ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٥، شاندێکی نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پێکهاتوو لە بەڕێزان بەها ئیبراهیمی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە بێلژیک و ژیار قاسمی بەرپرسی بەشی پێوەندییە کوردستانی و ئێرانییەکانی کۆمیتەی حیزب لەو وڵاتە، بەشدارییان لە کۆنفرانسی «نوێنەرایەتیکردنی نەتەوەی کورد لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان» لە شاری برووکسێل کرد.
لە میانەی کۆنفرانسەکەدا، بەها ئیبراهیمی وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم جۆرە هەوڵانە پێشینەیەکی مێژوویی هەیە و ساڵانێکی زۆرە حیزبی دێموکرات لە ڕێگەی کۆڕ و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکان، وەک ئەندامەتی لە ڕێکخراوی «سۆسیالیست ئینتەرناسیۆناڵ» و "یووئێنپیئۆ" ، هەوڵی داوە دەنگی ڕەسەنی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بگەیەنێتە کۆڕبەندە جیهانییەکان.
هەروەها ناوبراو تیشکی خستە سەر پێویستیی کارکردنی هاوبەش و ئاڵوگۆڕی زیاتری بیروڕا لە نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و جەختی لەسەر بەردەوامیی خەبات لە سەرجەم ڕەهەندەکاندا بۆ دەستەبەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد کردەوە.
شایانی باسە، ئەم کۆنفرانسە لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)وە بە بەشداریی لایەنە سیاسییەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان ڕێکخرابوو؛ لە پەراوێزی دانیشتنەکاندا، شاندی حیزبی دێموکرات دیداری لەگەڵ دۆستان و لایەنە بەشداربووەکان نوێ کردەوە و ئامادەیی خۆی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە نیشتمانییەکان لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکان دەربڕی.