کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کلاسی پەروەردەی سیاسی لە وڵاتی فینلاند

14:27 - 6 رەزبەر 2726

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی  ٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥هەتاوی، بەشی پەروەردەی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە وڵاتی فینلاند کلاسێکی پەروەردەی سیاسیی لەژێر ناوی "ناسیۆنالیزمی تورکی، عەرەبی، ئێرانی و کوردی" بۆ بەڕێز "د. سمایل بازیار" مامۆستای زانکۆ و کەسایەتیی سیاسی و تێکۆشەری دێرینی حیزبی دێمۆکرات لە شاری تورکۆ بەڕێوە برد .
کلاسەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی کوردستان بەگشتی دەستی پێکرد. خاتوو شنە ڕەزابی بەخێرهێنانی میوانەکان و د.سمایل بازیار و ناساندنی نێوەڕۆکی بەرنامەکەی کرد. پاشان کاک " سەید ئەحمەد حوسەینی" بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە وڵاتی فینلاند وێڕای بەخێرهاتنی د. سمایل و ئامادەبووان وەبیر بەشداربووانی هێنایەوە کە ئەو کلاسەش لە درێژەی ئەو دەورە پەروەدەییانەدا بەڕێوە دەچێ کە بەشی پەروەردە و ڕاگەیاندن لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەی ئۆنلاین بەڕێوەی بردوون.
پاشان د.سمایل بازیار لە سەرەتای باسەکەیدا بە پێشەکییەکی زانستییانە و ئاکادێمێک پێناسەی کۆمەڵێک چەمکی وەک، تاک، وڵات، نەتەوە و ناسیۆناڵیزم و ... کرد. تاکی کورد سەرەرای ئەوەی کە بە فەرمی دەوڵەتی نییە بەڵام خۆی وەک نەتەوە پێناسە دەکات و داکۆکی لە مافە ڕەواکانی خۆی وەک زمان، خاک و میژوو و فەرهەنگ دەکات و بۆ پاراستنیان خەباتی کردووە.
لە بەشێکی دیکەی باسەکەیدا ڕەگ و ڕیشە مێژووییەکانی ناسیۆنالیزمی تورکی لە سەرەتاوە تاکوو دامەزرانی دەوڵەتی یاسا و قانوون و چۆنیەتیی گەشەکردنی بیری ناسیۆنالیستی لەنێو "تورکە لاوەکان" دا و دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیەی لەدوای داڕمان و دابەشکردنی میراتی عوسمانی و ڕۆڵی مستەفا کەماڵی لەو بەستێنە مێژووییەدا ڕوون کردەوە.
لە باسی ناسیۆنالیزمی عەرەبیدا، بەوردی باسی ڕەوتی گەشەکردنی ئەو بیرۆکەی کرد کە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە کە ڕووناکبیرانی عەرەبی لە زیندووکردنەوەی ڕەگەزەکانی نەتەوەیی ڕۆڵیان هەبوو و ئاماژەی بە دەرکەوتنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی وەک دژەکردەوەیەک بە سیاسەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی کرد. پاشان حیجاز و دوورگەی عەرەبیان دابەش کرد و کۆمەڵێک دەوڵەتیان پێکهینا. ناوبراو بەوردی چۆنییەتی دامەزرانی دەوڵەتی عێراق و ڕۆڵی ئینگلیزەکان لەو پرۆسەیە و کاریگەریی لەسەر پرسی کورد تاوتوێ کرد.
د.سمایل لە درێژەی باسەکەیدا، چۆنیەتیی گەشەکردن و پەیدابوونی وشەی «ئێران» وەک چەمکێکی سیاسی لە سەروبەندی بزووتنەوەی مەشرووتە خستە بەرباس و ڕۆڵی ڕووناکبیرانی ئێرانی لە گەشە و نەشەی ئەو چەمکەدا شی کردەوە کە لە دیاسپۆرا بوون. پاشان ئاماژەی بە دروستبوونی دەوڵەت- نەتەوەی ئێران کرد و ڕۆڵی سەربازیی کەسێک بە ناوی "ڕەزامیرپەنج" کە لە سەپاندنی بیرۆکەی سێکۆلاریستی و پان ئێرانیستیدا دەورێکی زۆری هەبوو تاوتوێ کرد. هەروەها چۆنیەتیی لە ناوچوونی هەر دوو ئیدئۆلۆژیی سێکۆلاریستی و ناسیۆنالیستی لە ئێران و تورکیەشدا بە ئاماژەکردن بە دۆخی ئێستای ئەو وڵاتانە تاوتوێ کرد.
لە بەشی ناسیۆنالیزمی کوردیدا، جیاوازی نێوان ناسیۆنالیست بوون و ناسیۆنالیزمی بەڕوونی شی کردنەوە و پرۆسەی گەشەکردنی بیرو هزری نەتەوەیی لە پەرچەکردارەوە بۆ بەرنامەیەکی سیاسیی هەمەگیرکە ئامانجی دروستکردنی دەوڵەتە هێنایە بەرباس. ڕۆڵی ڕۆژنامەی "کوردستان"، بزووتنەوە سیاسییەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستی کرد. کۆمەڵەی "ژێکاف" و دامەزرانی "کۆماری کوردستان" و بزووتنەوەی "سمکۆی شکاک"  و خوێندنەوەی کۆمەڵێک هەڵبەست و دەقی میژووی ئاوێتەی ئەم بەشەی باسەکەیان کرد. کە " هەستی نەتەوەیی کورد " گەشە و نەشەی کرد.
د.سمایل بازیار لە کۆتاییدا وەک دەرئەنجامی باسەکە ئاماژەی کرد کە: سەرهەڵدانی یەک لە دوای یەکەکانی ئەو ناسیۆنالیزمانە لە پەرچەکرداری داگیرکاری و هێرشی زلهێزان پەیدابوون کە لەم بەینەدا ناسیۆنالیزمی کوردیش بۆ ڕزگاریی خۆی و پاراستنی مافە ڕەواکانی خۆی پەیدا بوو و گەشەی کرد و لە قۆناغی خەباتدایە.
جێی ئاماژەیە کە ئەم کورسە نزیکی ٤ کاتژمێری خایاند. ئامادەبووان بە پرسیار و تیبینی و سەرنجی خۆیان چالاکانە بەشداری کۆڕەکە بوون.

لە کۆتاییدا بەڕێز ئیرەج عەباسزادە بەرپرسی بەشی پەروەردەی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە ولاتی فینلاند وێڕای دەستخۆشی و بە خێرهاتنی دووبارەی کاک د. سمایلی بازیار سپاسی سەرجەم ئامادەبووان و کۆمیتەی حیزبی کرد .