کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەقز؛ ٢١١ ڕۆژ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی ئارمان خالق‌پەنا

14:44 - 13 رەزبەر 2726

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢١١ ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانە و برینداربوونی «ئارمان خالق‌پەنا»، لاوی ٣٥ ساڵەی خەڵکی سەقز، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و دۆخی تەندروستی لەبەر دەستدا نییە و بنەماڵەکەی لە ناڕوونییەکی تاقەتپڕووکێندا دەژین.

ئارمان خالق‌پەنا لە ١٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ لەگەڵ هاوڕێیەکی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە تەقەیان لێکرا و لە نێوقەد بۆ خوارەوە بریندار و دەسبەسەر کرا. سەرەڕای سەردانی بەردەوامی بنەماڵەکەی بۆ ناوەندە بەناو دادوەری و ئەمنییەکانی سەقز، سنە و تاران، هیچ وڵامێکی ڕوونیان لەسەر زیندووبوون یان کوژرانی پێنەدراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سیستەمی تۆماری باری کەسیی وڵاتدا دۆخی ناوبراو هێشتا بە «لە ژیاندا ماوە» تۆمار کراوە. دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیم تەنانەت بە ناردنی نامەی ساختە بۆ زیندانی قوروە هەوڵی چەواشەکردنی دۆخی ناوبراو و تێکدانی باری دەروونیی بنەماڵەکەیان داوە. ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم ڕەفتارەی کۆماری ئیسلامی بە نموونەی ئاشکرا و ڕوونی «بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ» دەزانن.