ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی، مامۆستا ڕەحمەت دەبیری، مامۆستای ئایینیی نیشتمانپەروەری خەڵکی ئاوایی مێراو سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنە، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە لە تەمەنی ٨۰ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
مامۆستا ڕەحمەت ماوەیەک مامۆستای ئایینی و پێشنوێژی ئاوایی مێراو بووە و هەمیشە وەک تاکێکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەر دەردەکەوت و بەردەوام ڕێنوێنێکی دڵسۆز و باش بۆ خەڵکی ئاوایی مێراو و ناوچەی ژاوەرۆ بوو.
ناوبراو بێجگە لەوەی کەسایەتییەکی ئایینی بوو، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و بەهەڵوێستیش بوو و باوەڕی تێکەڵ بە هەستی کوردایەتی ببوو، هەر بۆیەش زۆر جاران پێشمەرگە لە باخەکەیدا سەردانی ناوبراویان دەکرد.
مەلا ڕەحمەت لەنێو خەڵکی ئاوایی مێراودا جێگەی ڕێز و حورمەت و متمانە بوو.
هەرچەند ناوبراو بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماوەیەک بوو وازی لە پێشنوێژی هێنا بوو، بەڵام هەر لە ڕێنوێنیی خەڵک دەستی هەڵنەگرت.
تەرمی ناوبراو لە گۆڕستانی ئاوایی مێراو و لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.