
ناسر ساڵحی ئەسڵ
هەموو ساڵێک لە سەرەتای وەرزی پاییز و یەکی ڕەزبەردا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا، مزگێنیهێنەری ژیانەوە و ئیلهامبەخشی گۆڕان و فێرخوازی، سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە ژیانی قوتابییان، خوێندکاران و کۆمەڵگە بەگشتی دەردەخات. بۆیە یەکەم ڕۆژی پاییز لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هێمای جموجۆڵی قوتابی و خوێندکارانە کە لەوێدا ساڵی نوێی خوێندن دەست پێ دەکەن. بە کرانەوەی قوتابخانەکان و زانکۆکان، هیوا و داهاتوویەکی گەش بۆ قوتابی و خوێندکار بونیاد دەنرێت تا ناودارانی دواڕۆژی نیشتمان پێک بێنن. بۆیە پێویستە داهاتووی قوتابی و خوێندکار لە هەر پرسێک لە پێشتر بێت و هەر جۆرە ڕیفۆرم و ئاڵوگۆڕێک لە سیستەمی پەروەردە و بارهێنان و خوێندنی باڵادا، لە قازانج و بەرژەوەندیی ئەواندا ڕەنگ بداتەوە؛ چونکە پەروەردە و بارهێنان مێژووی بە بارستایی مرۆڤایەتی و هەروەها بە بارستایی ژیان و وەدیهاتنی گۆی زەوییە. ئەگەر لەم بوارەدا ڕوانگەی مامۆستایان و شارەزایانی بواری پەروەردە و بارهێنان تاوتوێ و لێکدانەوەی بۆ بکەین، هەموویان کۆکن لەسەر ڕۆڵی بەنرخ، بەها و پێگەی گرینگی پەروەردە لە کۆمەڵگەدا. پەروەردە و بارهێنان لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا ڕۆڵێکی بەرچاو و کاریگەری لە ئاستی ڕاستەقینەی خۆیدا هەیە. بۆیە ڕۆڵ و نەخشی مامۆستا و پەروەردە لە سیستەمە دێموکراتیکەکاندا لە ئاستی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ژینگەیی و هتد بە باشی لەبەرچاو گیراوە.
بەڵام ڕێوڕەسمی کرانەوەی قوتابخانەکان و زانکۆکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتێکدا بەڕێوە دەچێت، کە پاش هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کاربەدەستە باڵا سیاسی، نیزامی و ئەمنییەکان، و کارگە، سەربازگە، بنکە ئەتۆمییەکان و کۆگاکانی مووشەک و درۆنی ڕێژیم، کەشوهەوای ناسالمی دەسەڵاتداریی تۆتالیتار، نیزامی و ئەمنییەتی هێندەی دیکە بەسەر پەروەردە و بارهێنان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵ دەبێت. لە ئاکامی ئەم دۆخەدا، گرفتەکانی ژیان و بژێوی ڕۆژانە و ساڵانەی مامۆستایان، نەبوونی ئەمنیەتی پیشەیی و گوشار و چاودێریی ناڕەوای دەزگا ئەمنییەکان بۆ سەر کۆڕ و کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان لە پەرەسەندندایە. دەستێوەردانی بێجێی بیرۆکەی دەسەڵاتدارە نیزامی و ئەمنییەکان لەمەڕ دیاریکردنی هێڵ و نیشان بۆ کتێبە دەرسییەکان، ناچارکردنی وانەبێژان بۆ وتنەوەی کتێبگەلێک بە ناوەڕۆکی کۆن و بێکەڵک، خستنەژێرپێی یاساکانی جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ و تەنانەت یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ وەرگرتنی پارەی زۆرەملێ لە قوتابییان، زیادکردنی بێهۆی فێرگە نادەوڵەتییەکان، دۆخی ڕووخاوی بینای قوتابخانەکان و کەمیی پێداویستی و کەلوپەلی خوێندنی قوتابییان، گۆڕینی ناکارناسانەی سیستەمی پەروەردە و بەرنامەی ناسەردەمیانەی کار و چالاکیی قوتابییان، بەشێکی بچووکی ئەو پرسیارانەن کە دەبێت دەسەڵاتدارانی پێوەندیدار بە سیستەمی پەروەردەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامیان بدەنەوە. بۆیە لە سێبەری بەڵالێدراوی سیاسەت و هەڵوێستەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە بواری پەروەردە و بارهێنان و خوێندنی باڵادا، لە ماوەی دەسەڵاتداریی نزیک بە پێنج دەیەی ڕابردوودا، بە سیستەمێکی ئایدیۆلۆژیی چەقبەستوو، هەموو ڕێگەیەکی پێشکەوتن و هەموو ترووسکایییەکی گۆڕانکاری و سەردەمیانەبوونی لە بەشی پەروەردە و بارهێناندا بەستووە.
هەروەها لە سایەی ئەم سیستەمەدا، پەیمانی پەروەردە و بارهێنان لە نێوان مامۆستا، قوتابی و خوێندکار لە لایەک و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ کۆمەڵگەدا، بە نزمترین ئاستی خۆی گەیشتووە و ڕۆژ نییە کەرامەتی مامۆستایان لەکەدار نەکرێت، و ڕۆژ نییە شاهیدی بەرنامەی سیستماتیکی ئەم ڕێژیمە بۆ دواخستن و داخستنی قوتابخانە و زانکۆکان بە بیانووی جۆراوجۆر و دڕدۆنگکردنی قوتابییان و خوێندکاران بەرامبەر بە قوتابخانە و زانکۆکان نەبین. هەروەها بەهۆی کەلێنی گەورە و هەڵاوسانی سەرسوڕهێنەری نێوان داهات و تێچوو، زۆربەی مامۆستایان لەژێر هێڵی هەژاریدان و توانای دابینکردنی پێداویستییەکانی بژێویی ژیانیان نییە.
سەرەڕای ئەمانەش، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە وڵاتی فرەنەتەوە، فرەئیتنیک و فرەئایینزای ئێراندا، لە کاتە هەستیار و چارەنووسسازەکاندا هەمیشە هەوڵی چەواشەکارانەی داوە و بە زەقکردنەوەی ماددەی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لەمەڕ خوێندنی زمانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و بە هێنانەئارای سیناریۆی چەواشەکارانەی خوێندنی وانەیەک بە زمانی دایکیی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و بەتایبەت زمانی کوردی، وەهمی کرانەوە لە سیستەمی پەروەردە و بارهێناندا لە لای گەلانی ئێران دروست بکات. بەڵام لە کردەوەدا نەک ئەو ماددەیەی یاسای بنەڕەتی بەڕێوە نەبردووە، بەڵکوو گوشارەکانی تەنانەت بۆ سەر فێرگە و ناوەندە فەرهەنگییەکانی خۆبەخشی فێرکاریی ڕێنووس و ڕێزمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت بۆ سەر مامۆستایانی ناوەندە فێرکارییەکانی فەرهەنگی بە بیانووی جۆراوجۆر چڕ کردووەتەوە و بەربەست و ئاستەنگیان بۆ دروست دەکات و پێش بە کاروچالاکیی ئەو ناوەندە فێرکارییانە دەگرێت. هەروەها سەرەڕای ئەو گوشارانە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی هەرگیز ڕێگەی بە هیچ چالاکییەکی فێربوونی ڕێنووس و ڕێزمانی زمانی دایکیی نەتەوەکانی ئێران لە قوتابخانە و زانکۆکاندا نەداوە. بۆیە بەرپرسانی باڵای پەروەردە و شۆرای باڵای شۆڕشی فەرهەنگی (شورای عالی انقلاب فرهنگی)، لەباتی جێبەجێکردنی پارادایمێکی پەروەردەی سەردەم، بە گۆڕینی بەردەوامی سیستەمی پەروەردە و فێرکاری، گۆڕینی کتێبە دەرسییەکان، لێکجیاکردنەوەی وانەی کچان و کوڕانی خوێندکار لە زانکۆکان، گۆڕینی کتێبی بەشەکانی زانستە مرۆییەکان و هتد، ئاستی خوێندنیان لە دواکەوتووییدا هێشتووەتەوە.
لە وەها بارودۆخێکدا دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیان، لە کاتێکدا باسی پرسی بردنەسەرەوەی بودجەی وەزارەتی پەروەردە دەکات، کە زیاتر لە ٩٥٪ی ئەم بودجەیە بۆ مووچەی کارمەندانی وەزارەتەکەی دەڕوات و لە ئاکامدا شتێک بە ناوی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و پێداویستییە فێرکارییەکان بۆ داهاتووی قوتابخانەکان و زانکۆکان نامێنێتەوە. بەو حاڵەش، ڕادەی مووچەی کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ ڕادەی بەرزبوونەوەی هەڵاوسانی مانگانە و ساڵانە یەک ناگرێتەوە. زۆربەی هەرە زۆری مامۆستایان و وانەبێژان لەژێر هێڵی هەژاریدا دەژین؛ بۆیە بەشێکی زۆر لە مامۆستایان لە ڕێگەی کارکردنی دەستی دووەم و سێیەمەوە ژیانێکی نەمر و نەژی بۆ خۆیان دەستەبەر دەکەن. بەپێی پێوەرە ستانداردە جیهانییەکان، کاتی بەتاڵی مامۆستایان بۆ ئەوە تەرخان کراوە کە تێیدا بتوانن زانیاریی زیاتر و تەکنەلۆژیای نوێی ڕۆژ فێر ببن و بۆ پۆلەکانی وانەوتنەوەی بگوازنەوە؛ بەڵام مخابن مامۆستایانی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم دەرفەتە بە ناچاری و تەنیا بۆ پەیداکردنی بژێویی ژیان کەڵک وەردەگرن، و بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و پێڕاگەیشتن بە خێزانەکانیان، ڕێگەی بازاڕ و کاری دیکە دەگرنەبەر. بۆیە دامەزراوەیەکی وەک وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی ئێران، کە ئامانج و بەرنامەی لە پێدانی مووچەی کارمەنداندا تەنیا پێشگرتن بێت لە مردن و هێشتنەوەیان لە ژیانێکی نەمر و نەژیدا، دەزگایەکی چەوسێنەر و ستەمکارە و بێجگە لە دابینکردنی کەمترین حەقدەست، ئەرکی مرۆییی خۆی بەجێ نەگەیاندووە. لە ڕوانگەی وەها سیستەمێکدا، قوتابخانە و زانکۆ دەبێتە کارگەی بەرهەمهێنان و مامۆستاش تەنیا بیر لە وەرگرتنی کەمترین حەقدەستەکەی دەکاتەوە. لە ئاکامی ئەم سیاسەتە نادروستەدا، پێوەندیی قوتابی و مامۆستا دەبێتە پێوەندییەکی میکانیکی و کۆمەڵێک دیاردەی نەشیاو و توندوتیژ بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە قەرەبووکردنەوەیان لە دواڕۆژدا کارێکی سانا نییە.
ڕاستە کە ویست و داخوازیی مامۆستایان تەنیا لە ڕێگەی پێکهاتە و ناوەندە پیشەیییەکانەوە دەستەبەر دەبێت، بەڵام تا ئێستاش مامۆستایان و وانەبێژانی کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەهۆی گوشار و زەختی داپڵۆسێنەری ناوەندە ئەمنییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، لە بوونی ڕێکخراوێکی ئازاد و سەربەخۆ بەردەوام بێبەش بوون. هەروەک دەبینین، بەو حاڵەش چەرخی خەباتی ڕەوای مامۆستایان لەمەڕ وەدیهێنانی مافە سەرەتایییەکانیاندا لە گەڕ نەکەوتووە؛ هەر لەم ڕێبازەدا، ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی دەروەست و نیشتمانپەروەر لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕووبەڕووی سزای قورسی دەرکردن و وەدەرنان، دوورخرانەوە لە قوتابخانە و زانکۆ، گرتن، زیندان و هتد بوونەتەوە.
هەر بۆیە وەزارەتی پەروەردە و بارهێنانی دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیان، بەردەوام هەوڵ دەدات بە خستنەڕووی هەندێک سیاسەتی چەواشەکارانە، وەک بەڵێنی زیادکردن و هاوسەنگکردنی مووچەی مامۆستایان، نۆژەنکردنەوەی بینای قوتابخانەکان و دابینکردنی کەلوپەلی پێویست بۆ قوتابییان و خوێندکاران، مۆڵەتی کاری پیشەیی و ڕێکخراوەیی، و چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی مامۆستایان، قوتابخانەکان و زانکۆکان، وەها پێشان بدات کە دەیەوێت کەشێکی کراوە و مرۆڤتەوەرانە بخوڵقێنێت. بەڵام هەرچەندە ئەم سیاسەت و بیرکردنەوەیە لە ڕێگەی بەرپرسانی دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیانەوە بە شێوەی جۆراوجۆر باس دەکرێت و لە ڕواڵەتدا خۆیان جیاوازتر لەوانی دیکە پێشان دەدەن، بەڵام لە کردەوەدا دژی هەر جۆرە کرانەوەیەکی هزری ئازادن لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا، و چاویان بەراییی دیتنی هزری گەشاوە و توانای بونیاتنەری مامۆستایانی ئازادیخواز و پێشکەوتوو، و قوتابی و خوێندکاری چاوکراوە نادات؛ چونکە هەر لە دەوڵەتی پزیشکیاندا، پەرەسەندنی ڕاوەدوونان، گرتن و زیندانیکردن، بێبەشکردن لە وانەوتنەوە و دەرکردنی مامۆستایان لە قوتابخانە و زانکۆکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە؛ هێرشکردنە سەر قوتابخانە و زانکۆکان بە هێزی تایبەتی سەرکوتکەر بۆ ترساندن و تۆقاندنی مامۆستایان و قوتابییان و خوێندکارانی پێشەنگ، پێشگرتن لە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە قوتابخانە و زانکۆکان بە ئاراستەی کرانەوە و زانستی سەردەمیانە، هەوڵدان بۆ نانەوەی ئاژاوەی مەزهەبی، نەتەوەیی و ئایینی لە کتێبە دەرسییەکانی قوتابخانە و زانکۆکاندا، بەئەمنییەتیکردن و نیزامیکردنی قوتابخانە و زانکۆکان، پاڵپشتیکردنی هێزەکانی بەسیجی قوتابییان و خوێندکاران و دامەزراوە سەرکوتکەرەکانی نووسینگەی ڕێبەری، گرتنی مامۆستایانی جیاوازبیر، خوڵقاندنی کێشەی کۆمەڵایەتی بۆ کچان و کوڕانی خوێندکار، کۆچی بەردەوامی مێشکەکان لە زانکۆکانەوە، خراپتربوونی هەلومەرجی ئابووری و بژێویی ژیانی مامۆستایان و بێڕێزیکردن پێیان، و دەیان کێشە و کارەساتی دیکە لە بواری پەروەردە و بارهێناندا، نیشاندەری ئەوەیە کە کاربەدەستانی وەزارەتی پەروەردە لە دەوڵەتی مەسعوود پزیشکیاندا، بەتایبەت لە بواری پەروەردە و بارهێناندا، چەندە ناخیان نەخۆشە و چەندە بێتوانان لە وەدیهێنانی گۆڕانکاری لە سیستەمی پەروەردە و بارهێناندا، و چەندەش نامۆن بە بیرکردنەوەی ئازادیخوازانە و پێشکەوتنخوازانە. بۆیە بە گشتی، بەرنامەداڕێژەران و کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەوەمان پێ نیشان دەدەن کە هەموو خولیا و ئارەزووەکانی گۆڕان لە سیستەمی پەروەردە و بارهێنان و باشترکردنی ژیان و بژێویی مامۆستایاندا، سەرابێک زیاتر نین.
لە ئێستادا لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندندا، بە بەراورد بە ساڵی ڕابردووی خوێندن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، بە هەزاران قوتابی بەهۆی گرانیی پێداویستییەکانی خوێندن و بەرزبوونەوەی ٢٠٠٪ بۆ ٣٠٠٪ی نرخی پێداویستییەکانی خوێندن، لە قوتابخانە و خوێندن بێبەش کراون؛ چونکە تێچووی ئامادەکردنی قوتابی بۆ قوتابخانە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بووەتەوە و نەبوونی کڕیاریش بازاڕی خستووەتە سستییەوە. هەروەها بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا لە گەرووی هورمزدا، بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردنی پێداویستییەکانی خوێندن لە وڵاتانی وەک چین، مالیزیا و ئیندۆنیزیاوە، نرخەکان ئاستێکی زۆر بەرزیان تۆمار کردووە.
لە وەها بارودۆخێکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دابەزینی توانای کڕینی بنەماڵەکان و ناڕوونی لە چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پۆلەکانی خوێندن بۆ ساڵی تازەی خوێندن، وای کردووە خێزانەکان کڕینی پێداویستییەکانی قوتابییان دوا بخەن. بۆیە ڕەوتی بەرەوپێشچوونی ڕووداوەکان و کارنامەی چەندین ساڵەی دەزگای پەروەردەی ژێر دەسەڵاتداریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەری دەخەن کە داهاتووی مامۆستایان، قوتابییان و خوێندکاران، ئەمساڵیش وەک ساڵانی ڕابردوو دەبێتە قوربانیی ئایدیۆلۆژیای ناسەردەمیانە، شەڕخوازانە و ئاژاوەگێڕانەی تاقمێک بەرپرسی بەرژەوەندیخواز، و هیچ هیوایەک بۆ گەشە و بەرەوپێشچوونی سەردەمیانەی خوێندن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەدی ناکرێت؛ چونکە لە سیستەمی هزریی پەروەردەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، قاڵبێکی پڕ لە دەمارگرژیی مەزهەبی و هزری نامرۆڤانە و نامۆ بە ئەخلاق و ئازادیخوازی دانراوە و دەبێت مامۆستایان لەو سیستەمەدا خۆیانی پێ لەقاڵب بدەن. هەر بۆیە باوەڕمان وایە کە ئەرکی سەرشانی مامۆستایانە لە ساڵی نوێی خوێندندا بە هەموو هێز و توانایەک کە هەیانە، هەوڵی تێپەڕین لەم سیستەمە دواکەوتوو و چەقبەستووە بدەن. لە ئێستادا ئەرکی مامۆستایان و بەتایبەت بزووتنەوەی مامۆستایان و خوێندکاران لە تێپەڕین لەم ڕێژیمە و ئەم سیستەمە پەروەردەییە سەقەتە، زۆر گرینگ و بەرچاوە؛ چونکە مامۆستایان بە پشتیوانیی جەماوەریی کۆمەڵگە توانای خوڵقاندنی ئەوەیان هەیە کە داوای سیستەمێکی دێموکراتیک و سەردەمیانەی پەروەردە و بارهێنان بکەن، تا نەوەی داهاتوو بە ئازادی بژین.