کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گوشار بۆ سەر بنەماڵەی ژینا ئەمینی ئەوان پتر خۆشەویستتر دەکات

19:36 - 1 رەزبەر 2726

مستەفا مەولوودی

٢٥ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی خەڵکی کوردستان بە پیر بانگەوازی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتن، مانگرتنێک کە زۆر ڕێکخراو، کەسایەتیی سیاسی و چالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی پشتیان گرتبوو و ئەم مانگرتنەش کە لە چوارەمین تاڵیادی کوشتنی ژینا ئەمینیدا و بۆ بەرزنرخاندنی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» بەڕێوە چوو؛ جارێکی دیکە زیندوویەتیی بزووتنەوەی سیاسیی کوردی پێشان دایەوە.

دوای بەڕێوەچوونی ئەو مانگرتنە، کاک ئەمجەد ئەمینی (باوکی ژینا) پەیامێکی ئەمەگناسیی سەبارەت بە بەشداریی زۆر و هەراوی خەڵکی کوردستان لەو مانگرتنەدا و هاوخەمیی خەڵک و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران بەبۆنەی ساڵوەگەڕی شەهیدبوونی ژینا بڵاو کردەوە. کاک ئەمجەد لە پەیامەکەیدا سپاس و پێزانینی بنەماڵەکەی بۆ پاڵپشتیی خەڵکی کوردستان بۆ یادکردنەوەی ژینای جگەرگۆشەیان دەربڕی و جارێکی دیکە تاوانی کوشتنی ژینا و هەزاران تاوانی دیکەی کۆماری ئیسلامیی مەحکووم کردەوە.

دوای ئەو پەیامە کورت و مانادارەی کاک ئەمجەد ئەمینی، لە هەژمارەکانی ڕێژیم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەروەها نەیارانی کورد کە بەناو ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامییشن، بە دەمارگرژیی لەڕادەبەدەر و بەزاندنی سنوورە ئەخلاقی و مرۆییەکان بێڕێزییەکی زۆریان بەو بنەماڵە بەڕێزە کرد؛ بۆ؟ چونکی وەک ئەوان دەڵێن گۆیا کاک ئەمجەد لە هێمای «تەجزیەتەڵەبی» کەڵکی وەرگرتووە.

بەڵام باسەکە چییە؟ چەند ڕۆژ پێش ٢٥ی خەرمانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا و بە زمانەکانی کوردی و فارسی کە خەڵک بەرەوپیری ئەو یادە دەچوون و وێنە و پۆستێری ژینا بە زۆری بڵاو دەکرایەوە؛ لە یەکێک لە پۆستێرەکاندا، ئاڵای کوردستان لەسەر شانی ژینا دانراوە و بنەماڵەی شەهید ژینا بۆ بابەتێک کەڵکیان لەو پۆستێرە وەرگرتووە و بڵاویان کردووەتەوە. سەبارەت بەوەش کۆمەڵێک تۆمەتی بێبنەمایان داوەتە پاڵیان و دواتر لە هیچ بێڕێزییەک دەرحەق بەو بنەماڵە بەڕێزە دەستیان نەپاراستووە.

ئەو هێرشە دژەمرۆیی و شۆڤێنیستانەیە، ئەوەی وەبیر هێنامەوە کاتێک بەڕێز عوسمان بایدەمیر لە پارلەمانی تورکیادا ناوی کوردستانی هێنا، هێندێک لە پارلەمانتارە ڕەگەزپەرستەکانی تورک بەگژیدا چوونەوە و پرسیاریان لێ کرد: کوا کوردستان؟ شوێنێک نییە بە ناوی کوردستان! بایدەمیریش زۆر جوامێرانە دەستی لەسەر دڵی دانا و گوتی: «ئەوەتا کوردستان، کوردستان لە دڵی مندایە».

جارێ پێش هەموو شتێک پێمخۆشە دەستخۆشی بەو کەسە بڵێم ئەو پۆستێرەی دیزاین کردووە و پێزانینم بۆی هەیە؛ پاشان سپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی شەهید ژینا ئەمینی دەکەم بۆ هەڵبژاردنی ئەو پۆستێرە مانادارە کە لە کاتی گونجاودا بڵاویان کردەوە. لەسەر ئەو باوەڕەم ئەو پۆستێرە و ئەو وێنەیە، جوانترین و پڕماناترین وێنە بوو لە نێو کۆی ئەو وێنە و پۆستێرانەی لە شەهید ژینام دیتوون. با دوژمن و نەیارانی کورد بزانن کوردستان لە دڵی هەر کوردێکدا هەیە؛ هەروەها بە شانازییەوە دەتوانم بڵێم زۆربەی نزیک بە تەواوی گەلی کورد، ئەگەر بۆی بڕەخسێت، ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر سەر و شانیان دادەنێن و بە شکۆ و شانازییەوە بەرزی دەکەنەوە هەتا بشەکێتەوە.

دوژمنایەتیی نەیارانی کورد لەگەڵ بنەماڵەی شەهید ژینا ئەمینی کە ئێستا ڕەمزی خەبات و تێکۆشانی بزووتنەوەی سیاسی - کۆمەڵایەتیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن نابێ بۆ خەڵکی کوردستان نامۆ بێ؛ چونکی سیاسەتی حکوومەتە ناوەندگەراکانی تاران نزیک بە سەدەیەکە بە شێوەی ڕۆژانە، هەر جار لە گۆشەیەکی ئەو خاکەدا ڕق و قینی نەفرەتیی خۆیان بەسەر کورددا دەڕێژن. تەنیا جیاوازییەک کە کوشتنی بەئەنقەستی ژینا لە ژیناکانی پێش خۆی جیا دەکاتەوە، کۆمەڵێک تایبەتمەندیی نوێ و جیاواز لە هەڵوێستی هەراوی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرانبەر بەو تاوانە بوو. بەو مانایە کە کەڵەکەبوونی تاوان و جینایەتەکانی ڕێژیم لە کوردستان بە کوشتنی بەئەنقەستی ژینا ئەمینی گەیشتە لووتکە و تووڕەییی لەڕادەبەدەر و پەنگخواردووی کۆمەڵگە، گەیشتە ئاستی تەقینەوە. لەڕاستیدا کۆمەڵێک تایبەتمەندی، بوونە هەوێنی چەخماخەی یەکێک لە بەربڵاوترین بزووتنەوەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سەردەم، بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی».

ئەم بزووتنەوەیە کە بە ڕچەشکێنی و پێشەنگایەتیی ژنان وەڕێ خرا، یەکگرتوویی، هاوخەباتی و هاوخەمییەکی گەورەی لە ئاستی ئێراندا دروست کرد کە زۆری نەخایاند سنووری جوغرافیای ئێرانی بڕی. ئەم بزووتنەوەیە هەروەها گۆڕانی بنەڕەتیی لە خواستی خەڵکدا دروست کرد و دروشمی ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەبێ ترس و بەڕاشکاوی لە زۆربەی شارەکانی ئێران بەتایبەتی کوردستان بەرز کرایەوە. خەڵک، ترسیان لە ڕێژیم شکابوو و بزووتنەوەکە شێوەی جۆراوجۆری بە خۆیەوە گرتبوو و ڕێژیم لە کۆنترۆڵکردنی وەزعەکەدا دامابوو، بۆیە ئەو بزووتنەوەیە زۆرترین پانتایی ئێرانی داگرت و زیاتر لە سەد ڕۆژی خایاند.

ئەو بزووتنەوەیە ئەگەرچی بەتوندی سەرکوت کرا و تێچووی مرۆییی زۆری بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەبوو، بەڵام شوێندانەریی زۆری لەسەر ڕەوتی مافخوازیی کورد لە ئێران دانا و بەتەواوی شان و شکۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی شکاند. دواتریش سیاسەتەکانی ڕێژیمی لە هەمبەر حیجابی زۆرەملێ تووشی هەرەسهێنان کرد و ئێمە ئێستا ئەو داڕمانە ئایدۆلۆژییەی کۆماری ئیسلامی بە ڕوخسار و سیمای شارەکانی ئێرانەوە دەبینین.

کۆتا قسە:
گرنگترین کاریگەریی بزووتنەوەی ژینا «ژن، ژیان، ئازادی» ڕاپۆرتی «کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئێران» و ڕاپۆرتە تایبەتەکەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بوو کە بەڕاشکاوی ڕایانگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرپرسیاری کوشتنی بەئەنقەستی ژینا ئەمینییە؛ هەروەها بێوێنەترین هەڵوێستی ئەم ڕێکخراوەیە لە بەرامەر ئێران بوو کە سەرکوتی خۆپێشاندەران و مافخوازانی سەرشەقام بەتایبەتی ژنان و کچانی بە «بەرجەستەبوونی تاوان دژی مرۆڤایەتی» ناو برد و کۆمەڵێک نموونەیان هێناوەتەوە کە لە چوارچێوەی تاوانی دژی مرۆڤایەتیدا جێگە دەگرن. ئەم ڕاپۆرتانە بەتایبەت سەرنجیان خستووەتە سەر کوردستان و بەلووچستان. ئەو کۆمیتەیە تا ئێستا دەیان هەزار بەڵگەی ئامادە کردووە تا بەپێی بنەمای دەسەڵاتی دادوەریی گەردوونی بۆ دادگاییکردنی نێودەوڵەتیی فەرمانبەران و ئەنجامدەرانی سەرکوتکاری کەڵکیان لێ وەرگیرێ. ئەوەش هۆکاری ئەوەیە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێندێک لە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکان، ئەوەندە لە بزووتنەوەی ژینا و بنەماڵەی بەڕێز، خۆشەویست و خۆڕاگری ژینا ئەمینی تووڕە بن. بەڵام شک لەوەدا نییە چەندی گوشار لەسەر بنەماڵەی ژینا ئەمینی و بێڕێزییەکان بەو بنەماڵە خەباتکارە زیاتر بن، ئەو بنەماڵەیە زیاتر لەلای خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان خۆشەویستتر دەبن.