
عومەر باڵەکی
١٧ی خەرمانانی ئەمساڵ هەشتاویەکەمین کۆبوونەوەی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی بە کار کرد. کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یەکێک لە گرینگترین دامەزراوەکانی سیستمی جیهانییە و سەرەکیترین شوێنی کۆبوونەوەی نوێنەرانی وڵاتانی جیهانە کە تێیدا هەموو پرس و بابەتە گرینگەکان لە لایەن نوێنەرانی وڵاتانەوە دێنە بەر باس. ئەمساڵیش بە نوێنەرایەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرکۆماری ئەو ڕێژیمە، پزشکیان لەو کۆڕبەندەدا وتاری خوێندەوە. سەرکۆماری ڕێژیم لە وتارەکەیدا هەوڵی دا ڕوو بە جیهان ئەوە بسەلمێنێ کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بێهۆکار کەوتووەتە بەر هێرش و پەلاماری دەوڵەتەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و لەبەرچاوی دنیادا زوڵم و غەدری لێ دەکرێ، بێ ئەوەی باس لە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕەکە بکا. پزشکیان بۆ سەلماندنی مەزڵوومییەتی خۆیان دەڵێ: «ئێمە قوربانیی دەستی تێرۆرین»، قوتابخانە و شوێنە گشتییەکانمان کەوتوونەتە بەر پەلامار و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی لەو چەشنە لە وتارەکەیدا باس دەکا. لێرەدا ئاماژە بە چەند خاڵێک دەکەین کە شابەیتی قسەکانی پزشکیان لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا بوو، بۆ ئەوەی بزانین قسەکانی پزشکیان چەندە چەواشەکاری و دووڕوویی تێدایە.
پزشکیان سەرکۆماری ڕێژیم ڕوو بە ئامادەبووان لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارەکەی خۆی بەو ڕستەیە دەست پێ کرد: «ئێمە تێرۆریست نین، ئەوانەی بە ئێمە دەڵێن تێرۆریست، خۆیان لە ئێران کردەوەی تێرۆریستییان ئەنجام داوە». وا دیارە لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی تاران بە پزشکیانەوە، تێرۆر پێناسەی جیاوازی هەیە لەوەی کە هەتا ئێستا لە فەرهەنگی سیاسیدا بۆی کراوە. چونکە ئەگەر بە دوای مانای ڕاستەقینەی تێرۆردا بڕۆین، بە دڵنیایییەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە پزشکیان سەرۆکی دەوڵەتەکەیەتی، پلەی سەد لە سەد لە تێرۆریزمی دەوڵەتی بۆ خۆی مسۆگەر دەکا و بە هەموو پێوەرە قانوونییەکانی سەردەمی ئێستا، کارنامەی دامەزرێنەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چ لە سەردەمی ڕێژیمی پاشایەتی و چ دوای ڕووخانی ڕێژیمی پاشایەتی، پڕە لە تێرۆر و ترس و تۆقاندنی دژبەرانی خۆیان. ئەگەر لە سەردەمی ئێستادا بەگشتی دەوڵەتان هەوڵ دەدەن خۆ بەدوور بگرن لە لایەنگریی کردەوەی تێرۆریستی، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی نەک کردەوەی تێرۆریستی بە خراپ نازانن، بەڵکوو بە ئاشکرا لە نێوخۆ و دەرەوەی ئێران بە شێوەی ڕەسمی لە کردەوەی ڕەشەکوژی و تێرۆریزم کەڵک وەردەگرن بۆ زیاتر مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا؛ بەو واتایە کە تێرۆری دەوڵەتی بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە هەیکەلی سیاسی و ئیداریی ڕێژیمی ئێران.
پزشکیان دەبوایە پێش ئەوەی لە تریبۆنی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان باس لەوە بکا کە ئەوان بوونەتە قوربانیی تێرۆریزم، بیری لەوە کردبایەوە کە بەشێکی بەرچاو لە نوێنەرانی دەوڵەتان کە لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا دانیشتوون، لە ٤٧ ساڵی ڕابردوودا قوربانیی دەستی تێرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن کە لە نێو وڵاتەکانی ئەواندا تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی کردەوەی تێرۆریستییان ئەنجام داوە و سەروەریی خاک و ئەمنییەتی وڵاتەکەیانی خستووەتە مەترسییەوە. بەپێی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان، لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چل وڵاتی دنیا لە ٣٦٠ تێرۆری ئامانجداردا دەستیان هەبووە، ئەوە بێجگە لەو تێرۆر و ڕەشەکوژییانەیە کە لە نێوخۆی ئێران لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە لەو ماوەیەدا بەڕێوە چوون. بۆیە دەبێ پزشکیان ئەوە بزانێ کە کارنامەی تێرۆر و تێرۆریستپەروەریی کۆماری ئیسلامی بابەتێک نییە بە وتارێک لە کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاوی زەمزەمی بەسەردا بکرێ و پاک بێتەوە.
لە نیوەی دووەمی ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی کە شۆڕشی گەلانی ئێران بە دژی ڕێژیمی پاشایەتی لە لایەن خومەینی و لایەنگرانی بەناو بەرەی دژی ئیمپریالیزم دەستی بەسەردا گیرا و بەلاڕێدا برا، لەو کاتەوە دنیا شاهیدی ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی تاران بۆ مانەوەی خۆیان لە دەسەڵاتدا، لە هیچ کردەوەیەکی نایاسایی و دژەئینسانی کە هەموویان دەچنە خانەی تێرۆرەوە دەستیان نەپاراستووە، بە جۆرێک کە دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران کاریان بۆ ئەوە کردووە کە تێرۆر و تێرۆریستپەروەری بکەن بە یەکێک لە کەرەستەکانی دەسەڵاتداریەتیی خۆیان. هەر وەک پێشتر ئاماژەی پێ کرا، کردەوە تێرۆریستییەکان لە سەرانسەری جیهان کە بە پاڵپشتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ئەو ٤٧ ساڵەدا بەڕێوە چوون، ئەوەندە زۆر و دیارن کە پزشکیان و دەوڵەتەکەی ناتوانن خۆیانی لێ بێبەری بکەن. چونکە لە چەندین وڵات کە کردەوەی تێرۆریستیی تێدا ئەنجام دراوە، دوای لێکۆڵینەوەکانی دەزگا ئەمنی و پۆلیسییەکانی ئەو وڵاتانە بە بەڵگە دەرکەوتووە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەموو توانای ماددی و مرۆییەوە لە پشت کردەوە تێرۆریستییەکان بووە؛ لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە حوکمی دادگاکانی ئاڵمان، ئارژانتین، فەڕانسە، عەرەبستانی سعوودی و هتد بکەین کە ڕاستەوخۆ بڕیارەکانی دادگا ڕوویان لە دەسەڵاتدارانی باڵای ئێرانە کە بڕیاردەری سەرەکیی ئەو کردەوە تێرۆریستییانە بوون.
پزشکیان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا وێنەی منداڵانی قوتابخانەی شاری میناب لە پارێزگای هورموزگان نیشانی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە دەدا و دەڵێ: ئەوانە بە مووشەکی سوپای ئەمریکا کوژراون و لە هەمان کاتدا باسی لە کوژرانی منداڵانی غەززە کرد، بێ ئەوەی بۆ چرکەیەک ویژدانی وەئاگا بێتەوە کە چوار ساڵ لەمەوبەر لە ٦ی ڕەزبەری ١٤٠١دا، قوتابخانەی منداڵانی ڕۆژهەڵات و نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کۆیە بە بێڕەحمانەترین شێوە کەوتە بەر ڕەهێڵەی درۆن و مووشەکەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و، نزیک ساڵێک لەوەوبەر لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا، بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهانی، زیاتر لە چل هەزار هاووڵاتیی ناڕازی لە ڕێژیم بە دەستی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر شەقام لە ماوەی دوو ڕۆژدا قەتڵوعام کران. ئەوە دوو نموونەن لە سەدان کردەوەی دژەئینسانیی دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی تاران دەرحەق بە گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا. هەتا ئێستا بە سەدان ڕاگەیەندراو لە لایەن ڕێکخراوە جیهانییەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ لە پێناو مەحکوومکردنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەرچوون کە تازەترینیان ڕاپۆرتی شاندی سەربەخۆی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ڕاپۆرتی خۆیدا کوشتاری خەڵکی ناڕازی لە مانگی بەفرانباری ١٤٠٤دا لە لایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بە تاوانی جەنگ هەژمار کردووە. لێرەدایە دژبەیەکیی قسەکانی پزشکیان دەردەکەوێ و ئەوە سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە دەسەڵاتبەدەستانی کۆماری ئیسلامی باوەڕیان بە پاراستنی کەرامەتی ئینسانیی هیچ مرۆڤێک نییە مەگەر لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیاندا بێ. بە واتایەکی دیکە باوەڕیان بە سیستمی جیهانی و دنیای پێشکەوتوو نییە، دەنا لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا هەوڵیان دەدا هەتا ڕادەیەک خۆیان لەگەڵ نۆرمی جیهانیی سەردەمی ئێستا بگونجێنن. لێرەدایە دەبێ ڕوو لە پزشکیان بکەین و بڵێین: جەنابی سەرکۆمار! ئەگەر باس لە بێتاوانیی منداڵەکانی قوتابخانەی میناب و غەززە دەکەی، ئەوە بزانە کە منداڵەکانی قوتابخانەی ڕۆژهەڵاتیش لە کۆیە، هیچ تاوانێکیان نەبوو بێجگە لە کوردبوون. ئەگەر بۆردومانی قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان لە ئێران و غەززەدا کردەوەی تێرۆریستین کە بێشک وایە، بەپێی هەموو یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی هێرش بۆ سەر قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان لە کوردستانیش تاوانە و کردەوەیەکی تێرۆریستییە و هیچ پاساوێک هەڵناگرێ.
پزشکیان لە درێژەی وتارەکەیدا باس لە فەلەستین دەکا و دەڵێ: «ئەوە زاتی سروشتیی مرۆڤە ئەگەر مرۆڤێک لە خاک و نیشتمانی خۆی دەربکەن دیفاع و بەربەرەکانی دەکا... و ئەگەر ویستیان لە خۆیان دیفاع بکەن پێیان دەگوترێ تێرۆریست». ئەوە بە تەواوی دروستە کە هەر مرۆڤێک ئەرکە لەسەر شانی کە دیفاع لە خاک و نیشتمانی خۆی بکا. بە گوتەی پزشکیان ئیسرائیلییەکان بە فەلەستینییەکان دەڵێن تێرۆریست؛ بەڵام جەنابی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران حەتمەن ئەوە باش دەزانێ کە ماوەی ٤٧ ساڵە دەسەڵاتدارانی تاران بە خەڵکی کوردستان کە دیفاع لە مان و مەوجوودییەتی خۆیان دەکەن دەڵێن تێرۆریست. وا دیارە پزشکیان و دارودەستەکەی لە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لەبیریان چووەتەوە کە لە ٢٨ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٥٨ بە فەتوای خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، شەڕێکی نابەرابەر بەسەر خەڵکی بێدیفاعی کوردستاندا سەپێندرا، تەنیا بە تاوانی ئەوە کە داوای سەرەتاییترین مافەکانی خۆیان وەک هەموو نەتەوەیەکی سەر گۆی زەوی دەکرد. بەداخەوە بەهۆی سیاسەتی دوژمنکارانەی دەسەڵاتدارانی تاران لەو کاتەوە هەتا ئێستا، کوردستان لە لایەن هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی حکوومەتی مەزهەبیی ئێرانەوە بووەتە پادگانێکی گەورەی سەربازی کە هەموو ڕۆژێک بە بیانووی جۆراوجۆر خەڵکی کوردستان ئەزیەت و ئازار دەدرێ، تووشی زیندان و ئیعدام و کوشتاری هەرەمەکی دەبێ. لەسەر سنوورەکان کوشتاری لێ دەکرێ و مووچە و مەزرا و ڕەز و باخی دەکەوێتە بەر ئاگری کوێرانەی تۆپخانەکانی ڕێژیم و تووشی سووتمان و کارەساتی ژینگەیی دەبێ. ئێستا پرسیار لە پزشکیان ئەوەیە: نەتەوەی کوردیش وەک فەلەستینییەکان داوای مافەکانی خۆی دەکا، ئەی بۆچی لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانی تارانەوە داواکاریی گەلی کورد بە تاوان هەژمار دەکرێ؟ جیاوازیی گەلی کورد و گەلی فەلەستین کە هەر دووکیان مافپێشێلکراون، لە ڕوانگەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامییەوە چییە؟ کردەوەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ کردەوەکانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ فەلەستینییەکاندا؟ لێرەدایە دەبێ دووڕوویی ڕاستەقینەی دەسەڵاتدارانی تاران بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و گەلانی ئێران بەتایبەتی دەربکەوێ کە دیفاعکردن لە مافی فەلەستینییەکان تەنیا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی تارانە، دەنا ئەگەر باوەڕیان بە مافی گەلان هەبوایە، لە ماوەی ٤٧ ساڵی ڕابردوودا دانیان بە مافی گەلانی ئێراندا دەنا و ئەوجار دەکەوتنە پشتیوانیکردن لە مافی فەلەستینییەکان.
پزشکیان لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا باس لەوە دەکا کە دوژمنەکانیان هیچ ئوسوولێکی یاسا نێودەوڵەتییەکان لەبەرچاو ناگرن، واتە پێشێلی یاسا نێودەوڵەتییەکان دەکەن. لە کاتێکدا پزشکیان ئەو قسەیە دەکا کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی ٤٧ ساڵ دەسەڵاتداریەتیی خۆیدا، پابەندی هیچ ماددە و بڕگەیەکی یاسا نێودەوڵەتییەکان نەبووە؛ چونکە سیاسەتی دەرەوەی ئەو ڕێژیمە کە لەسەر هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامییە بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران داڕێژراوە و بەشێکی دانەبڕاوە لە ئایدیۆلۆژیای ئەو ڕێژیمە، و ئەوەش خۆی لە خۆیدا دەستی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئاوەڵا کردووە کە دەست لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی دراوسێ وەربدەن و سەروەریی ئەو وڵاتانە لە بواری سیاسی و تەنانەت ئەمنییەوە ببەنە ژێر پرسیار و ڕایەڵکە و ڕێکارەکانی دەسەڵاتداری و بەڕێوەبەریی ئەو وڵاتانە تێک بدەن. هەموو ئەوانە سەلمێنەری ئەوەن کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پابەندی هیچ یاسا و ڕێسایەکی نێودەوڵەتی نەبووە و لە ڕاستیدا لە سەدەی بیست و یەکدا، بوونی سیستمی کۆماری ئیسلامیی ئێران پینەیەکی ناجۆرە بە سیستمی جیهانییەوە.