
حەسەن شێخانی
دوای ٧ی ئۆکتۆبر و لە ڕەوتی ڕووداوەکانی دوای ئەم کارەساتە، کۆماری ئیسلامی زۆر خۆپارێزانە جووڵایەوە؛ ئەم خۆپارێزییە ـ بە حەق ـ وەک لاوازی لێکدرایەوە و بەستێنی بۆ هەنگاوەکانی دواتری ئیسرائیل لەبار کرد.
لە کاتێکدا کە ئیسرائیل هێرشبەرانە و بەپلان و بەچڕی لە هێزە نیابەتییەکانی ڕێژیمی دەدا و خەریکی لاوازکردن و لەنێوبردنیان بوو، ڕێژیمی ئێران، لەژێر ناوی، یان باشترە بڵێم، بەبیانووی «سەبری ستراتیژیک»، پاسیڤ دەجووڵایەوە و کارێکی ئەوتۆی بۆ پشتیوانی لە گرووپ و میلیشیاکانی سەر بە خۆی نەکرد و بە بەرچاوی ئەوەوە ئیسرائیل خەریکی کوشتن و لەنێوبردنیان بوو. لەڕاستیدا هێرشەکانی ئیسرائیل لەوە بەهێزتر بوون کە ئەم گرووپانە خۆیان لەبەر ڕابگرن و ڕێژیمی ئێرانیش بتوانێ، بێ ئەوەی کە ڕیسکێکی گەورە بکات، بە شێوەیەکی جیددی یان ڕاستەوخۆ، پشتگیرییان بکات.
ئەوەی پێی دەگوترا «یەکگرتوویی مەیدانەکان» (وحدت ساحات)—واتە ئەوەی کە هەموو گرووپ و میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی بەیەکەوە و بە هاوبەشی لە ئیسرائیل بدەن—زیاتر لەسەر کاغەز مایەوە و جێبەجێ نەکرا و کاراییەکی ئەوتۆی لەدژی ئیسرائیل نەبوو؛ چونکە توندی و چڕیی هێرشەکانی ئیسرائیل بەڕادەیەک بوو کە ئەم پیلانەی ڕێژیم و نیابەتییەکانی، دەرەقەتی نەدەهات و لە ئەنجامدا ئیسرائیل بەتوندی لێی دەدان و بەخێرایی دەهاتە پێش. ئەم ڕەوتە دوژمنانی ئیسرائیلی خستە دۆخێکی بەرگریکاری و پاسیڤەوە.
پەردەیەکی دیکەی پێشڤەچوونەکانی ئیسرائیل لەم قۆناخەدا، ڕووخانی ڕێژیمی بەشار ئەسەد بوو، کە پێگەیەکی سەرەکیی ترانزیتی و گواستنەوەی چەکوچۆڵ بوو بۆ حیزبوڵڵا و حەماس و جیهادی فەلەستین. ڕووخانی ڕێژیمی ئەسەد زەبرێکی گەورە بوو لە بەرەی بەناو «موقاوەمە» و، کەلێن و مەودایەکی گەورە و کاریگەری لەنێوان بەشەکانی ئەم بەرەیەدا دروست کرد. ئیتر سووریە وەک پێگەیەکی ڕێژیمی ئێران لەدژی ئیسرائیل بوونی نەما کە لەوێشەوە چەکوچۆڵ بۆ میلیشیاکانی سەر بە خۆی لە لوبنان و فەلەستین، بگوازێتەوە. نەک تەنیا ئەمە، بەڵکوو سووریە کە جاران وەک پێگەیەکی ڕێژیمی ئێران وابوو، بە هاتنەسەرکاری ئەحمەد شەرع، ڕەوتەکە بەتەواوی پێچەوانە بووەوە و ئەمجارە سووریە لەجیاتی ئەوەی دژایەتیی ئیسرائیل بکا، کەوتە بەرەی دژی ئێرانەوە.
لە درێژەی دۆمینۆئاسای ئەم ڕووداوانە و پاشەکشەپێکرانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا، ئیسرائیل لە ٢٠٢٥دا هێرشێکی لەناکاو و چڕی کردە سەر ئێران و دوازدە ڕۆژی خایاند. کۆماری ئیسلامی بەپێچەوانەی پڕۆپاگەندە و هەڕەشە و گوڕەشەکانی پێشووی، لاواز دەرکەوت و زەبری گەورەی بەرکەوت و زیانی زۆری پێ گەیشت؛ هەم لە کوژرانی فەرماندە باڵاکانییەوە تا دەگاتە بەئامانجگیرانی پێگە ئەتۆمی و سەربازییەکانی. ئاسمانی ئێران بوو بە شاڕێی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل. ئێران لە ڕووی بەرگریی دژەئاسمانی و هەواڵگرییەوە شکستی ڕەهای خوارد. ئیتر ئەو سیستمە بەرگرییانەی خۆی دروستی کردبوون، بچووکترین کاراییان نەبوو و لە یەکەم خولی هێرشەکاندا، ئیسرائیل لەنێوی بردن. ڕاگیرانی شەڕی دوازدە ڕۆژە لەلایەن ئیسرائیلەوە لە ناچاری و لەبەر کاریگەریی هێرشە مووشەکییەکانی ڕێژیمی ئێران نەبوو، بەڵکوو ئەم شەڕە پەردەیەکی تاقیکاری و ئەزموونێک بوو بۆ هەنگاوی دواتری ئیسرائیل و ئەمریکا لەدژی ئەو ڕێژیمە.
شەڕی دوازدە ڕۆژە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا. زۆرێک لە لێکدانەوەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی بردە ژێر پرسیار و پووچەڵی کردەوە. ڕوانگەی جیهانی دەرەوەی بەنیسبەت ڕێژیم گۆڕی؛ ئەو وێنایەی کە پێشتر کۆماری ئیسلامی لە خۆی نەخشاندبوو جێگەی خۆی دا بە وێنای ڕێژیمێکی لاواز، کە کەلێن و لاوازیی زۆری تێدایە و دەکرێ زەبری گورچکبڕی لێ بدرێ. هەر ئەمەش وای کرد کە ئیسرائیل و ئەمریکا هیوادارتر لە پێشوو لەدژی بجووڵێنەوە و کار بکەن؛ تا ئەو ڕادەیەی کە بەتایبەت ئیسرائیل ڕووخانی ڕێژیمی خستە ئەجێندای کارییەوە و هیوادار بوو کە بتوانێ کۆتایی بەم ڕێژیمە بێنێ.
لەم کەشوهەوایەدا بوو کە ئیسرائیل و ئەمریکا، ئەمجارە بە هاوبەشی، لە ٢٨ی فێورییەی ٢٠٢٦دا، لەناکاو هێرشیان کردە سەر کۆماری ئیسلامی و لە یەکەم ساتەکانی ئەم شەڕەدا خامنەیی و کۆمەڵێکی زۆر لە فەرماندە هەرە باڵاکانی ئەم ڕێژیمەیان لەنێو برد.
وەڵامدانەوەی خێرای کۆماری ئیسلامی بە هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا، دەریخست کە ڕێژیمیش لە ماوەی نێوان کۆتایی شەڕی دوازدە ڕۆژە تا دەستپێکی شەڕی چل ڕۆژە، بێکار دانەنیشتووە و ئامادەکاری کردووە و پلانی داڕشتووە.
هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و بەناوچەییکردنی شەڕەکە و، بەستنی گەرووی هۆرمز لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە، تاڕادەیەک ئەمریکاشی شۆک کرد؛ پێیان وا نەبوو بەم توندی و بەم شێوەیە وەڵام بداتەوە و پەرچەکردار نیشان بدا. لەم شەڕەدا دەرکەوت کە ئەم ڕێژیمە تا ڕادەیەک توانای بەرگری هەیە. بەتایبەت هەر ئەوەی کە نەڕووخا، تووشی وەهمی مانەوەی کرد و متمانەبەخۆبوونێکی درۆیینی بە سەرانی ڕێژیم دا.
شەڕەکە دوای چل ڕۆژ وەستا بەڵام کۆتایی نەهات. ئەمریکا وەک زلهێزێک کە لەگەڵ کۆسپ و تەنگژەیەک بەرەوڕوو دەبێت، دەستەوەستان نابێت و ئەگەر پێشوەختە بەرنامە و پلانیشی نەبووبێت، پراگماتیکییانە و زیندوو و خولقێنەرانە، پلان دادەڕێژێ و بەرەوڕووی کۆسپەکان و تەنگژەکان دەبێتەوە. هەنگاوەکانی ئەمریکا لەدوای شەڕی چل ڕۆژەوە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەن.
ئەمریکا لەدوای شەڕی چل ڕۆژە، لاوازکردن و لێدان لە ئامرازەکانی هێزی کۆماری ئیسلامیی خستووەتە بەرنامەی کارییەوە:
١. دوای بەستنی گەرووی هۆرمز لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە، ئەمریکا گەمارۆیەکی دەریایی چڕی خستە سەر ئێران و ئەوەتا دەبینین کە ناهێڵێ یەک بەرمیل نەوتیشی بە کەنداودا تێپەڕێ و دەرباز بێت. بێجگە لەوە، بەپێچەوانەی سەرەتای داخرانی گەرووی هۆرمز لەلایەن ئێرانەوە، کە نەیدەهێشت کەشتییە نەوتهەڵگرەکان بە گەرووی هۆرمزدا تێپەڕن، ئێستا بە ئیسکۆرتی ئەمریکا نەوتێکی زۆر بە گەرووی هۆرمزدا تێدەپەڕێ، کە بەپێی ئامارەکان لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەیشتووەتە سەرووی ئاستی پێش شەڕەکە و داخرانی گەرووەکە. خاڵی وەرچەرخان ئەوەیە کە ئەمریکا کارێکی وای کردووە ئامرازی گەرووی هۆرمزی لە دەستی ئێران هێناوەتە دەر و لانیکەم ئەم کارتە گوشارەی زۆر لاواز کردووە.
٢. لە ڕەوتی شەڕی چل ڕۆژەدا حیزبوڵڵا ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە لێدانی ئیسرائیلدا. لەڕاستیدا بەپێی دابەشکارییەک کە کرابوو، ڕێژیمی ئێران تاڕادەیەکی زۆر هێرش بۆ سەر ئیسرائیلی بە حیزبوڵڵا سپاردبوو و بۆخۆی مژوولی هێرش بۆ سەر وڵاتانی کەنداویش بوو. ئیسرائیل و ئەمریکا هەر لە یەکەم ساتەکانی دوای شەڕەکەوە، کەوتنەخۆ کە ئەم ئامرازەش لە دەست کۆماری ئیسلامی بێننە دەر یان لانیکەم زۆر لاوازی بکەن. هەرچەند بەپێی ڕێککەوتنی کاتیی ئێران و ئەمریکا ـ کە زۆر زوو هەڵوەشایەوە ـ دەبوو شەڕ لە هەموو بەرەکان ڕاوەستێ، بەڵام ئیسرائیل گوێی بەمە نەدا؛ هەر لە یەکەم ساتەکانی دوای شەڕی چل ڕۆژەوە هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا درێژە پێ دا و چڕی کردەوە. ئێستا ئیسرائیل بە بەراورد بە کاتی وەستانی شەڕی چل ڕۆژە، ڕووبەرێکی زیاتری لە باشووری لوبنان داگیر کردووە و چەندین تونێل و شوێنی ستراتیژیی حیزبوڵڵای لەنێو بردووە و بەنیازیش نییە کە بەشێکی گەورە لەو شوێنانەی داگیری کردووە چۆڵی بکا و پاشەکشەی لێ بکا؛ تەنانەت وەک غەززە سیاسەتی زەوی سووتاو لە باشووری لوبنان پێڕەو دەکات. بەکورتی، ئەم ئامرازەش کە لە شەڕی چل ڕۆژەدا لە قازانجی کۆماری ئیسلامی دەوری بینی، لاواز کراوە و پێناچێ لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی دووبارەدا بتوانێ ئەو ڕۆڵەی جارانی هەبێت.
٣. لە عێراقیش پرسی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنتڕۆڵی دەوڵەت لە ڕۆژەڤدایە و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق، عەوداڵی ئەمەیە و دەیەوێ جێبەجێی بکات. ئەمەش بێگومان لە زیانی کۆماری ئیسلامییە.
٤. ئەمریکا لە ڕێگەی گەمارۆی ئابووری، دەریایی و ئاسمانی، پاژنەی ئاشیلی کۆماری ئیسلامیی بەئامانج گرتووە. دەیەوێ ئابووریی نەخۆشی ئێران خەفە بکا؛ پێی خستووەتە سەر گەرووی ئابووریی ئێران و خستوویەتە دۆخێکی دژوار و بەرەو هەڵدێرەوە. هەموو نیشانە و داتاکانی ئابووریی ئێران، لە چوونەسەری نرخی شتومەک و دۆلارەوە بگرە تا دەکاتە کەرتی بەرهەمهێنان، بە ڕوونی پیشان دەدەن کە کەمپەینی خەفەکردنی ئابووریی ئێران زۆر کاریگەر بووە و ئەمەش وەک داڕێژەرانی گەڵاڵەی گەمارۆکان، دەیانەوێ، بەستێنی بۆ سەرهەڵدانی جەماوەری، لە ئەنجامی هەژاریدا خۆشتر کردووە. لێرەدا ئەمریکا بەستێنی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی بەئامانج گرتووە و بە چڕی و تۆکمە و بە بەرنامە کاری لەسەر دەکا. واتە ئەگەر لە شەڕی چل ڕۆژەدا، بەپێچەوانەی چاوەڕوانیی ئیسرائیل، خەڵک ڕانەپەڕی، ئەمجارە، لە ئەنجامی خراپتربوونی دۆخی ئابووری بەگشتی و بژێویی ژیان بەتایبەتی، ڕاپەڕینی خەڵک ئەگەرێکی بەهێزترە. ئەم گەمارۆیانە کێشەیەکی گەورەیان بۆ کۆماری ئیسلامی دروست کردووە؛ هەم لەو پێگە کەمە کۆمەڵایەتییەی تا ئێستاش ماویەتی، دەدات و هەم خەڵکی ناڕازی ناڕازیتر دەکا بەچەشنێک کە سەبری خەڵک لە تەواوبووندایە و ئەگەری تەقینەوە لە هەر دەرفەتێکدا لە ئارادایە.
دەرەنجام
لە ٧ی ئۆکتۆبر بەم لاوە گڵۆڵەی کۆماری ئیسلامی کەوتووەتە لێژی. ڕاستە لە شەڕی چل ڕۆژەدا، وێڕای ئەو زەرەر و زیانە زۆرانەی بە کۆماری ئیسلامی گەیشت، توانییان بەرگرییەیەک لە خۆیان بکەن، ئەمەش وەهمی مانەوەی پێدان و وایان زانی دەربازییان بووە، بەڵام لەدوای شەڕەکەوە، لە ئەنجامی بەرنامە و پلانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، ئامرازەکانی هێزی کۆماری ئیسلامی یەک لەدوای یەک لاواز دەکرێن و لەدەستی دێنە دەر. تێپەڕینی کات لە زیانی کۆماری ئیسلامییە. دۆخەکە ئاڵۆز و پێچەڵپێچە، بەڵام یەک شت ڕوونە ئەویش ئەمەیە: بە لاوازبوونی ئامرازەکانی هێزی کۆماری ئیسلامی، ڕووبەڕووبوونەوەی ئاسانتر و ئاسۆی گەیشتن بە ئامانج ڕوونتر دەبێت؛ لەم هاوکێشەیەدا، ئەرکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان و سەرجەم هێزە دژبەرەکانی ڕێژیمە کە بە هوشیاری و ئامادەیی تەواوەوە، خۆیان بۆ ڕێبەرایەتیکردنی ئەگەرە چاوەڕوانکراو و چاوەڕواننەکراوەکان ئامادە بکەن.