لێکۆڵینەوەکانی دەوڵەتی عێراق دەریانخستووە ئەو گرووپەی هێرشی دڕۆنییان کردووەتە سەر هێڵی لوولەی نەوتی ڕۆژهەڵات-ڕۆژاوای عەرەبستان، لە سنوورەکانی ئێرانەوە بە نایاسایی چوونەتە ناو خاکی عێراق و ئۆپەراسیۆنەکەیان لە پارێزگای "میسان"ـەوە ئەنجام داوە.
ماڵپەڕی ئەلعەرەبی ئەلجەدید لە سەرچاوە باڵاکانی عێراقەوە بڵاوی کردەوە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر هێرشە دڕۆنییەکەی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی عەرەبستان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.
ئەنجامدەرانی هێرشەکە لە ناوچەی سنووریی "ئەلتەیب"ـەوە دڕۆنەکانیان هەڵداوە و دوای ئۆپەراسیۆنەکە دەستبەجێ گەڕاونەتەوە بۆ ئێران.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، گرووپی جێبەجێکار لەناو عێراقدا پەیوەندییان بە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە تارانەوە هەبووە و هاواهەنگییان لەگەڵ حوسییەکان کردووە.
سەرچاوەیەکی عێراقی ئاشکرای کردووە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەڵگەی سەلمێنەری لەسەر ناسنامەی ئەنجامدەران و هێڵی هاتوچۆیان ڕادەستی تاران کردووە، بەڵام کۆماری ئیسلامی تا ئێستا هیچ وڵامێکی بۆ بەغدا نەبووە.
بەکارهێنانی خاکی عێراق وەک قووڵایی ستراتێژیی دەستێوەردانەکان و ئۆپەراسیۆنی نیابەتی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەغدای لەگەڵ مەترسیی ڕاکێشران بۆ ناو ئاڵۆزییە ناوچەییەکان ڕووبەڕوو کردووەتەوە؛ ئەمەش گوشارەکانی بۆ سەر دەوڵەتی عێراق زیاد کردووە تا ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی وڵاتەکەی لەلایەن تارانەوە بکات.