بەپێی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی "هەنگاو"، لە مانگی ئاگۆستی ۲۰۲۶دا، سزای سێدارەی لانیکەم ۸۹ بەندکراو لەوانەش ٦ بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتی لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، سزای سێدارەی لانیکەم ۶ ژن لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە کە بریتیین لە؛ مەهتاب شێرمحەممەدی خەڵکی تەورێز، مەرزییە نەیێری خەڵکی قەزوێن، دنیا محەممەدی خەڵکی ئیلام، فاتمە کەماک زارع خەڵکی کەرەج، زەهرا عەزیزپوور خەڵکی ئەردەبیل و ئارەزوو ڕەستاد خەڵکی ئێسفەهان.
شایەنی باسە کە لە سەرجەم ۸۹ بەندکراوی لەسێدارەدراو لە ماوەی مانگی ئاگۆستدا، تەنیا ۸ حاڵەت واتا ٩٪ی کۆی حاڵەتەکان لە سەرچاوە فەرمییەکانی ڕێژیمدا و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای بەناو دادوەرییەوە بڵاو کراونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، سزای سێدارەی ۱۱ بەندکراو بە نهێنی و بەبێ ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیان و مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان و هەروەها سزای سێدارەی ۲ بەندکراو لەپێش چاوی خەڵکدا جێبەجێ کراوە.
لە ماوەی مانگی ڕابردوودا لانیکەم ۶ بەندکراوی سیاسی و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار و هەروەها شەڕی چل ڕۆژە بە تۆمەتی وەکوو موحاربە و سیخوڕی لەسێدارە دراون کە شوناسیان بەو شێوەیە بووە؛ ئاروین خەیرخاهان تەمەن ۲۰ ساڵ و لە دەسبەسەرکراوانی بەفرانبار، پووریا سەفوەت، بەندکراوی سیاسیی تورک و خەڵکی ورمێ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، ئومید بێهزاد، خوێندکاری کورد و خەڵکی ورمێ بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل، شەهرام سادقی، لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار، قائێم حوسێنی، بەندکراوی تەمەن ۲۰ ساڵ و خەڵکی ئەفغانستان، مەجید ئادینە، لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار.
هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە لەو ڕێژەیەی لەسێدارەدراوان، ٢٠ بەندکراوانی کورد، ١٧ بەندکراوی تورک، ٧ بەندکراوی گیلەک و مازەن، ٦ بەندکراوی بەلووچ، بەندکراوێکی عەرەب، ٢٢ بەندکراوی فارس، ٤ بەندکراوی ئەفغانستانی بوونە.