
فەرهاد سلێمانپوور
لە ئابووریدا دوو جۆرە شمەک هەیە، شمەکی تایبەتی و گشتی. شمەکی تایبەتی (Private Goods) بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی بەکاربردنی ڕۆژانەی خەڵکە (بەکاربەرە) و لە بازاڕدا دیاری دەکرێ و بەرهەم دەهێنرێت، وەک ڕۆن، برنج، پۆشاک و هەزاران شمەکی تر. ئەگەر ئابووری بەپێی بازاڕی ئازاد بگەڕێ، ئەوا بەرهەمهێن بەپێی حەز و سەلیقەی بەکاربەر شمەک بەرهەم دەهێنێت، بەکاربەر بەپێی جۆری شمەک، مارکە، نرخ، بڕ و فرۆشیار شمەک دەکڕێت، خواستەکەی بەپێی ئەو چەند فاکتەرەیە، بەرهەمهێنیش دەبێ ئەو فاکتەرانە لەبەرچاو بگرێت، دەنا مایەپووچ دەبێ و بەرهەمهێنەری تر شوێنی دەگرێتەوە، چونکە لە بازاڕدا بۆ سەرنجڕاکێشانی بەکاربەر ڕکەبەرایەتی هەیە، کەواتە لە بازاڕدا بەکاربەر باڵادەستە. بازاڕی ئازاد میکانیزمێکی کارامە و باشە بۆ بەرهەمهێنانی شمەکی تایبەتی، چونکە ڕکەبەرایەتیی تێدا هەیە و بەرهەمهێنان زۆرە و دەبێتە هۆی هەرزانبوونی نرخ و باشتربوونی کواڵیتیی بەرهەم کە ئەمەش لە بەرژەوەندیی بەکاربەر و بەگشتی کۆمەڵگەیە. لە نەبوونی بازاڕی ئازاددا باجەکە دەکەوێتە سەر شانی خەڵک، چونکە دەبێ نرخی زیاتر بدەن و بەرهەمی بێکواڵیتی قەبووڵ بکەن. ئەو هۆکارەی کە وا دەکات یەکە و کۆمپانیا لە بازاڕی ئازاددا بەردەوام گۆڕانکاری بکەن ڕکەبەرایەتییە کە لە ئابووریی ئێراندا بە شێوەی سیستماتیک پێشێل دەکرێت. لە ئابووریی ئێراندا ڕکەبەرایەتی نییە و پێچەوانەکەی کە پاوان و قۆرخکارییە لە هەموو بەرهەم و بابەتێکدا بەدی دەکرێت.
قۆرخکاری لە ئابووریدا بۆ سەدەی ١٦ تا ١٨ی زایینیی ئورووپا دەگەڕێتەوە، لەو سەردەمەدا قوتابخانەی مەرکەنتیلیزم باو بوو، بەگوێرەی ئەو قوتابخانەیە سامانی وڵاتێک بریتییە لە کەڵەکەکردنی زێڕ و زیو و بەگشتی پۆزەتیڤبوونی تەرازووی بازرگانی، واتە هەناردە لە هاوردە زیاتر بێت، لەم چوارچێوەیەدا لە بەرژەوەندیی وڵاتدا بوو هەناردە زیاد بکرێت و هاوردە سنووردار بکرێت، ئەم بەربەستانە بوونە هۆی ئەوەی لە بازاڕی نێوخۆدا قۆرخکاری بێتە ئاراوە، بەرهەمهێن بە نرخی زیاتر لە نرخی ڕکەبەرایەتی بەرهەمەکانی بە خەڵک بفرۆشێت و قازانجێکی زۆری دەست بکەوێت.
قۆرخکاری (Monopoly) بریتییە لە تاکە بەرهەمهێنێک، فرۆشیارێک، یەکەیەک، کۆمپانیایەک، هاوردەکارێک، هەناردەکارێک، پیشەیەک، سەندیکایەک... لە بازاڕدا کە ڕکەبەری نییە و بەدڵی خۆی نرخ دادەنێ و گوێ بە کواڵیتیی بەرهەم نادات و لە چەند ڕووەوە زەرەر لە بەکاربەر دەدات، بەرهەمەکەی بە نرخێکی زیاتر لە بەهای ڕاستەقینەی بە خەڵک دەفرۆشێت، ناهێڵێت هەلی کاری تازە بڕەخسێت و بەگشتی خۆرەی ئابوورییە و دەبێتە بەربەست لەبەردەم گەشە و پەرەپێدانی ئابووری و، بەر و بەرهەمی وڵات دەخاتە بەردەست کەسانێکی دیاریکراو؛ زەرەرەکانی ئەمانەن:
• قۆرخکار ڕکەبەری نییە، بۆیە هەتا پێی بکرێ نرخ بەرز دەکاتەوە، زیاتر لە هاوسەنگیی بازاڕ دایدەنێت (نرخدانەرە) و گوێ بە کواڵیتیی بەرهەم نادات و کواڵیتیی بەرهەم کەم دەبێتەوە، نموونەی زەق ئۆتۆمبێلی ئێرانییە.
• قۆرخکاریی گەورە، کەشی کار و چالاکیی بوارەکەی کۆنترۆڵ دەکا و بەسەریدا زاڵ دەبێ و تەنگ بە کەرتی تایبەت و کارخوڵقێن (کارئافەرین، کاردۆز، کارساز) هەڵدەچنێت و ئابووری بەرەو کاری نابەرهەمهێن و ڕانتخۆری دەبات.
• داهێنان و نوێکردنەوە کە بۆ هەموو یەکەیەکی ئابووری بە گرنگترین بابەت دادەنرێن لە دۆخی قۆرخکاریدا ناخولقێن، لەبەرئەوەی یەکەی قۆرخکار ڕکەبەری نییە تاکوو ناچار بێت لە ئامێر، کەرەستە و کارەکانیدا داهێنان بکات. کاتێک یەکە لەوە دڵنیا بێت بەبێ ڕکەبەر قازانجێکی مسۆگەری هەیە ئیتر هەوڵ بۆ تەکنەلۆجیای نوێ و داهێنان نادات، ڕێ لە کاری (بیزنسی) بچووک و ستارتاپ دەگرێت کە ئەم دووە سەردەمیانە کار دەکەن و بۆ ئابووری زۆر گرنگن.
• سەرچاوەکان بەفیڕۆ دەدات و کارامەیی کەم دەکاتەوە. لە دۆخی ڕکەبەرایەتیدا یەکەی ئابووری ناچارە تێچووی کۆنترۆڵ بکات و سەرچاوەکان بە باشترین شێوە بەگەڕ بخات، لە دۆخی قۆرخکاریدا تێچوون زیاترە، بەشێکی سەرچاوەکانیش بەفیڕۆ دەچن و یەکەی قۆرخکار گوێ بە کارامەیی و بەرهەمداری نادات.
• سەرچاوەیەکی ڕانتە و ڕانت زۆر دەکات و دەسەڵاتی ئابووری لە دەست قۆرخکاردا زیاتر دەبێت؛ کاتێک یەکەیەک بۆ ماوەیەکی زۆر لە بازاڕدا قۆرخکارە، قازانجی ئەم قۆرخکارییەی هانی دەدات دۆخی قۆرخکارییەکەی بپارێزێت و بەر لە هاتنی یەکەی نوێ بگرێت و بۆ ئەم مەبەستە لەنێو دەسەڵاتی سیاسیدا لۆبیگەری دەکات. لەم پێگەیەوە گرێبەست و شەرت و مەرجی خۆی لەگەڵ لایەنەکاندا دەسەپێنێت، بۆیە ڕانت و دەسەڵاتی ئابووری لە دەست قۆرخکاردا زیاتر دەبێت.
• لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە نایەکسانی و نادادپەروەری زیاتر دەکات، لەجیاتی پەرەپێدان و باشترکردنی دۆخی کۆمەڵگە، تەنیا کەمینەیەکی بچووکی قۆرخکار لە دۆخەکە بەهرەمەند دەبن و، دابەشکردنی دادپەروەرانەی بازاڕ لەبار دەبات.
پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران لە ١٣٥٧دا، بەشێکی بەرچاوی سەرمایەدار، بانکدار، خاوەن پیشە و پیشەسازان ئێرانیان بەجێهێشت، بۆیە لە جۆزەردانی (خۆردادی) ١٣٥٨دا بە بڕیاری شۆڕای باڵای شۆڕش (شورای عالی انقلاب) دەستەی بەڕێوەبردنی ئەم کار و پیشانە لەلایەن دەوڵەتی کاتیی ئەو کاتەوە دەوڵەتی کران و لە مانگی پووشپەڕی (تیری) هەمان ساڵدا کۆمپانیا گەورەکانی کانزا و پیشەسازیش. ئیتر لێرەوە نزیکەی سەدا نەوەدی ئابووری کەوتە دەست دەوڵەت و لەژێر ناوی دەوڵەتیکردندا قۆرخکاری پێکهات. لە شەڕی ئێران و عێراقیشەوە بەرەبەرە سپای پاسداران هاتە نێو کاروباری ئابوورییەوە و ئێستا ئیتر لایەنی زاڵ و بڕیاردەری سەرەکییە لە ئابووریدا. ئەگەرچی لە ساڵی ١٣٨٠دا ڕێکخراوێک بۆ بەتایبەتیکردنی کۆمپانیا دەوڵەتییەکان دامەزرا و لە ١٣٨٤دا لەلایەن ڕێبەری کۆماری ئیسلامییەوە بەپێی بەندی ٤٤ی دەستووردا، بەتایبەتیکردنی کۆمپانیاکانی بە یاسایی کرد، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا نەک هەر ئەم سیاسەتە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو قۆرخکاری شێوازی تری گرتووەتە خۆ.
کەواتە قۆرخکاری لە ئێراندا کێشەیەکی سیستمیک و ڕیشەدارە؛ تەنیا ئەوە نییە کە یەکەیەک یان کۆمپانیایەک تاکە خستنەڕووکار بێت، سەرچاوەی قۆرخکارییەکە دەوڵەتە و دەستی سیاسییەکان و کەرتی سەربازی و ئەمنیی (سپای پاسداران، بەسیج، ئیتلاعات...) لە ئابووریدا ئاوەڵا کردووە؛ هۆکاری ئەمەش بۆ ئایدیۆلۆژی و فەلسەفەی کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە کە پێی وایە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە دەبێ هەموو شتێکی لە کۆنترۆڵدا بێت. هۆیەکی دیکەی قۆرخکاری ئەوەیە کە ڕانت و ئیمتیازی زۆری بۆ قۆرخکار تێدایە، لەبەر ئەم ڕانتەیە کە ناهێڵن قۆرخکاری لەنێو بچێت و، کار و پیشە بەپێی ڕکەبەرایەتی و ئازادانە بگەڕێن. دەوڵەت خۆی خاوەنی پیشەسازییە قورس و سەرەکییەکانی وەک نەوت و گاز، کانزاکان، پیشەسازیی پترۆکیمیا، شەمەندەفەر، ئۆتۆمبێلسازی، ئاسن و پۆڵا، بانک و بیمەیە... ئەم پیشەسازییانە بە کەرتی تایبەت هەڵدەسووڕان، بەڵام لەبەر بوونی ڕانت و پارەی زۆر و بەلاش تێیاندا، نایانەوێ بەتایبەتییان بکەن؛ (بەشێکی ئەم پیشەسازییانە کە بەتایبەتی کراون، لە ڕاستیدا بە هەمان ئەندامان و خاوەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی فرۆشراون کە پێیان دەڵێن «خصولتی»، بە ڕواڵەت کە سەیری دەکەیت تایبەتین بەڵام کەسانی سەر بە سپای پاسداران و کۆماری ئیسلامی خاوەندارێتییان دەکەن). کەشی بازاڕ بۆ ئەم پیشەسازییانە ڕکەبەرایەتی نییە، چونکە ئەمانە دەستیان بە ڕانتی زانیاری، وامی هەرزان و درێژخایەن، سەرچاوەی هەرزان و پاڵپشتیی یاسایی ڕادەگات؛ دەسەڵات لە یاسا و ڕێوشوێنەکاندا چاوی لەمانەیە و ئاگای لێیانە و جۆرەها ڕانتی بۆ دەستەبەر کردوون؛ لەژێر ناوی پاراستنی پیشەسازیی نێوخۆدا گومرگی لە بەرژەوەندیی ئەوان ڕێکخستووە؛ وامی زۆر و درێژخایەنیان پێ دەدات و زۆریشیان وامەکە نادەنەوە؛ خاوەن بەرژەوەندیی ئەم پیشەسازییانە لەنێو دەسەڵاتدا لۆبیگەری دەکەن و ئەوەی لە قازانجیان بێت بە یاسایی دەکەن.
سەرچاوەیەکی تری قۆرخکاری بۆ کۆسپ و بەربەستی ئیداری و بیرۆکراسیی زۆر دەگەڕێتەوە کە ناهێڵن بە ئاسانی یەکە و کۆمپانیا و کەسی نوێ بێنە نێو بازاڕەوە و کار بکەن، بەمە دەڵێن بەربەستەکانی بەردەم دەستبەکاربوون (barriers to entry) لە بازاڕدا؛ بۆ نموونە ئەگەر بتەوێت بەتایبەتی لە کوردستاندا پیشەیەکی بچووکی پەلەوەر بەخێوکردن دابنێی، لەوانەیە زیاتر لە ساڵێک بخایەنێت تا مۆڵەتی کارەکەت پێ بدەن، زۆرجار داواکار لە نیوەی ڕێگەدا پاشگەز دەبێتەوە. خودی پیشەکەش بۆ خۆی بەربەست و کۆسپی بۆ خەڵکی تازە داناوە؛ بۆ نموونە پیشەی پارێزەری، دەبێ لە تاقیکردنەوەی پیشەکە دەربچیت و چەند کەسێکی نێو پیشەکەش دانت پێدا بنێن و دواتر خودی حکوومەتیش زۆری دەوێ مۆڵەتت پێ بدات، بۆ پیشەی پزیشکیش هەروەهایە؛ ئەم کۆسپانە وایان کردووە پارێزەر و پزیشک لە ئێراندا کەم بێت، بەشێکیان لەبەر ئەم بەربەستانە ناچارن ڕوو بکەنە دەرەوە. لە هاوردەی کەلوپەلیشدا ئیمتیازەکە بە زۆری بە کەسانی دیاریکراوی دەسەڵات دراوە، دەمێک ساڵە بە یاسا ئیمتیازی هاوردەی کۆمەڵێک بەرهەم کە خواستی زۆریان لەسەرە بە یەکە و کۆمپانیای دیاریکراو و کەسانی خاوەن دەسەڵات دراوە، لەم بارەوە وشەی «سوڵتان» بۆ ئەم کەسانە بەکارهێنراوە، وەک سوڵتانی قیر، سکە، گۆشت، شەکر، پۆڵا و دەیان بەرهەمی تر. بابەتێکی تر دراوی پاڵپشتیکراوە (ارز ترجیحی) کە بە کەس و یەکە و گرووپی دەستڕۆیشتووی نێو دەسەڵات دەدرێت و ئەمانیش بەشێکی ئەم دراوە لە شتی تردا خەرج دەکەن نەک لە هاوردەی شمەکدا و، ئەم کارەیان دۆخی ڕکەبەرایەتی بۆ ئەو بەرهەمانە لەنێو بردووە و باجەکەی خەڵک دەیدات و شمەک گران و بێکواڵیتی دەگاتە دەستیان (وەک کەلوپەلی نێوماڵی ئێرانی).
بەگشتی خاوەندارێتیی دەوڵەت، بەربەستەکانی پێدانی مۆڵەتی کار، بەکارهێنانی گومرگ و بازرگانیی دەرەکی و کۆتا (quota)، لۆبیگەریی قۆرخکاران، بەربەستی نێو خودی پیشەکان بە سەرچاوەکانی قۆرخکاری دادەنرێن و ئازادیی کار و هەڵبژاردنی دڵخوازانەی پیشە و بەگشتی ئازادیی ئابوورییان پێشێل کردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی دامەزراوەی هێریتیج کە مانگی فێبریوەری ئەمساڵ بڵاوی کردەوە نمرەی ٤١.٨ی بۆ ئێران داناوە؛ ئەو وڵاتانەی نمرەیان لە خوار ٥٠یە، بە وڵاتانی سەرکوتکراو (Repressed) دادەنرێن کە کەمترین ئازادیی ئابوورییان تێدا هەیە.
• نمرەی گشتی: ٤١.٨
• مافی خاوەندارێتی: ٢٠.٢
• دەستپاکیی حکوومەت: ١٦.٢
• کارامەییی دەسەڵاتی دادوەری: ١٨.٧
• باری باج: ٨١.٣
• خەرجیی حکوومەت: ٩٤.٧
• تەندروستیی دارایی: ٨٣.٣
• ئازادیی کاروکاسبی (بیزنس): ٣٧.٤
• ئازادیی کار: ٤١.٨
• ئازادیی دراو (نەختینەیی): ٤٢.٢
• ئازادیی بازرگانی: ٥٥.٨
• ئازادیی وەبەرهێنان: ٥.٠
• ئازادیی دارایی: ٥.٠
جۆری دووەمی شمەک کە ئاماژەی پێکرا شمەکی گشتییە (Public Goods) و لە بازاڕدا بڕ و چۆنیەتییەکەی دیاری ناکرێت. ئەم جۆرە شمەکە بۆ هەموو کەسێکە و کەسی لێ بەدەر نییە، وەک خوێندن، ئاسایش و بەرگری، یاسا، ڕێوشوێن و دادوەری، ڕێگەوبان، پێشگرتن لە قۆرخکاری و پاراستنی ڕکەبەرایەتی، پێشگرتن و کەمکردنەوەی پیسبوونی ژینگە، بیمەی بێکاری، یارمەتیی خەڵکی هەژار. ئەم جۆرە شمەکە لە بازاڕدا ناخرێتەڕوو، خستنەڕووی لە ئەستۆی حکوومەتە. لەبەرئەوەی تەنیا حکوومەت دەیانخاتەڕوو، بۆیە پێویستی بە میکانیزمێک (ڕێککەوتنی سیاسی) هەیە تا بە باشترین شێوە بخرێنەڕوو. ئەگەر چۆنیەتی و چەندییەتیی ئەم بەرهەمانە باش بێت، ئەوا کاریگەریی لەسەر جۆری شمەکی تایبەتی دەبێت، واتە کەشی لەبار بۆ بەرهەمهێنانی شمەکی تایبەتی دەڕەخسێت؛ ئەگەر جۆری شمەکی تایبەتیش باش بێت، ئەوا داهاتی خەڵک بەرز دەبێتەوە و باجی زیاتر بە حکوومەت دەدرێ و شمەکی گشتیش باشتر دەکرێت.
وەک گوترا، بۆ شمەکی تایبەتی میکانیزمی بازاڕی ئازاد هەیە کە لە بازاڕدا ڕکەبەرایەتی هەیە و ڕکەبەرایەتییەکە نرخ هەرزان دەکات و کواڵیتیی شمەک باش دەکات، بۆ شمەکی گشتیش کە لە بازاڕدا ناخرێنەڕوو سیستمی سیاسی هەیە؛ ئەگەر سیستمەکە دێموکراتیک بێت، ئەوا لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە حکوومەتی باش و کارامە هەڵدەبژێردرێت و بە کارامەییەوە ئەرکی بەرهەمهێنانی شمەکی گشتی بەڕێوە دەبات، جگە لە هەڵبژاردن کە تایبەتمەندیی کۆمەڵگەی ئازادە هیچ میکانیزمێکی ترمان نییە بۆ حکوومەتی کارامە و باش (good government)، بەڵام ئەگەر سیستمەکە دێموکراتیک نەبێت، ئەوا هیچ ئامرازێک یان دەزگایەک نییە کە حکوومەت ناچار بکات ئەرکەکانی بە باشی ڕاپەڕێنێت، بۆیە شمەکی گشتیش بە کارامەییەوە بەرهەم ناهێنرێت، نەبوونی دێموکراسی و هەڵبژاردنی ئازادیش قۆرخکاریی دەوڵەت دەڕەخسێنێت.
سیستمی سیاسیی دێموکراتیک بە مانای فرەحیزبی، بوونی خەڵکی ڕووناکبیر، ڕاگەیاندنی ئازاد و چاوکراوەییە کە لە کاتی هەڵبژاردندا لەسەر چۆنیەتیی ئەم جۆرە شمەکە قسە دەکەن و خەڵک کێی پێ باش بێ دەنگی پێ دەدات و هەڵیدەبژێرێ، لێرەدا خەڵک باش و خراپ لێک جیا دەکاتەوە و دەنگ بە باش دەدات، حکوومەتی کارامە هەڵدەبژێرێت، کە حکوومەتی کارزان، شارەزا و لێهاتوو مەرجی بنەڕەتییە بۆ پێشکەشکردنی شمەکی گشتی. ئەگەر سیستمەکە دێموکراتیک نەبوو خەڵک ناچارە گوێڕایەڵی حکوومەت بێت، وەک چۆن لە حکوومەتی سۆسیالیستی و دەوڵەتگەرا کلاسیکەکاندا و ئێستای ئێراندا هەیە، ئیتر لێرەدا کواڵیتیی ئەم شمەکە گشتییانە گوێی پێ نادرێ و نرخیشیان بەرز دەبێتەوە، چونکە حکوومەت تاکە بەرهەمهێنە و هیچ میکانیزمێکیش نییە کە حکوومەت ناچار بکات بە کارامەییەوە ئەم ئەرکەی بەجێ بهێنێت. کەواتە دێموکراسی میکانیزمە بۆ بەرهەمهێنانی کارامەی شمەکی گشتی و ناهێڵێت قۆرخکاری لە دەستی سیاسییەکان و بواری سەربازی و ئەمنیدا بێتە ئاراوە.
بازاڕی ئازاد و دێموکراسی یەک لۆژیکیان هەیە، ئەوەش ئەوەیە کە خەڵک بۆ باشترکردنی گوزەرانیان هەوڵ دەدەن؛ ئەگەر هەڵبژاردن و بەشداریی خەڵک (دێموکراسی) لەئارادا بێت، دۆخی ئابووری باشتر دەبێت، واتە پێوەندییەکی ڕاستەوانە لە نێوان ئازادی و ئابووریدا هەیە، هەرچەندە ئازادی پێشبکەوێت، گەشەی ئابووری زیاتر دەبێت و زۆر لێکۆڵینەوەی ئاماری ئەمە دەسەلمێنن. ئەو کێشە بنەڕەتییەی کە لە ئێراندا هەیە نەبوونی ئازادییە کە ڕکەبەرایەتی لە هەموو پیشە و کارێکدا لەبار بردووە و قۆرخکاری شوێنی گرتووەتەوە، لە ڕووی سیاسیشەوە ئازاد نییە و هیچ میکانیزمێک نییە بۆ هەڵبژاردنی حکوومەتی باش، دەسەڵات چۆنی پێخۆش بێت وای ڕادەدات و بەپێی بەرژەوەندیی لۆبیی قۆرخکاران دەچێتە پێش.