
ئاسۆ مینبەری
پێناسەی ژن لای کۆماری ئیسلامی، بە بەردەوامی ڕەنگدانەوەی ئیدئۆلۆژیی زاڵ و کڵێشە ڕەگەزییە باوەکان بووە. لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا، ئەم ڕێژیمە هەوڵی داوە کە پێناسەی ژن بە کۆمەڵێک ڕۆڵی نەریتی و خێزانییەوە ببەستێتەوە و هەر چەشنە بەشدارییەکی کارای ژن لە گۆڕەپانی سیاسی و نیزامیدا بەگشتی و، ئەکتی سەربەخۆی ژن بەتایبەت لە چوارچێوەی ڕێکخراو و حیزبە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆندا، بە ئاکارێکی «دژەژن» یان «دژەباو» و زۆر جاریش «دوور لە سروشتی ژن» یان «پیاوانە» ناو ببات. بۆ ئەم مەبەستە دەزگای پڕوپاگەندەی ڕێژیم و پەروەردەی ئیدئۆلۆژیکی خوێندنگەکانیش ڕۆڵی بەرچاویان گێڕاوە؛ بەڵام هیچیان نەیانتوانیوە پاشەکشە بە ویست و داخواز و لە هەمووی گرینگتر، شێوازی بیرکردنەوەی ئازادانەی ژنان بکەن.
لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵە کە بە هەزاران دۆلار پارەشی بۆ خەرج کراوە، ئەمڕۆ دەبینین کە بەڕێوەبردنی کۆمەڵێک چالاکی و گەڵاڵەی وەک «جان فەدا» و بانگەوازی گشتی بۆ سازماندانی ژنان لە چوارچێوەی یەکە نیزامی، دەرمانی و لۆجێستیکییەکاندا، پەردەی لەسەر دووفاقییەکی زەق و ئاشکرا و، لە هەمان کاتدا پاشەکشەی ڕێژیم لە بەهاکانی خۆی، لاداوە!
دەسەڵاتێک کە ٤٨ ساڵە هەوڵی پەراوێزخستنی ژنان دەدات و سەرکوتیان دەکات، ئێستا لەوپەڕی دۆشداماویدا، پەنای هێناوەتە بەر هەمان ئەو کەسانەی کە وەک مرۆڤی پلە چەندیش بەهەند وەرینەگرتبوون. ئەمە ئەو ڕاستییەمان پێ دەڵێت کە ڕێژیم لە بێدەرەتانییەکی قووڵدایە؛ ئەگەرنا چی دەتوانێ ببێتە پاڵنەر کە دەسەڵاتێک ئەمڕۆ بەم شێوەیە ستایشی توانا و لێهاتوویی ئەو ژنانە بکات کە ڕۆژانێک بە «زەعیفە» ناوی دەبردن؟!
لە ماوەی ڕابردوودا، ناوەندە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی گەڵاڵەیەکیان بە ناوی گەڵاڵەی «جان فەدا» خستە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم گەڵاڵەیە کە لەلایەن ناوەندە چەکدارەکانی ڕێژیمەوە دەستی بە کار کردووە، ئامانجەکەی ئەوەیە کە هێزی کۆمەڵایەتی، بەرگری و دەرمانیی ڕێژیم لە دۆخە قەیراناوییەکاندا ڕێک بخات. ئەم گەڵاڵەیە دوو لایەنی سەرەکیی هەیە: یەکەم، لایەنی نیزامی و مەدەنی کە بریتییە لە ڕاکێشانی هێزی خۆبەخش لە چوارچێوەی «گوردانی بەرگریی میللیی جان فەدا» لەسەر بنەمای فێرکاریی ڕەزمی، بەرگری و ئەمنییەتی و لە کۆتاییشدا بەرەوڕووکردنەوەی خەڵک لەگەڵ خەڵکدا؛ لایەنەکەی دیکەش لایەنی لۆجستیکی و دەرمانییە کە بریتییە لە پێکهێنانی دەیان هەزار یەکەی ناوچەیی بۆ فریاگوزاری و ڕزگارکردن کە بە هاوکاریی مانگی سوور بەڕێوە دەچێت.
خاڵی سەرنجڕاکێش لەم گەڵاڵەیەدا بەشداریی بەرچاوی ژنان و کەڵکوەرگرتن لە ژنانە وەک کاڵای تەبلیغاتی لە ڕیزی یەکەمی تۆمارکردنی ناو و ڕێکخستنەکەیدا. ڕێژیم بە فەرمی داوا لە ژنان دەکات کە لە چوارچێوەی ئەم گەڵاڵەیەدا، فێری بەرگری ببن و وەک قەڵغانێکی پشتیوان، لە شەقام و گەڕەکەکاندا ڕۆڵ بگێڕن.
ئەوەی کە ژنان لە گۆڕەپانی لەم چەشنەدا خۆیان ببیننەوە و ڕۆڵ لە ئەستۆ بگرن، لە خودی خۆیدا نە خراپە و نە نائاسایی؛ بەڵام کاتێک دەسەڵاتێکی وەک کۆماری ئیسلامی باسی لێوە دەکات، جێگەی تێڕامانە!
کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەرکاریەوە، سیاسەتی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتیی خۆی لەسەر بنەمای بندەستکردنی ژنان دامەزراندووە. لەم پرۆسە درێژخایەنە ئیدئۆلۆژیکەشدا، ژنان لە گۆڕەپانی بڕیارداندا سڕدراونەتەوە و دەستڕاگەیشتنیان بە بەرپرسایەتیی باڵای سیاسی، دادوەری و تەنانەت بڕیاردانیش لێیان زەوت کراوە و یاساکانی ئەو وڵاتەش لەسەر بنەمای نایەکسانیی مافی ژنان و پیاوان داڕێژراون.
دەزگا و ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمیش بەردەوام هەوڵیان داوە تاکوو بەشداریی ژنان لە گرووپە خەباتکارەکان وەک کردەوەیەکی پێکهاتەشکێن وێنا بکەن؛ بە جۆرێک هەر ژنێک هەنگاوی خستە نێو ئەو ڕێگەیەوە، کارەکەی وەک لادانێکی قورسی کۆمەڵایەتی لە قەڵەم بدرێت؛ چونکە لە ڕوانگەی ئیدئۆلۆژیی زاڵەوە، ژن نابێ خاوەنی ئیرادە، سەربەخۆیی و هێز بێت!
گرینگترین خاڵی ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە لە شۆڕشی ژینادا بینرا. کاتێک ژنانی کوردستان و ئێران بۆ وەرگرتنەوەی شوناس و مافە بنەڕەتییەکانی خۆیان هاتنە سەر شەقام، وەڵامی دەسەڵات نەک بیستنی داخوازییەکان، بەڵکوو توندترین جۆری سەرکوتکاری، دەستبەسەرکردنی بەربڵاو، تەقەکردن لە چاو و ئەستاندنی گیانیان بوو.
بەراوردێکی هەڵسوکەوتی ڕێژیم لەگەڵ ژنان لە دۆخی ئاسایی و دۆخی قەیراناوی، دووفاقیی ئیدئۆلۆژیکی ئەم دەسەڵاتە بە ئاسانی دەردەخات.
ئەم بانگەوازە لە یەکەم هەنگاودا، دانپێدانانی ڕێژیمە بە هێزی ژنان؛ ڕێژیم تێگەیشتووە کە ژنان دەتوانن هێزێکی پێشەنگ بن لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ئێراندا. لەم ڕووەوە لە ڕێگەی گەڵاڵەیەکی وەک «جان فەدا»وە دەیەوێ هێز و توانایان بخاتە خزمەت ئیدئۆلۆژی و خواستەکانی خۆیەوە تاکوو ئامانجی خۆی واتە «مانەوە» بپێکێ.
لە لایەکی دیکەوە، پارادۆکسێکی ئاشکرای ئەمنییەتی دەبینرێ. لە کاتێکدا کە ژنانی کوردستان و ئێران بۆ ئازادی و یەکسانی خەبات دەکەن یان بۆ بەرگری لە خۆیان چەک هەڵدەگرن، ئەکتەکەیان لەلایەن ڕێژیمەوە وەک «تاوان» یان «کردەوەی دژەژن» و «چوونەدەر لە ڕۆڵی نەریتی» پێناسە دەکرێت؛ بەڵام کاتێک کە ڕێژیم دەکەوێتە مەترسیی ڕووخانەوە، هەمان کردەوەی بەرگریکارانە و ئامادەبوونی ژنان لە سەر شەقام، وەک «گیانفیدایی» و «جیهادی پیرۆز» ناودێر دەکرێت!
ئەم ڕەفتارە دووفاقییە دەیسەلمێنێ کە سەرچاوەی کڵێشە ڕەگەزییەکانی ڕێژیم، باوەڕمەندبوون بە ئاکار یان ئایینێکی نەگۆڕ نییە، بەڵکوو پرسێکی هاوئاهەنگە لەگەڵ بەرژەوەندییە سیاسییەکانی ڕێژیمدا.
گەڵاڵەی «جان فەدا» لە ڕاستیدا نەک نیشانەیەک لە هێزی ڕێژیم، بەڵکوو بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لە شکستی ئیدئۆلۆژییەکی ٤٨ ساڵە کە لەژێر سێبەریدا، سیاسەتی «سڕینەوەی ژن» و بەرجەستەکردنی کڵێشە ڕەگەزییەکان پەیڕەو دەکرا. دەسەڵاتێک کە ساڵانێکی زۆر هەوڵی ئەوە بوو ژن وەک بوونەوەرێکی لاواز، بێئیرادە و دەستەوەستان پێناسە بکات، ئەمڕۆ پەنای هێناوەتە بەر ئەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە کە هێزی ڕاستەقینە لە دەستی ژناندایە.
ژنانی کوردستان و ئێران لە ڕێگەی خەبات و بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم ئیدئۆلۆژییەدا، تێچوویەکی زۆریان داوە و ئەزموونی سەرکوتی خوێناویی شۆڕشی ژینا و ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباریان هەیە؛ ئەمەش وا دەکات کە لە بەرانبەر ئەم پیلانە قیزەونەی ڕێژیمدا، وشیارانە هەڵسوکەوت بکەن. ئەوان باش دەزانن دەسەڵاتێک کە مافی ژیان و ئازادیی لە ژنان زەوت کردووە، قەت ناتوانێ پەناگە و بەرگریکاری مافەکانیان بێت. ئەوەی کە ئەمڕۆ ڕێژیم دەستەوداوێنی ژنان بووە، تەنیا دەچێتە چوارچێوەی دوایین هەوڵەکانی سیستەمێکی ڕوو لە ڕووخانەوە کە نایەوێ هەقیقەتی کۆمەڵگە ببینێ!