کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕوونیی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی ئیلامی و بانەیی دوای چەندین ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانیان

12:29 - 18 رەزبەر 2726

چەندین ڕۆژە هەرکام لە شێرزاد چاوشینی و خەسرەو کەرەمپووری خەڵکی بانە و ئەمیر پەرویززادە خەڵکی بەدرەی ئیلام، لەلایەن ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەسبەسەر کراون و هەتا ئێستا چارەنووسیان بە ناڕوونی ماوەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی کوردپا، حەفتەیەک پاش دەسبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی دوو لاوی بانەیی بە ناوەکانی «شێرزاد چاوشینی» و «خەسرەو کەرەمپووری» لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە و ئەم دوو هاووڵاتییە لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

بە وتەی کوردپا، «خەسرەو کەرەمپووری»، ٣٤ ساڵە خەڵکی ئاوایی «بڵەسەن» و دانیشتووی بانە، ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕەزبەر و «شێرزاد چاوشینی»، ٣٥ ساڵە و خەڵکی ئاوایی «ورچەک» و دانیشتووی بانە، ڕۆژی شەممە ١١ی ڕەزبەر، بە پەلاماردانی هێزەکانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ڕێژیم بۆ سەر ماڵەکانیان، دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانەوەی دووبارەی ئەم هاووڵاتییە کورندانە هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە و هێزە ئەمنییەتییەکانیش لەمبارەیەوە هیچ ڕووناکییەکیان نەخستووەتە ڕوو.

هەروەها بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان "خۆڕاگری" ڕۆژی سێشەممە، ٧ی ڕەزبەر، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە شاری بەدرە بە بەکارهێنانی توندوتیژی، ئەمیر پەرویززادەیان بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەریان کردووە و چارەنووسی نادیارە.

هێزەکانی ڕێژیم دوای دەسبەسەرکردنی ناوبراو هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ناوبراو و دوای پشکنین دەستیان بەسەر کەلوپەلی تاکەکەسیی ناوبراودا گرتووە.

هەتا ئێستا هیچ زانیارییەکی ورد و ڕوون لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە و شوێنی ڕاگیرانی لەبەر دەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەم بوارەدا بێ ئاکام ماوەتەوە.