کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی کچێکی کرماشانی لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە

14:44 - 16 رەزبەر 2726

نیلووفەر حەقی‌بووژانی، هاووڵاتیی تەمەن ۲۰ ساڵانی خەڵکی کرماشان، بەهۆی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ڕەخنەگرتن لە سیاسەتەکانی ڕێژیم، دەسبەسەر کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا کچێکی لاو بە ناوی نیلووفەر حەقی‌بووژانی، تەمەن ٢٠ ساڵان و خەڵکی شاری کرماشان، بەهۆی ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەهەمبەر بارودۆخی ژیانی خەڵک لە دژی سیاسەتەکانی ڕێژیمی تاران ناڕەزایەتیی دەربڕی، لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە دەسبەسەر کراوە و چارەنووسی ناڕوونە.

دەسبەسەرکردنی ناوبراو پەیوەندی بە چالاکییەکانییەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام هەبووە و لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی چەند چرۆکێکەوە، ناڕەزایەتیی خۆی بەرانبەر بە دۆخی ئێستای کۆمەڵگە دەربڕیوە، کە ئەم هەڵوێستە بووەتە هۆی ئەوەی بکەوێتە بەر هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم.

شایانی باسە ناوبراو دوای دەسبەسەرکردنی، گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار و تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە.