کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە پەراوێزی قسەکانی مەسعوود پزشکیان لە ٨١مین کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا

07:44 - 5 رەزبەر 2726

مستەفا مەولوودی

ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی (٢٣/٠٩/٢٠٢٦) مەسعوود پزشکیان لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتارێکی پێشکەش کرد. وا دیار بوو قسەکانی ترامپ کە ڕۆژی سێشەممە لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا پێشکەشی کردبوو، زۆر بێزاری کردبوو. بۆیە هەر کە لە دەرگای هۆڵی کۆبوونەوەکە نزیک بووەوە، هەواڵنێران داوایان لێ کرد کە تەنیا وەڵامی یەک پرسیار بداتەوە، بەڵام ناوبراو وەڵامی هەواڵنێرانی نەدایەوە. نازانم چەندە چاوەڕوانی کرد تا نۆرەی گوتارەکەی هات، بەڵام کاریگەریی قسەکانی ترامپ بەری نەدابوو و شڵەژانێکی تەواو بە سیما و جووڵەی جەستەیەوە دەبینرا. تەنانەت لە دەستپێکی قسەکانیدا گوتی: «من دەقێکم ئامادە کردبوو لێرە پێشکەشی بکەم، بەڵام قسەکانی ترامپ ناچاری کردم ئاوا قسە بکەم»؛ دواتریش ئەو شێواوییە بە درێژایی گوتارەکەی پێوە دیار بوو. ڕووخساری گرژ ببوو، زمانی تێکەڵ دەبوو و سەرەڕای ئەوەی کەڵکی لە دەقێکی نووسراو و ئامادەکراو وەردەگرت، دیسانیش نەیتوانی گوتارێکی سەرکەوتوو پێشکەشی ئەو ژمارە کەمەی لە هۆڵەکەدا مابوونەوە بکات و هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنیشی لەسەر بیسەران دانەنا.

پزشکیان زیاتر لە هەموو شتێک ڕۆڵی قوربانیی گێڕا و بەردەوام هەوڵی دەدا پێشان بدات کە ئەوان ئازایانە بەرگرییان لە خۆیان کردووە، هاوکات ڕایگەیاند کە ئامادەن هەم بۆ بەربەرەکانێ و هەم بۆ وتووێژ لەگەڵ دوژمنەکانیان. هەروەها بۆ خۆمەزڵوومنیشاندان و ڕەوایەتیدان بە دەسەڵاتەکەیان، ئیدیعای ئەوەی دەکرد کە زیاتر لە دووسەد ساڵە ئێران دەستپێکەری هیچ شەڕێک نەبووە.

ماوەیەک لەمەوبەر چاوێکم بە مێژووی شەڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا خشاند؛ ئەمریکا لە ماوەی ٢٥٠ ساڵدا، جیا لە شەڕی نێوخۆیی، ٤٦٩ شەڕی لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی ئەنجام داوە. واتە دەتوانین بڵێین لە مێژووی ئەمریکادا شەڕ بووەتە نەریتێکی باو. ئەگەر سەرنجی دۆخی ٢٥٠ ساڵی ڕابردووی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بدەین، دەبینین لەم ناوچەیەشدا شەڕ لە قاڵبی ڕووداوێک یان ئاڵۆزییەکی کاتیی نێوان دوو لایەن تێپەڕیوە و بووەتە دیاردەیەکی باو و بەردەوام؛ ئەم ڕاستییەش بۆ ئێرانیش هەر بە هەمان شێوەیە.

پزشکیان لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا گوتی: «ئێران هیچ کات دەستپێشخەری هیچ شەڕێک نەبووە». ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی لێکۆڵەرانی مێژوو، شەڕە نێوخۆییەکانی هەر وڵاتێکیش هەر لە چوارچێوەی دیاردەی شەڕدا پێناسە دەکەن و لە ڕوانگەی سروشت و وێرانکارییەوە شەڕی نێوخۆیی و دەرەکی بە یەکسان دادەنێن. هەر بۆیە پێم باش بوو بەراوردێک لە نێوان شەڕەکانی ٢٥٠ ساڵی ئەمریکا و ئێران و دەرەنجامەکانیان بۆ هەردوو وڵات بخەمە ڕوو.

لە ماوەی ئەو ٢٥٠ ساڵەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سێزدە ویلایەتەوە گەیشتووەتە پەنجا ویلایەت؛ واتە ڕووبەرەکەی زۆر فراوانتر لە سەردەمی دامەزراندنی لێ هاتووە، ئەمەش تەنیا یەکێکە لە دەستکەوتەکانی شەڕەکانی ئەمریکا. بەڵام هەر لەو سەردەمەدا، ئێران بە هۆی شەڕەکانەوە بەردەوام خاکی لەدەست داوە: لە ساڵی ١٨١٣ی زایینیدا قەفقاز، داغستان، گورجستان و بەشێکی بەرفراوانی لە ئازەربایجان لەدەست دا؛ لە پەیماننامەی تورکمەنچایدا ئەرمەنستان و نەخجەوانی لەدەست دا و چۆمی ئەرەس وەک سنوور بۆ ئێران دیاری کرا؛ ئێران لە ڕێککەوتننامەی پاریس لە ساڵی ١٨٥٦دا هەرات و بەشێکی گەورەی لە ناوچەکانی ئێستای ئەفغانستانی لەدەست دا؛ لە ساڵی ١٨٨١یشدا بە پەیماننامەی «ئاخاڵ»، مەڕڤ، خێوە، تورکەمەنستان، بەشێکی ئاسیای نێوەڕاست، بەلووچستانی ڕۆژاوا و بەشێکی بەلووچستانی ڕۆژهەڵاتی لێ جیا کرانەوە؛ هەروەها ئێران شەتولعەرەب (چۆمی ئەروەند)ی لە ساڵی ١٩٣٩ و بەحرەینی لە ساڵی ١٩٧٠ی زایینیدا لە سەردەمی پەهلەویدا لەدەست دا.

ئەگەر ئەنجامی شەڕەکانی زیاتر لە دووسەد ساڵی ئەمریکا و ئێران هەڵسەنگێنین و بەراوردیان بکەین، دەبینین ئەمریکا خاکێکی زۆر زیاتر لە ڕووبەری سەرەتای دامەزراندنی خۆی خستووەتە سەر وڵاتەکەی، کەچی ئێران زۆر زیاتر لە ڕووبەری ئێستای لەدەست داوە. بە کورتی، ئێران دۆڕاوی سەرەکیی هەموو شەڕەکان بووە؛ کاتێکیش تەنگی پێ هەڵچنراوە، توانای پاراستنی خاکی خۆی نەبووە و ناچار دەستبەرداری بووە.

لێرەدا پێم باشە بەراوردێکی دیکەش لە نێوان شەڕە نێوخۆییەکانی هەردوو وڵاتدا بکەم. ئەمریکا هەر لە سەرەتای دروستبوونییەوە تووشی شەڕی نێوخۆ بووە، بەڵام دەرەنجامی ئەو شەڕانە بووە مایەی چەسپاندنی سیستەمێکی فیدراڵی و دەسەڵاتێکی دێموکراتیک کە ئەمڕۆ کاریگەرییەکی مەزنی بەسەر سەرجەم جومگە سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و سەربازییەکانی جیهانەوە هەیە. بە پێچەوانەوە، ئێران کە زۆرترین شەڕی نێوخۆیی بەتایبەت لە سەد ساڵی ڕابردوودا تۆمار کردووە، ئاکامەکەی بۆ سەر خەڵک و وڵات وێرانکەر بووە. لێرەدا زۆر بە کورتی ئاماژە بە چەند شەڕێکی نێوخۆیی دەکەم:

ڕەزا پەهلەوی لە ساڵانی ١٣٠٠ تا ١٣٠٥ی هەتاویدا بزووتنەوەی محەممەدتقی خانی پسیان لە خۆراسان، میرزا کوچک خانی جەنگەڵی لە گیلان و مازەندەران، و شۆڕشی ئەبوولقاسم لاهووتی لە تەورێزی لە خوێندا گەوزاند و سەرکوتی کردن. هەروەها لە ساڵانی ١٣٠٢ تا ١٣١٢ی هەتاویدا، بە سەپاندنی سیاسەتی «تەختی قاپوو» لە لوڕستان (واتە نیشتەجێکردنی زۆرەملێی هۆزە کۆچەرییەکان)، خەڵکی ئەو دەڤەرەی سەرکوت کرد؛ جیا لەوانەش شۆڕشی شێخ خەزعەل لە ئەهواز، ڕاپەڕینی سمکۆی شکاک لە کوردستان و هەروەها ئێلی قەشقایی سەرکوت کرد. هاوکات لە ساڵی ١٣٢٥ی هەتاویدا پەلاماری حکوومەتی میللیی ئازەربایجان و کۆماری کوردستانی دا و هەردوو حکوومەتەکەی ڕووخاند.

پاش سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، سیاسەتی سەرکوتی بزووتنەوەکان بە شێوازێکی زۆر دڕندانەتر و مەترسیدارتر درێژەی پێ درا و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.

دەتوانین هەر کوردستان وەک نموونەیەکی بەرچاو وەربگرین؛ لە سەرەتای هاتنەسەرکاری ڕێژیمی ئێستادا، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا داوای خۆبەڕێوەبەری و مافی ڕەوای خۆیان دەکرد و دروشمی خەڵک زۆر ڕوون بوو: «دێموکراسی بۆ ئێران و خۆموختاری بۆ کوردستان». بەڵام ڕێژیم ئەو داواکارییەی قبووڵ نەکرد و خومەینی فەتوای جیهادی دژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و فەرمانی هێرشی سەربازیی دا. هەرچەندە گەلی کورد و هێزە سیاسییەکان، بەتایبەت حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئازایانە بەرگرییان کرد و ڕووبەڕووی پەلامارەکان بوونەوە، بەڵام بەپێی ئامارەکان زیاتر لە پەنجا هەزار هاووڵاتیی سڤیل و پێنج هەزار پێشمەرگە شەهید کران، و ئەو شەڕەش لە کوردستان تا ئێستاش نەبڕاوەتەوە. کوردستان ئێستاش هەر ناوچەیەکی تەواو میلیتاریزەکراوە و سیاسەتی ئەمنییەتیی تێدا پەیڕەو دەکرێت. لە سەرەتای هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامییەوە، زیندانەکانی ڕێژیم بەردەوام پڕ بوون لە تێکۆشەرانی سیاسی کە ڕۆژانە لەسێدارە دەدرێن. دیارترین نموونەی کوشتاری بەکۆمەڵ و بێبەزەییانەی ڕێژیمیش، کوشتاری شەوەکانی ١٨ و ١٩ی بەفرانباری ساڵی ١٤٠٤ی هەتاوییە کە هەندێک گێڕانەوە باس لە کوژرانی نزیکەی ٣٥ هەزار کەس لە هاووڵاتییانی ناڕازی دەکەن.

پزشکیان دەڵێت دووسەد ساڵە ئێران هێرشی نەکردووەتە سەر هیچ وڵاتێک؛ لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای دەسەڵاتییەوە، بە شەڕفرۆشتن بە عێراق خەڵکی ئێرانی تووشی شەڕێکی وێرانکەری هەشت ساڵە کرد و لە کۆتاییشدا بە خواردنەوەی «پیاڵەی ژەهر» شکستی قبووڵ کرد. ئەم ڕێژیمە هەر بەوەش نەوەستا، بەڵکوو بە دەستوەردانی بەردەوام لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکەدا، سیاسەتێکی بۆ بەناو «قووڵایی ستراتیژی» گرتە بەر کە بە سیاسەتی مەیدان ناودێر کرا. لەم پێناوەدا چەندین گرووپی میلیشیای تائیفیی دروست کرد، بە ملیاران دۆلار لە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێرانی بەبا دا و هەزاران گەنجی بە کوشت دا؛ دەرەنجامەکەشی جگە لە پاشەکشە، خوڵقاندنی گەورەترین قەیران بوو لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا کە تا دەیان ساڵی دیکەش چارەسەر نابن.

لەو وتارەدا پزشکیان زۆر زیاتر لە خەڵکی ئێران باسی خەڵکی غەزەی کرد، بەڵام ئەو بوێرییەی نەبوو باسی ئەوە بکات کە سیاسەتی ڕێژیمی ئێران چ کارەساتێکی بەسەر ئەو خەڵکە لێقەوماوەدا هێناوە. ڕێژیمی ئێران بە ئاشکرا دەستوەردانی لە پرسی فەلەستیندا کرد و ڕێککەوتننامەی ئۆسلۆی لەبار برد؛ گرووپەکانی وەک حەماس، جیهادی ئیسلامی و حیزبوڵڵای دروست کرد و پڕچەکی کردن، تا لە کۆتاییدا جیا لە دەیان کردەوەی تێرۆریستی، کارەساتی تاوانکاریی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ی لێ کەوتەوە.

لەو کارەساتەدا پاش ئەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ناوچەیەکی ئیسرائیل و بە کەمتر لە شەو و ڕۆژێکدا زیاتر لە هەزار و دووسەد هاووڵاتیی بێتاوان لە ژن و منداڵ کوژران؛ خامنەیی یەکەم کەس بوو کە پیرۆزبایی لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە کرد و گوتی: «دەست و شانی ئەو کەسانە ماچ دەکەم کە ئەو کارە گەورە و پیرۆزەیان ئەنجام داوە». کەچی ئاکامەکەی جگە لە کوژرانی دەیان هەزار فەلەستینی، داڕمانی ژێرخانی غەزە و دواخستنی چارەسەری پرسی فەلەستین بۆ دەیان ساڵی دیکە، هیچ دەستکەوتێکی دیکەی نەبوو.

ئاکامی شەڕەکانی ڕێژیمی ئێران لە سەد ساڵی ڕابردوودا بۆ وڵات و گەلانی ئێران، هەمووی نەهامەتی و داڕمان بووە کە هاوکات داوێنی وڵاتانی ناوچەکەشی گرتووەتەوە، بە شێوەیەک لە ئێستادا خودی کۆماری ئیسلامی بووەتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر تەناهی و ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست.

پزشکیان هەروەها گوتی: «ئێمە تێرۆریست نین، بەڵکوو قوربانیی تێرۆرین» و ئاماژەی بەوە کرد گوایە ڕێبەرەکەیان تێرۆر کراوە! لە کاتێکدا خامنەیی هاوشێوەی دەیان بەرپرس، سەردار و فەرماندەی سوپا لە میانی شەڕدا بە مووشەک و بۆمب کوژراوە. پزشکیان دەزانێت پێناسەی تێرۆر ئەوەیە کە ڕێژیمی ئێران لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا لە نێوخۆی ئێراندا بەرامبەر بە داریووش و پەروانەی فرۆهەر، سەرگورد عەباسی، موحەممەدجەعفەر پوویەندە و سەدان کەسی دیکە ئەنجامی دا. تێرۆر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی وڵات بەسەر دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، د. سادق شەرەفکەندی، د. شاپوور بەختیار، کازم ڕەجەوی و سەدان کەسایەتیی دیکەی هێنا؛ لە ڕاستیدا «تێرۆری دەوڵەتی» بە کردەوە لەگەڵ مێژووی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا مانای تەواوی پەیدا کردووە.

پزشکیان دەڵێت: «خەڵکی وڵاتی ئێمە حەوت مانگە شەو و ڕۆژ لەسەر شەقامەکان بەرگری لە خۆیان دەکەن». بێگومان ئەگەر پەلاماری خەڵک بدرێت، بەرگریکردن لە خۆ مافێکی سروشتییە. بەڵام ئەو کەسانەی شەوانە بە ئیمکاناتی حکوومەتەکەی پزشکیان و بە فەرمانی ڕێکخراوی بەسیج دەهێنرێنە سەر شەقامەکان، نوێنەری خەڵکی ئێران نین؛ بەڵکوو بەکرێگیراو و مشەخۆری دەسەڵاتن کە تەنیا بۆ دروشملێدان و مانۆڕی پڕوپاگەندەیی پەنایان پێ دەبرێت و ئارامی لە خەڵک دەشێوێنن.

پزشکیان لە شوێنێکی دیکەدا دەڵێت: «ئێمە هێزمان پێویستە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان». ئەگەر وایە، ئەرکی سوپای قودس چی بوو؟ بۆچی لە سووریە بوون و بەرگریتان لە کام سنووری ئێران دەکرد؟ لە کۆتاییشدا، پاش ئەو هەموو زەرەر و زیانە گیانی و ماڵییە زەبەلاحە، بۆچی بە شەوێک ڕاتانکرد و سووریەتان چۆل کرد؟ ئاخۆ سەرکوتکردنی گەلی سووریە و پاراستنی دیکتاتۆرییەتی بەشار ئەسەد، بەرگریکردن بوو لە خەڵکی ئێران؟! هاندان، پڕچەککردن و پەروەردەکردنی هەزاران چەکدار لە نێو ڕیزەکانی حیزبوڵڵا، حەماس و جیهادی ئیسلامیدا، کامەیان لە پێناو پاراستنی خاکی ئێراندا بوون؟

ئاشکرایە کە ئەم سیاسەتەی کۆماری ئیسلامی بۆ نێوخۆ جگە لە هەژاری و داڕمانی ئابووری، و بۆ گەلانی ناوچەکەش بێجگە لە ماڵوێرانی و ئاوارەیی هیچ بەرهەمێکی نەبووە؛ هەموو ئەمانەش تەنیا لە پێناو هێشتنەوەی دەسەڵاتی ڕێژیمدا بووە. بەڵام دەبێت پزشکیان دڵنیا بێت کە سەرەنجام هەر ئەو سیاسەتە شەڕانگێزە، سەری کۆماری ئیسلامیش دەخوات.

پزشکیان بانگەشەی ئەوە دەکات: «ئێران بەشداری لە ئاسایشی ناوچەکەدا دەکات و دەمانەوێت دراوسێکانمان بەهێز بن». لە کەس شاراوە نییە و بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکە زۆر باش دەزانن کە هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا خودی کۆماری ئیسلامییە؛ دەستوەردانەکانی تاران نەک بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە، بەڵکوو بەردەوام بۆ قەیرانخوڵقێنی بووە. ڕێژیمی ئێران لە ماوەی ئەو حەوت مانگەدا ئاگری شەڕێکی ماڵوێرانکەری هەڵگیرساندووە و شەڕی بە وڵاتانی ناوچەکە فرۆشتووە؛ ئەگەر دانبەخۆداگرتنی وڵاتانی دراوسێ نەبووایە شەڕەکە زۆر لەمە پتر تەشەنەی دەسەند. کردەوەکانی ڕێژیم سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن کە تاران هەرگیز دراوسێی بەهێز و سەربەخۆی ناوێت، بەڵکوو دراوسێی لاواز و بێئیرادەی دەوێت تا خۆی ببێتە باڵادەست و کوێخای ناوچەکە.

ناوبراو دەڵێت: «پرسی فەلەستین لە ناوچەکەدا دەبێت لە ڕێگەی خەڵک و وڵاتانی ناوچەکە چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، ئەو کات ئاسایش دێتە ئاراوە». پزشکیان لێرەشدا خۆی لە نەزانی دەدات؛ دەنا چۆن دەکرێت باس لە ئاشتی بکرێت لە کاتێکدا دەیان ساڵە نکۆڵی لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەکرێت؟! هەتا پرسی کورد و سەرجەم پرسە سیاسی، نەتەوەیی و یاساییەکان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە چارەسەر نەکرێن و دێموکراسی باڵ بەسەر ناوچەکەدا نەکێشێت، ئاسایش جێگیر نابێت؛ ئەمەش بە مانەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرگیز وەدی نایەت.

پزشکیان بە درێژایی قسەکانی ڕۆڵی قوربانیی گێڕا و شەڕەنگێزییەکانی بە مافی بەرگریکردن لە خۆ لەقەڵەم دا؛ بانگەشەی دادپەروەری، ئاسایش و خۆشگوزەرانیی لە ڕێگەی دیالۆگەوە دەکرد و ڕەخنەی لە سیاسەتی دووفاقەی نێودەوڵەتی دەگرت. لە کاتێکدا چەواشەکاری، درۆ و بێئەخلاقیی سیاسی، جەوهەری سەرەکیی مانەوەی ئەو ڕێژیمەن. بە کورتی، پزشکیان پەنای بۆ هەموو تەڵەکەیەکی سیاسی برد تا دەرچەیەک بۆ دەربازکردنی ڕێژیم لە قەیرانی داڕمان بدۆزێتەوە.

بەڕێز پزشکیان!

هەموو ئەو دادپەروەری و گفتوگۆیەی تۆ ئەمڕۆ بۆ پاراستنی ڕێژیمەکەت هانای بۆ دەبەیت، زیاتر لە ٤٧ ساڵە گەلی کورد لە ئێراندا بە ئیرادەیەکی پۆڵایینەوە خەباتی بۆ دەکات. دیالۆگ و گفتوگۆ بۆ چارەسەری بابەتە سیاسی و یاساییەکان، هەمیشە ڕێگەی ڕەوای هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە کە بەداخەوە تاران گوێی لێ نەگرت؛ بەڵکوو وەڵامی دەستی ئاشتیخوازیی گەلی کورد بە فەرمانی جیهادی خومەینی، هێرشی سەربازی بۆ سەر شار و گوندەکانی کوردستان و تێرۆرکردنی سەرکردە و تێکۆشەرانی کورد درایەوە.

لە کۆتاییدا بە بڕوای من، پزشکیان لەو سەفەرەدا هیچی نوێی پێ نەبوو بۆ خستنەڕوو و کەم کەسیش هەبوون وتەکانی بە جدی وەربگرن؛ بۆیە لەم گەشتەدا بە تەواوی دەستبەتاڵ و بێدەستکەوت گەڕایەوە.