کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێکی ۱۷ ساڵان لە دادگای خانسار پاش لێدان و ئەشکەنجە

15:49 - 18 رەزبەر 2726

مێردمنداڵێکی ۱۷ ساڵەی خەڵکی گوندی ئارجەنگی خانسار لە ئێسفەهان، کەمتر لە ۲۴ کاتژمێر دوای دەسبەسەرکرانی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لە دادگای ئەو شارە گیانی لە دەست دا.

"ئومید قانونی" ئێوارەی دووشەممە ۱۳ی ڕەزبەر پاش مشتومڕ لەگەڵ هێزێکی سەرکوتکەری بەسیج بە قۆنداغی چەک بە سەختی لێی درا و دەسبەسەر کرا.

ناوبراو پاش تێپەڕاندنی شەوێک لە بنکەی پۆلیس، بەیانیی سێشەممە ڕەوانەی دادگا کرا. بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوبراو لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا بەهۆی ئازاری توندی سکییەوە باری تەندروستی تێکچووبوو، بەڵام دادوەرەکە سەرەڕای داوای باوکی بۆ گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە، ڕێگری کرد و ناوبراو لە ناو هۆڵی دادگادا گیانی لەدەست دا.

کادری درمانی نەخۆشخانە هۆکاری گیانلەدەستدانیان بە "خوێنڕێژیی هەناو" ڕاگەیاند و ئاسەواری زام و ئەشکەنجە لەسەر جەستەی بەدی کرا.

بنەماڵەی ئەو مێرمنداڵە پاش ئەم ڕووداوە لەبەردەم بنکەی پۆلیس کۆ بوونەوە و داوای بەدواداچوونیان کرد و لە بەرانبەردا ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم هەوڵی سەرکوت و بێدەنگکردنیان دان.

مەرگی ئەم مێردمنداڵە لە کاتی لێکۆڵینەوەی دادوەریدا لەکاتێکدایە کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین حاڵەتی هاوشێوەی گیانلەدەستدانی گوماناوی، لەوانە عەلی هاشمی لە ئێسفەهان، تەقی سەلیمی لە ئامۆل و پێژمان سۆرانی لە نەجەفئاباد، لە بەندیخانەکان و پاش لێدان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە تۆمار کراون، کە نیشاندەری بەردەوامیی پێشێلکاریی بەرچاوی مافی مرۆڤ لە ئێرانە.