منداڵیشیان تێدا بوو، بریندار بوون.

لەو کاتەدا تەنیا شتێک کە دەتوانی بیری لێ بکەیتەوە، خۆڕاگری و لەسەر پێ بوونە. کاتێک لە نێو کەسانێکدا خۆت دەبینیتەوە کە سەرەڕای سامناکیی ئەو جینایەتە و لە نێو وێرانی و دیتنی ئەو هەموو قوربانییەدا پێشمەرگانە خەم لە چارەسەر دەخۆن و بە ورەبەرزی و ئەرک‌وەخۆگرییەوە لە دەوروبەرت دەمێننەوە، دەبێ بە شێوەیەکی کاتی خەمەکان لەبیر بکەیت. بیری خۆڕێکخستنەوەیەکی نوێ، هەناسەیەکی تازەت وەبەر دێنێتەوە. ئەمە لەگەڵ ناخۆشییەکانی کارەساتەکەدا، دڵخۆشییەکی گەورە بوو. ئەمە ئەو ساتانە بوو کە لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەی لەوێ بوون بیرمان دەکردەوە دەبێ چی بکەین. لە پاراستنی قەڵا و ئۆرگانەکان و کەلوپەلە پێویستەکانەوە تا ئاگاداربوون لە حاڵی بریندارەکان و پێڕاگەیشتن بە ڕاگەیاندنەکان، ئەرکی ئەو هاوڕێیانە بوو کە لە قەڵا کۆ ببوونەوە و هەر کەس و گرووپێک بە ئەرکێک ڕادەسپێردرا.

پێکان و وردبینیی ئەو هێرشە دەریخست کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ڕێگەی دوو سیخوڕەوە ئامێری GPSی لە شوێنی کۆبوونەوەکە جێگیر کردووە؛ حیزب چۆن پەردەی لەسەر شێوازی دزەکردن و خیانەتی ئەو دوو کەسە هەڵدایەوە و کەشفبوونی ئەم درزە ئەمنییەتییە چ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیستەمی پاراستنی حیزبدا دروست کرد؟

لە ڕاستیدا کاتێکی زۆری برد تا توانرا ئەو خائینانە دەستبەسەر بکرێن. هەر زوو هەست بەوە کرا کە ئەو دوو خائینە دەستیان لەو کارەدا هەیە و بە جۆرێک هاتووچۆ و هەڵسوکەوتیان لەژێر چاوەدێریی هاوڕێیانی کۆمیتەی ئەمنییەتدا بوو؛ ئەوان دڵنیا بوون لە بەشداریی ئەو دوو کەسە لەو خیانەتەدا. بەڵام بۆ ئەوەی بەڵگەی حاشاهەڵنەگر دەست کەوێت کە نەتوانن حاشای لێ بکەن، لە ڕێگەی جۆراوجۆر و کۆنتڕۆڵکردنی هاتووچۆ و پەیوەندییەکانیانەوە بۆ دۆزینەوەی سەرەداوی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیم کەڵک وەرگیرا؛ دوای بەدەستهێنانی کۆمەڵێک بەڵگە و دڵنیابوون لە خیانەتەکەیان، دەستبەسەر کران.

لە سیستەمی پاراستنی حیزبدا پێشتر بەهۆی شێوازی پیلانەکانی ڕێژیمەوە، زیاتر سەرنج لەسەر دەوروبەری شوێنی پێشمەرگە و بنکەکانی حیزب بوو. بەڵام ئەم ڕووداوە وای کرد کە لە پاڵ ئەوەدا بیر لە شێوازی نوێی بەرەوڕووبوونەوە و پووچەڵکردنەوەی پیلانەکان بکرێتەوە و وردتر بڕواننە هەموو ڕەوت و جووڵەکانی ڕێژیم لە دژی حیزب، لە دوور و لە نزیکەوە.

لەم ڕووداوەدا ژمارەیەک لە بەئەزموونترین کادر و ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزب شەهید بوون؛ وەک کەسێک کە لە نزیکەوە شاهیدی ئەو لەدەستدانە بوون، ئەم ڕووداوە تا چەند کاریگەری لەسەر بەتاڵبوونی درێژخایەنی ناوەندی بڕیاردان و گواستنەوەی ئەزموون بۆ نەوەی نوێی حیزب بەجێهێشت؟

ئەوەی جێی خۆشحاڵییە، لە حیزبی دێموکراتدا ئێمە هەمیشە شاهیدی بوونی بڕوا و پەروەردەیەکی شۆڕشگێڕانە بووین. حیزبی دێموکرات بەوەوە ناسراوە کە لە هەلومەرجە سەختەکاندا لەسەرپێ وەستاوە و چۆکی دانەداوە. ڕاستە لەو ڕووداوە تاڵەدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب شەهید بوون و جێگەی بەتاڵیان لە کار و بەڕێوەبەریدا دیار بوو، بەڵام ئەو هەستە شۆڕشگێڕییەی لە باقیی ئەندامانی ڕێبەری و کادر و پێشمەرگەکاندا بەدی دەکرا، ئەو بەتاڵایییەی کەمڕەنگ کردبووەوە. ئەوەی من بەبیرم بێت، هەر لە ساتەکانی دوای مووشەکباران و ڕۆژانی دواتر، ئەو جموجووڵەی لە حیزبدا دەبینرا کەم‌وێنە بوو. هەستت دەکرد سەرەتای شۆڕشێکی نوێیە و بۆ هەر ئەرکێک کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب ئامادە بوون. بەڵام ئاسان نەبوو لەو هەلومەرجەدا کە نیوەی ئەندامانی ڕێبەری شەهید و بریندار ببوون، هەست بە قورساییی ئەرکەکان نەکرێت. لەژێر ئەو بارە قورسەدا، بەخۆشییەوە زۆری نەبرد ڕێبەریی حیزب توانی بەرپرسیارەتی و جێگەی خاڵیی هاوڕێیانی شەهیدمان لە ئۆرگانەکانی حیزبدا پڕ بکاتەوە و درێژە بە بەڕێوەبردنی ئەرکەکان بدرێت. دواتریش لە کۆنگرەدا جێگەی ئەوان ئەسپێردرا بە کۆمەڵێک لەو کادرە گەنجانەی کە ساڵانێک بوو لەگەڵ هاوڕێیانی شەهیدیان کاریان کردبوو و لە نزیکەوە لێزانی و چۆنیەتیی ئەرکی بەڕێوەبەرییان لەگەڵیان ئەزموون کردبوو.

ئێران لەو هێرشەدا بۆ یەکەم جار بە ئاشکرا مووشەکی دوورهاوێژی بەکارهێنا بۆ سەپاندنی هاوکێشەیەکی نوێی سەربازی. بە بڕوای ئێوە، ئایا ئامانجی تاران تەنیا لێدانی فیزیکی بوو یا دەیویست جۆرێک لە تۆقاندنی ستراتیژیک بەسەر خەباتی ڕۆژهەڵاتدا بسەپێنێت؟ حیزب چۆن ئەو هاوکێشەیەی بەرپەرچ دایەوە؟

لەو پەیوەندییەدا زۆر شت هەیە باس بکرێت و زۆر پرسیاریش هەبوو. بەدوور لە هەموو ئەو باسانە، ئەوەی ڕاستی بێت و ئێمە زانیاریمان لەسەری هەبوو، هێرشێکی ئامانجدارانە و بەرنامەداڕێژراوی ڕێژیم بوو کە ئەو ڕۆژە ئەنجامی دا. ئەوەی کە ئەو جۆرە مووشەکە دووربڕ و خاڵپێکەی بەکارهێنا کە پێشتر لە هیچ شوێنێک تاقی نەکرابووەوە، پرسیاری زۆری لەسەر بوو. بەڵام ئامانجی هێرشەکەی ڕێژیم دەریخست کە تەنیا بۆ تاقیکردنەوەی مووشەکەکانیان نەبووە، بەڵکوو بۆ دڵنیابوونیان بووە لە پێکانی ئامانجەکەیان؛ هەروەک دیتمان بە باشی شوێنی مەبەستیان پێکا. ئەگەر ئاوڕێک لە ماڵپەڕ و پەیجەکانی سوپای پاسداران بدەینەوە و تەنانەت لانی کەم بۆ جارێک لە دەنگ و ڕەنگی ئێران، فەرماندەکانی سوپا ماوەیەک بەر لەو هێرشە تاوانکارییە، هەڕەشەیان لە حیزبی دێموکرات دەکرد و بە ئاشکرا دەیانگوت ئێمە لە سەری سەرکردایەتییەکەیان دەدەین و ئەو کارەشیان کرد. خۆ ئەگەر ئەو جۆرەی ویستیان بوو نەیانتوانی بە ئامانجەکەیان - کە وەک خۆیان دواتر گوتیان لەناوبردنی تەواوی سەرکردایەتیی حیزب بوو - بگەن، بەڵام توانییان هەم تاقیکردنەوەکەیان بکەن و هەم بە بەشێک لە ئامانجەکەیان بگەن.

دیارە لە ڕووی سەربازییەوە خۆدەرخستنێکی نوێ بوو، نەک تەنیا بۆ حیزب و بزووتنەوەی چەکداریی کوردستان، بەڵکوو بۆ ئەو لایەنە دەرەکییانەش کە ساڵانێکە کۆماری ئیسلامی کێشەی لەگەڵیان هەیە و هەڕەشە لە یەکتر دەکەن، کە ئاکامەکەی دوو شەڕی یەک ساڵی ڕابردوو بوو لە ئێران و ناوچەکەدا. سەبارەت بە کێشەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، حیزبی دێموکرات کە ئاساییە توانای سەربازیی لە شەڕی مووشەکیدا نەبێت، ئەوەی هەیە توانا و بەرهەڵستکاریی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە پشتیوانیی حیزبی دێموکراتدا، گۆڕان بەسەر هاوکێشەکان لە نێوخۆدا دێنێت. هەروەک دیتمان تەنیا چەند ڕۆژ دواتر و بەدوای پەیامی کاک خالیدی عەزیزی کە دوای مووشەکبارانی قەڵا ڕایگەیاند ئێمە لە شەقامەکانی ڕۆژهەڵات وەڵامی کۆماری ئیسلامی دەدەینەوە، مانگرتنێکی سەرتاسەریی سەرکەوتوو لە شارەکانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی تووشی شۆک کرد و دانیان پێدا نا کە دوای ئەو مووشەکبارانە چاوەڕوانی شتێکی وامان لە هەڵوێستی خەڵکی ڕۆژهەڵات نەدەکرد. ئەوان پێیان وابوو بەو تاوانە و ئەو زەبرەی لە حیزبیان داوە خەڵک دەتاسێنن، کە پێچەوانەکەیان دیت.

بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی کۆماری ئیسلامی کە پێی وابوو حیزب تووشی ئیفلیجبوونی ڕێکخراوەیی دەبێت، ڕۆژانی دوای ١٧ی خەرمانان شوێنەواری سیاسی و دەروونیی ئەم ڕووداوە لەسەر خەڵکی ڕۆژهەڵات و ورەی پێشمەرگە چۆن ڕەنگی دایەوە؟

بە دیتنی خۆم ئەو مووشەکبارانەی کە زیانی گیانیی زۆری بە ئێمە گەیاند، نەتەنیا نەبووە هۆی دابەزینی ورەی پێشمەرگە، بەپێچەوانەوە وەک پێشتریش باسم کرد ڕۆحی شۆڕشگێڕی لە بیر و زەینی تاک‌تاکی ئەندامان و پێشمەرگەکانی حیزبدا گەشەی سەند. لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی کارکردن و ئەرک‌وەئەستۆگری لە بوونی هەموواندا دەبینرا. لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش نەک تەنیا بە مانگرتن، بەڵکوو بە شێوازی جۆراوجۆری چالاکییەکانیان بوونی خۆیان بۆ جارێکی دیکە سەلماند.

باشە باس لەوە بکەین کە چوار ساڵ دواتر و بەدوای شەهیدکردنی ژینای بێتاواندا چۆن ئەو ڕقە پەنگخواردووەی خەڵک بە ڕووی ڕێژیمدا تەقییەوە و جگە لە کوردستان هەموو ئێرانیشی گرتەوە؛ ئەو خەڵکە شۆڕشگێڕە بەم شێوازە بە ڕێژیمیان سەلماند کە هیچ جینایەتێک ئەو نەتەوەیە لێک دانابڕێت و هەروەک حیزبی دێموکرات گوتوویەتی: «مەیدانی ڕاستەقینەی خەباتی ئێمە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە»، ئەوان لەو مەیدانەدا سەربەرزانە دەمێننەوە.

دوای تێپەڕبوونی ساڵانێک بەسەر ئەو جینایەتەدا، کاتێک وەک شاهیدێکی زیندووی ناو هۆڵی پلینۆمەکە ئاوڕ لە ١٧ی خەرمانان دەدەنەوە، گرنگترین وانەی سیاسی، ئەمنی و فەرماندەیی کە حیزبی دێموکرات لەو تاقیکردنەوە سەختەوە وەریگرت چی بوو؟

ئەگەر لە سیاسەت بدوێین، دەبێ ئەو ڕاستییە لەبیر نەکەین کە حیزبی دێموکرات لە کاتی دامەزرانییەوە بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد، بووەتە نوێنگەی بیری ڕێکخراوی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ بیرکردنەوەیەک کە ڕێژیمەکانی پاشایەتی و ئیسلامی، سەرەڕای هەموو تاوانێک کە دەرهەق بەو نەتەوەیە لە ٨٠ ساڵی ڕابردوودا کردوویانە، نەیانتوانیوە لە مێشکی خەڵک دووری بخەنەوە. بەپێچەوانەوە، ساڵ بە ساڵ ئەم بیرکردنەوەیە وەک بیرێکی نەتەوەیی و نیشتمانی و بە شێوازێکی زانستییانەتر خۆی نوێ کردووەتەوە و خەڵکێکی زیاتری لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی پێ گۆش کراوە.

لەو ماوەیەدا حیزبی دێموکرات، وەک ئاڵاهەڵگری ئەم بیرە نەتەوەیییە، توانیویەتی سوکانی ڕێبەری لە هەناوی بزووتنەوەی کورددا بەدەستەوە بگرێت. لەم پێناوەدا و لە قۆناغە جۆراوجۆرەکاندا، لاوان و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی لە ڕیزەکانی خۆیدا پەروەردە کردووە. بەم جۆرە و بە پشتیوانیی خەڵکی ڕۆژهەڵات، حیزبی دێموکرات وەک هێزێک سەیر دەکرێت کە دەتوانێت کاریگەریی لەسەر گۆڕانکارییەکان هەبێت؛ دژایەتیی توندی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیش دەبێ لەم سۆنگەیەوە سەیر بکرێت.

کاتێک لە ١٧ی خەرمانانەوە چاو لەو مەبەستە بکەین، بۆمان دەردەکەوێت کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەچۆکداهێنانی خەڵک و لاوازکردنی حیزب، جیاواز لە پەلاماری هەمەلایەنە بۆ سەر تێکۆشەرانی گەلەکەمان، پەلاماری ڕێبەرانی حیزب دەدات؛ لە شەهیدکردنی دوکتور قاسملووەوە هەتا دوکتور شەرەفکەندی و هەتا دواتریش. بۆیە دەبێ بە وردبینی و تێگەیشتنێکی قووڵترەوە لە ڕوانینی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر بە بزووتنەوەی کورد و حیزبی دێموکرات بڕوانین. لەو جۆرە ڕوانینەدا هیچ شوێنێک بۆ بیرکردنەوە لە مەسەلەی کورد و چارەسەری کێشە سیاسی و نەتەوەییەکانی نییە، بەڵکوو ئەوان تەنیا بیر لە ئەمنییەتیکردنی زیاتری کوردستان، سەرکوت و بەرەبەرە ئاسیمیلاسیۆنکردنی کوردستان دەکەنەوە. لێرەوە پێویستە وردبینییەکی زیاتر لە داڕشتنی سیاسەت و شێوازی خەبات و ڕووبەڕووبوونەوە لە بەرامەر کۆماری ئیسلامیدا بکرێت بۆ بەرپەرچدانەوەی هەموو پیلانەکانیان لە دژی حیزب و نەتەوەکەمان.

لە بواری ئەمنییەت و پاراستنی حیزبیشدا ئەوەی بۆمان دەرکەوتووە، ڕێژیم لە هەموو شێوازێک کە پێوەندیی بە بەرنامە تێرۆریستییەکانییەوە هەیە کەڵک وەردەگرێت؛ لە کاری سیخوڕی و تێرۆرەوە بگرە تا بۆمبنانەوە و مووشەکبارانکردن و هەر کارێکی دیکە کە بۆی بێتە ئاراوە. ئەم کارانە لە بنکەی جیاوازەوە لە دوور و نزیکەوە چاوەدێری و ئاراستە دەکرێن. ئەمەش سەلماندی کە حیزبیش پێویستە لە هەموو شوێنێک چاوەدێرییان بکات. پێداچوونەوە بە ڕابردووی ئەو کەسانەی پێوەندی بە حیزبەوە دەکەن و لە کار و چالاکییەکاندا بەشدارن، خاڵێکی گرنگە بۆ ناسینی باشتری ئەو کەسانەی کە لەوانەیە لەلایەن ڕێژیمەوە ئەرکدار کرابن. بەگشتی، دەبێ لە بازنەیەکی بەربڵاوتردا گرنگی بە پاراستن و ئەمنییەتی حیزب بدرێت.