کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی عەلی عەبدوڵڵاهی پێشمەرگەی پێشووی حیزب لە شنۆ

09:52 - 16 رەزبەر 2726

ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەزبەری ١٤٠٥ی هەتاوی، کاک عەلی عەبدوڵڵاهی ناسراو  بە "چالوو"، پێشمەرگەی پێشوو و ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات، خەڵکی ئاوایی حەڵبووکوێکانی نەغەدە و دانیشتووی شاری شنۆ، بەهۆی پیری و بەساڵاچووییەوە کۆچی دوایی کرد.

ناوبراو کەسێکی تێکۆشەر، خەمخۆر و کوردپەروەر بووە و هەموو کات لە خەمی نەتەوە و نیشتمانەکەیدا بووە.

کاک عەلی دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و هاتنەسەرکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، چەکی پێشمەرگایەتیی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا هەڵگرت و تا ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی، بۆ ماوەی چوار ساڵ پێشمەرگە بووە.

ناوبراو لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکانی ناوچەی شنۆ، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کرا و بۆ ماوەی ۷ ساڵ لە سیاچاڵەکانی ڕێژیمدا بەند کرا.

ناوبراو هەروەها لە بنەماڵەی شەهیدانی کوردستانە و چەند ئەندامێکی بنەماڵەکەیان لە ڕێگای ڕزگاریی کوردستاندا شەهید بوون.

کاک عەلی دوای ئازادبوونی لە زیندان، لە حەڵبێوە چووە شاری شنۆ  و تا دوایین ساتەکانی ژیانی، دڵسۆزی گەل و نیشتمان بووە و وەفادار بە ڕێبازی حیزبەکەی مایەوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.