کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەپاندنی سزای قورس بەسەر لە دەسبەسەرکراوێکی دیکەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار لە ورمێ

10:50 - 13 خەرمانان 2726

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، "سامان قادری"، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ و لە دەسبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤، لەلایەن بەناو دەزگای دادوەریی ڕێژیمەوە، سزای ١٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی هێرانا، لقی ٢٦ی بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیم لە تاران بە سەرۆکایەتیی ئیمان ئەفشاری، ئەم هاووڵاتییەی بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی ئەمنییەتی میللی" بە ١١ ساڵ و بە تۆمەتی "سووکایەتیی بە پیرۆزییەکان" بە ٣ ساڵ بەندکران سزا دراوە.

سامان قادری لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ دەسبەسەر کراوە و لە ئێستادا لە بەندیخانەی تارانی گەورەدا ڕاگیراوە.

ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤، سەرەتا لە بازاڕی گەورەی تارانەوە دەستی پێکرد و دواتر بوون بە زنجیرەیەک ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەربڵاو لە سەرانسەرى ئێران و بۆ زۆربەی شارەکانی دیکەی ئێران بەخێرایی پەرەی سەند.

 ئەم ناڕەزایەتییانە بەهۆی قەیرانی قووڵی ئابووری، بێ بەهابوونی دراوی ڕیاڵ لە بەرانبەر دۆلار و خراپیی بارودۆخی گوزەرانی خەڵکەوە سەریان هەڵدا و تێیدا دروشمی توند و ساختارشکێن دژ بە ڕێژیمی تاران درا.