لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، کۆمار بابانی وەرزشکاری خەڵکی بۆکان دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی نادیارە، موحسن گەردشی، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامییەوە بە چوار مانگ و پانزدە ڕۆژ بەندکران سزا درا و سەردار سەید عەبدوڵڵاهی لە دوای ٩ مانگ دەسبەسەرکرانی هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کۆمار بابانی، وەرزشکاری بواری ئێم ئێم ئەی و خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە و دوای تێپەڕبوونی چەند ڕۆژ بەسەر دەسبەسەرکردنیدا، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.
ئەو وەرزشکارە کوردە، ڕۆژی دووشەممە ١٢ی ڕەزبەر، ، بەبێ بەڵگەی یاسایی دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنی نادیار گواستراوەتەوە.
هەروەها بەپێ ڕاپۆرتی هەنگاو، موحسن گەردشی، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی بۆکانەوە بە تۆمەتی «ئەندامەتی لە حیزبە کوردستانییەکانی دژبەری ڕێژیم» سزای چوار مانگ و پانزدە ڕۆژ بەندکرانی بە سەردا سەپا.
ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی سێشەممە ١٥ی ڕەزبەر، هاوڕێ لەگەڵ برایەکەی، حوسێن گەردشی دەسبەسەر کرا.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، سەردار سەیدعەبدوڵڵاهی، لاوی ١٩ ساڵان خەڵکی ئاوایی «گەزگەسک» سەر بە پیرانشار و زیندانیی سیاسی کە لە زیندانی ورمێدا ڕاگیراوە و سەرقاڵی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەیەتی لەو زیندانەدا.
ئەم لاوە کوردە ٤٥ ڕۆژ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی گرتووخانە ئەمنییەکانی ڕێژیمدا لە پیرانشار و ورمێدا دەسبەسەر بووە.
ناوبراو لەو ماوەیەدا لە مافی ئازادیی کاتی و دەستڕپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.