کاتژمێر ٢ و ٢٠ خولەکی نیوەشەوی پێنجشەممە ٢ی ڕەزبەر، کۆماری ئیسلامی بە سێ دڕۆن هێرشی کردە سەر ماڵێک لە شاری سۆران.
کۆماری ئیسلامی ماڵی کەسێکی لەنێو شاری سۆران بە گومانی ئەوەی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی تێدان، دڕۆنباران کردووە.
ئەم هێرشە نوێیەی کۆماری ئیسلامی لەکاتێکدایە کە هەر دوێنێ، مەسعوود پزیشکییان، سەرۆکۆماری ئەم ڕیژیمە لە هەشتاویەکەمین دانیشتنی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، وتی: ئێران تێرۆریست نییە، قوربانیی تێرۆریزمە!
هەر لەو دانیشتنەدا، بەرپرسی شۆرای یەکیەتیی ئورووپا، ئانتۆنیۆ کۆستا، داوای لە کۆماری ئیسلامی کرد کە هێرشەکان بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ کۆتایی پێ بێنێت.
ئەمە لەکاتێکدایە کە چەند کاتژمێر دواتر، کۆماری ئیسلامی بە دڕۆن هێرش دەکاتە سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەزاندنی سەرەوەریی وڵاتانی دراوسێ، خەڵکی سێڤیلیش دەکاتە ئامانج.
شایانی باسە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەستپێکی شەڕ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هەتا ئێستا بە زیاتر لە ١٦٠ مووشەک و دڕۆن کەمپی بنەماڵەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بنکە دەرمانی و پەروەردەییەکانی ئەم حیزبەی بە ئامانج گرتووە.