ڕۆژی شەممە ١٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، پەری و ڕۆیا سامانی، دوو خوشکی خەڵکی مەهاباد، پاش بانگکرانیان بۆ لقی ١ لێکۆڵینەوەی بەناو دادگای ئینقلابی ڕێژیم لەو شارە، تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"یان درایە پاڵ.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆیی کوردپا، بنەمای ئەم تۆمەتانەی هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم لە مەهاباد بۆ ئەندامبوونی ئەم دوو خوشکە لە گرووپێکی تێلێگرامی لە ساڵی ڕابردوودا دەگەڕێتەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە هێزە سەرکوتکەرەکان و بەناو دادگای ڕێژیم هیچ بەڵگەیەکیان بۆ سەلماندنی ئەم بانگەشەیە نەخستوووەتە ڕوو.
ڕۆژی چوارشەممە ٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ڕێژیم هەڵیانکوتایە سەر ماڵی پەری و ڕۆیا سامانی، دوو خوشکی خەڵکی مەهاباد و دوای پشکنینی ماڵەکە، دەستیان بەسەر کەلوپەلە ئێلێکترۆنییەکانیانیاندا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، ئەو هێزانەی ڕێژیم بەبێ بەڵگەی یاسایی دەستیان بەسەر مۆبایل و لەپتاپی ڕۆیا سامانی و مۆبایلی پەری سامانیدا گرتووە.