کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند هاووڵاتیی دیکە لە بۆکان، مەهاباد و دێولان بەبێ هۆکار دەسبەسەر کران

14:52 - 15 رەزبەر 2726

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هەرکام لە سیاوەش فەیزوڵڵاهی، خەڵکی بۆکان، عەلی ڕیاحی، خەڵکی مەهاباد و  یەدوڵڵا مەتاعی و فەرامەرز ساعدی خەڵکی دێولان بەبێ هۆکار لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کران.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤیی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۱۴ی ڕەزبەر، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم بە هەڵکوتانە سەر ماڵی سیاوەش فەیزوڵڵاهی هاووڵاتیی تەمەن ۲۶ ساڵەی بۆکانی بەبێ بەڵگەی یاسایی، دەسبەسەریان کردووە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی دووشەممە ۱۳ی ڕەزبەر، عەلی ڕیاحی، خەڵکی ئاوایی «قەرەقشڵاق»ی سەر بە ناوچەی شاروێرانی مەهاباد، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

 ناوبراو پێشتریش پێشینەی چەند جارێک دەسبەسەرکردنی هەبووە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی هەنگاو، یەدوڵڵا مەتاعی، خەڵکی دێولان، ڕاهێنەری بواری کاراتە و یەکێک لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە لە دێولان دەسبەسەرکرا و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.

ناوبراو پێشتریش ڕووبەڕووی هەڵسوکەوتی تۆڵەسێنەرانەی دامەزراوە بەناو ئەمنییەکانی ڕێژیم ببووەوە و بۆ هەمیشە لە ڕاهێنەرایەتی و چالاکییە وەرزشییەکان بێبەش کرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۱۴ی ڕەزبەر، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕێژیم لە یەکێک لە شەقامەکانی دێولان بە کەڵکوەرگرتن لە توندوتیژیەکی زۆر، فەرامەرز ساعدی، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئەم شارەیان دەسبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەسبەسەرکران، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.