کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشناو لە ورمێ

21:12 - 15 رەزبەر 2726

ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک قادر قاسمیزادە گونبەدی، کەسایەتیی نیشتمانپەروەر و خۆشناوی شاری ورمێ و ناوچەی سۆما و برادۆست، بەهۆی نەخۆشییەوە، لە تەمەنی ٧٦ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

کاک قادر ساڵی ١٣٢٩ی هەتاوی لە ئاوایی گونبەد سەر بە ناوچەی سۆمای سەر بە شاری ورمێ، لە دایک بوو.

ناوبراو لەنێو خەڵکی شاری ورمێ و ناوچەی سۆما و برادۆستدا، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و خۆشناو  و جێگای ڕێز بووە.

لە ساڵەکانی خەباتی چەکداری و جموجۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا، هەمیشە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بووە لە ناوچەودا، و بەهۆی ئەم پشتیوانییەوە، چەندین جار لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کراوە و ئازار و ئەشکەنجە دراوە.

ناوبراو برای کەسایەتیی سیاسی عەبدوڵڵا حیجاب بوو و دوو برازای بە ناوەکانی سینا و یارسان قاسمیزادە لە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندان.

 ناوبراو بەردەوام هاندەری لاوان بۆ نیشتمانپەروەری و پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی شۆڕش بووە و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بەو ڕێبازە مایەوە.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا و لە زێدی خۆی بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.