کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی لانیکەم ١٦ خوێندکار لە ئێران

10:54 - 13 خەرمانان 2726

سەرچاوە خوێندکارییەکان زانیاری لەسەر بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی دۆخی لانیکەم ١٦ خوێندکار دەدەن کە لە کاتی خۆپێشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردووەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی کاناڵی تێلێگرامیی "دانشجویان متحد"، ئەگەری هەیە ژمارەی خوێندکارە دەسبەسەرکراوەکان لەم ژمارەیەش زیاتر بێت؛ چونکە بنەماڵە و نزیکەکانی بەشێک لە دەسبەسەرکراوان لە ترسی لێکەوتە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان، لە بڵاوکردنەوەی ناو و زانیاری لەسەر دۆخی ڕۆڵەکانیان خۆیان پاراستووە.

سەرچاوە خوێندکارییەکان سەبارەت بە قووڵبوونەوەی هەڵسوکەوتە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان دژ بە خوێندکاران نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە نەبوونی زانیاریی ڕاستەقینە، مەترسیی ناڕوونیی زیاتر لەسەر دۆخی تەندروستی و یاسایی ئەم دەسبەسەرکراوانە زیاتر دەکات.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر شوێنی ڕاگرتن، تۆمەتە ئاڕاستەکراوەکان و ڕەوتی دادگاییکردنی ئەم خوێندکارانە لە بەردەستدا نییە.