کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیسکۆرسی نوێ و ئامانجەکانمان

13:11 - 17 رەزبەر 2726

ناهید حوسێنی

هەر نەوەیەک دونیا بە شێوازی خۆی ئەزموون دەکات. کەرەستەکانی پێوەندی، شێوازی ژیان، پێوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت چەشنی پرسیارەکانی بەردەم مرۆڤ، لەگەڵ تێپەڕینی زەمەندا ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت. بەڵام لە نێوان ئەم ئاڵوگۆڕانەدا، هەندێک لە ئامانجەکان بە زیندوویی دەمێننەوە، وەکوو ئازادی، کەرامەتی مرۆیی، مافی دیاریکردنی چارەنووس و دەستەبەرکردنی کۆمەڵگەیەک کە مرۆڤ بتوانێت تێیدا بە شوناس و زمان و بیری خۆی بژی.

پرسیارەکە لێرەدایە کە، ئەگەر ئامانجەکان دەتوانن لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە بگوازرێنەوە، ئایا زمانی دەربڕینی ئامانجەکان نابێت لەگەڵ ئاڵوگۆڕی نەوەکاندا گونجاو بێت؟

نەوەکانی پێشوو، زۆرێک لە چەمکە سیاسییەکانیان لە دۆخە جیاوازەکاندا ئەزموون کردووە. بۆ ئەوان، خەبات، خۆڕاگری، دوورخستنەوە، زیندان، کوێستان، دووری لە زێد و پاراستنی شوناس بەرامبەر بە فشار و سەرکوت، بەشێک لە ئەزموونی ڕاستەوخۆی ژیان بووە. سروشتییە کە ئەم ئەزموونە، زمان و ئەدەبیاتی سیاسیی تایبەت بەخۆی بەرهەم هێنابێت.

بەڵام نەوەی نوێ لە دونیایەکی جیاوازدا گەشەی کردووە.

گەنجی ئەم سەردەمە ڕەنگە لە هەمان نیشتماندا بژی کە نەوەکانی پێشووتر بۆ ئازادییەکەی خەباتیان کردووە، یان بە هەزاران کیلۆمەتر دوورتر لە زێدی خۆیان لەدایک بووبن. ڕەنگە بەشێکی بەرچاو لە مێژوویان نەک لە ڕێی ئەزموونی کەسی، بەڵکوو لە سۆنگەی کتێب، وێنە، ئینتەرنێت و گێڕانەوەی نەوەکانی پێش خۆیان ناسیبێت. گەنجی ئەم سەردەمە لە دونیایەکی بەربڵاوتر لە بواری پێوەندییەوە دەژی و هاوکات لەگەڵ چەند کولتوور، چەند زمان و چەند جۆر ڕوانگە ئاشنایەتیی هەیە.

ئەم جیاوازییە بە مانای دوورکەوتنەوە لە ئامانجەکان لێک نادرێتەوە، بەڵکوو هەندێ جار تەنیا بە واتای ئەوەیە کە نەوەیەک، هەمان پرسیارەکانی پێشووتر بە زمانێکی جیاواز دێنێتە ئاراوە.

بۆ نموونە، کاتێک باسی ئازادی دەکەین، ڕەنگە نەوەی نوێ پرسۆکی ئەوە بێت کە ئازادی لە ژیانی ڕۆژانەی ئەودا هەڵگری چ پارادایمگەلێکە و چ واتایەکی هەیە؟ کاتێک باسی شوناسی نەتەوەیی دەکەین، ڕەنگە بۆی پرسیار بێت کە ئەم شوناسە چلۆن لە ئەزموونی ژیانی ئەو لە تاراوگە، لە دونیای مەجازی یان لە کۆمەڵگەیەکی فرەکولتووردا گرێ دەدرێت. کاتێک باسی داهاتووی سیاسی دەکەین، ڕەنگە پەیجۆری پێگەی خۆی بێت لەو داهاتووەدا.

لێرەدایە کە ڕۆڵی زمانی سیاسی گرنگی پەیدا دەکات.

زمانی سیاسی تەنیا کۆمەڵێک دەستەواژە و دروشم نییە؛ زمان کەرەستەی پێوەندیگرتنە. بەو پێیە، ئەگەر بەردەنگ گۆڕابێت، ئاساییە کە شێوازی پێوەندیگرتنیش پێویستی بە پێداچوونەوەی زمانی و دیسکۆرسی سەردەمیانە هەبێت.

ئەمە بە واتای وەلانان یان دوورکەوتنەوە لە ئامانجە مێژووییەکان نییە؛ بەپێچەوانەوە، ئەگەر بڕیار وابێت ئامانجێک بە زیندوویی بمێنێتەوە، پێویستە دیسکۆرسی پێوەندی لەگەڵ نەوە جیاوازەکان ڕەچاو بکات و لە هەر سەردەمێکدا، واتای خۆی بە ڕوونی و بە زمانی سەردەم بۆ بەردەنگی ئەو سەردەمە شی بکاتەوە.

لەم ڕوانگەیەوە، پێوەندی لەگەڵ نەوەی نوێ نابێت تەنیا ڕاکێشانی هێزی مرۆییی نوێ یان هەڵکشانی ڕێژەی ئەندامان بێت؛ گرنگتر لەو بابەتە، بەدیهێنانی دیسکۆرسێکی گونجاوە لە نێوان نەوەکاندا؛ دیسکۆرسێک کە تێیدا نەوەکانی پێشووتر ئەزموونەکانی خۆیان دەگوازنەوە و نەوەی نوێش مافی هێنانەئارای ئایدیا و پرسیارەکانی خۆی هەبێت.

ئەم گوتارە دەتوانێت یارمەتیمان بدات هاوسەنگی لە نێوان «ئەزموون» و «ئاڵوگۆڕ»دا بەرقەرار بکەین. ئەزموونەکانی نەوەکانی ڕابردوو سەرمایە بەنرخەکانمانن و هیچ کۆمەڵگەیەک نابێت لەبەرچاویان نەگرێت. بەڵام ئەو ئەزموونانە کاتێک بایەخی ڕاستەقینەی خۆیان وەردەگرن کە بتوانن وەڵامدەری پرسیارەکانی سەردەم بن، نەک بەرتەسک بکرێنەوە بە دووپاتکردنەوە و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕابردوو.

لەم پێوەندییەدا، ڕاگەیاندنی کوردی بەرپرسیاریەتییەکی گرنگی لە ئەستۆیە. ڕاگەیاندن تەنیا سەکۆیەک نییە بۆ گواستنەوەی هەواڵ و بابەت و ڕوانگەی سیاسی، بەڵکوو دەتوانێت بەستێنێک بێت بۆ گفتوگۆ، پرسیار، پەروەردە و پێوەندیی نێوان نەوەکان. بەتایبەتی لە دۆخێکدا کە بەشێکی بەرچاوی نەوەی نوێ لە ڕێی دونیای مەجازی و ڕاگەیەنەرە دیجیتاڵەکانەوە لەگەڵ دونیادا پێوەندی دەگرن، چۆنیەتیی ئاخاوتن، هەڵبژاردنی بابەت و تەنانەت شێوازی گواستنەوەی پەیامەکان بایەخێکی تایبەت وەردەگرن.

ڕەنگە یەکێک لە گرنگترین پرسیارەکانی ئەم سەردەمە ئەمە بێت کە چلۆن دەتوانین بەبێ ئەوەی واز لە ئامانجەکانمان بهێنین یان لێیان دوور بکەوینەوە، زمان و شێوازی پێوەندیگرتنمان لەگەڵ سەردەم بگونجێنین؟

ئامانجەکان دەتوانن قەدی سەرەکیی دارێک بن، بەڵام هیچ دارێک تەنیا بە قەدەکەیەوە ناژی، بەڵکوو بۆ مانەوە، پێویستە لەگەڵ نوێبوونەوەی وەرزەکان، لقوپۆپ و گەڵای تازە دەربکات.

بڕیار نییە نەوەی نوێ تەنیا بیسەری مێژووی ئێمە بێت؛ ڕۆژێکیش دێت کە خۆی دەبێتە بەشێک لە مێژوو. ڕەنگە بەرپرسیاریەتیی ئێمە ئەوە نەبێت کە بە نەوەی نوێ بڵێین چۆن بیر بکاتەوە، بەڵکوو ئەوە بێت کە گوتار، زمان و گفتوگۆمان ڕێنوێنی بێت بۆ ناسینی میراتی ڕابردووی خۆی، بۆ ئەوەی پرسیارەکانی بێنێتە بەر باس و پشکی خۆی لە بونیادنانی داهاتوودا بدۆزێتەوە.

ئامانجەکان کاتێک بە زیندوویی دەمێننەوە کە بتوانن لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە تێپەڕن و بگوازرێنەوە؛ نەک وەک ڕستەیەکی هەزارپاتەکراو، بەڵکوو لە شێوازی ئەندێشەیەکدا کە هەر نەوەیەک سەرلەنوێ لێی تێدەگاتەوە، ئەزموونی دەکات و بە زمانی سەردەمی خۆی دەریدەبڕێت.