کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی چەند هاووڵاتییەک دوای دەسبەسەرکرانیان

10:05 - 13 خەرمانان 2726

ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان دەرخەری ئەوەن کە چەند هاووڵاتییەکی دیکە لە شارەکانی پیرانشار، سەقز و شنۆ دەسبەسەر کراون و لەسەر چارەنووسیان زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی "کوردپا"، دوای تێپەڕبوونی ١٧ ڕۆژ لە دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانەی "هەمزە دەرویشی"، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی لەبەردەستدا نییە و ناوبراو لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا تەنانەت پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی کورتیشی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری"، لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی "فەردین ئەمینی"، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز و دەسبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی دیکەی خۆڕاگری، "محەممەد ئیبراهیم‌کیا" ناسراو بە موحسین گورگە، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە بەشێوەیەکی سەرەڕۆیانە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی هەنگاو، "میلاد خورشیدی"، خەڵکی شاری مەریوان و مامۆستای قۆناغی سەرەتایی کە لە یەک مانگی ڕابردووەوە لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە، چارەنووسی نادیارە.

شایانی باسە هەتا ئێستا زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکران، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە و هەوڵ و بەدواداچوونی بنەمەڵەکانیشیان بێ‌ئاکام ماوەتەوە.