ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٥، کانی جەهانگیری نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە فەرانسە، کۆبوونەوەیەکی بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی ئێستای ئێران و بە تایبەت بارودۆخی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ پارلەمانتاری فەرەنسی، "ئەنسۆمیز ئارنۆ سانت مارتن" لە ئەنجۆمەنی نیشتمانی فەرانسە پێک هێنا.
لەم دیدارەدا، نوێنەری حیزبی دێموکرات باسێکی لەسەر بارودۆخی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاکامی توندوتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی بەرانبەر بە کورد و نەتەوە ژێردەستەکان لە ئێراندا کرد. هەروەها باس لە دۆخی ئێکۆنۆمی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێراندا کرا.
لە درێژەی کۆبوونەوەکەدا نوێنەری حیزب باسی لەسەر دۆخی کەمپەکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان کرد و زانیاریی وردی لەسەر ژمارەی هێرشە دڕۆنی و مووشەکییەکانی ئێران بۆ سەر کەمپەکان بەو پارلەمانتارە گەیاند.
لە کۆتایی ئەو دیدارەدا، پارلەمانتار "ئارنۆ سانت مارتن" پشتیوانیی خۆی بۆ گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەربڕی و خۆشحاڵیی خۆی لەم دانیشتنە ڕاگەیاند و داوای کرد کە لە پەیوەندی بەردەوامدا بن و هەوڵ دەدا کە لەسەر سۆشیاڵ میدیای خۆی، دەنگی کوردی ڕۆژهەڵات بێ و خەمخۆریی خۆی بۆ گەلی کورد دەربڕێ.