کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سیاسەت بە وشەکانەوە دەست پێدەکات

08:45 - 20 رەزبەر 2726

ئازاد مستۆفی

لە ململانێ سیاسییەکاندا، وشەکان تەنیا ئامرازێک نین بۆ وەسفکردن، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا، خۆیان گۆڕەپانی ململانێکانن. خەباتی سیاسی تەنیا ململانێی دەسەڵات نییە، ململانێیە بۆ پێناسەکردنی چەمکەکانیش. هەموو پێکهاتەیەکی سیاسی هەوڵ دەدات بە زمانی فەرمی و یاسایی و گشتی، شرۆڤەی واقیعی خۆی بکات؛ بۆیە تێرمینۆلۆژیی سیاسی بەشێکە لە ژێرخانی فیکریی خەباتی سیاسی. وشیاری لە تێرمینۆلۆژیی سیاسی نابێت بە بابەتی دیکۆراتی لە زانستی وێژەییدا هەژمار بکرێت. لە دیالۆگ، ناکۆکی و دانوستانە سیاسییەکان، هەڵبژاردنەکان، داڕشتنی دەستوور، ڕێککەوتنە ئینتقالییەکان و گرێبەستە سیاسی و مەدەنییەکاندا، وشەکان کۆمەڵێک ماف و پابەندبوون و دەسەڵات هەڵدەگرن. وشەیەک دەتوانێت داواکارییەک سنووردار بکات بۆ ئاستی مافی تاک یان بەرزی بکاتەوە بۆ ئاستی مافی بەکۆمەڵ، دەتوانێت ئاماژە بە پرسێکی ئیداری یان سیاسی بکات، هەروەها دەتوانێت کۆمەڵگەیەک بە سادەیی وەک کۆمەڵێک هاووڵاتی یان وەک یەکەیەکی بەکۆمەڵ کە شوناس و داواکاریی سیاسیی هەبێت، پێناسە بکات.

بۆیە یەکێک لە پێشمەرجەکانی دیالۆگێکی جیدی سەبارەت بە داهاتووی نەتەوەکان لە ئێراندا، نەهێشتنی جیاوازیی چەمکەکان نییە، بەڵکوو دیالۆگ و شەفافییەتە. دیالۆگێک کە تێیدا لایەنەکان بە وردی لەوە تێبگەن کە چەمکەکانی وەک نەتەوە، کۆمەڵگە، قەوم، کەمینەی ئایینی، مافی چارەی خۆنووسین، خەلق، خەڵک، خۆبەڕێوەبەری، فیدراڵیزم، لامەرکەزییەت، یەکپارچەیی خاکی، سەربەخۆیی، جیابوونەوە، هاووڵاتیبوون و هتد هەریەکەیان پاشخانێکی مێژوویی دیاریکراو و بارگرانیی یاسایی و لێکەوتەی سیاسییان هەیە. کاتێک لایەنەکان تێدەگەن کە ئەم چەمکانە مانایان چییە، ئەگەری ئەوە زۆر زیاترە کە بگەنە ڕێککەوتنی ڕوون و پێوانەکراو. لە چوارچێوەیەکی وەهادا شەڕ لەسەر وشەکان یاری نییە بە وشە، بەڵکوو بەشێکە لە شەڕی پێناسەکردنی سیستەمی سیاسیی داهاتوو. هەڵبژاردنی وشەیەک لەبری وشەیەکی تر دەتوانێت مەودای یاسایی و سیاسیی داواکارییەک فراوانتر یان سنووردار بکات. ئەم پرسە لە کۆمەڵگە فرەنەتەوەکاندا دوو هێندە گرنگە، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کە ناکۆکی لە نێوان حکوومەتی ناوەندی و نەتەوە ستەملێکراوەکاندا لەسەر شوناس و مافە سیاسی و ئابووری و کولتوورییەکاندا هەیە. بێگومان تێگەیشتنێکی ورد لە زاراوەی سیاسی بۆ هەر تاکێک و بزووتنەوەیەکی سیاسی و هەموو کۆمەڵگەیەک کە هەوڵی پێناسەکردنی مافی بەکۆمەڵ بدات، گرنگییەکی بنەڕەتی هەیە. یەکێک لە هەڵە باوەکانی دیالۆگی سیاسی ئەوەیە کە وشەکان بەتاڵ و بێکەڵک بزانین؛ وەها هەڵسەنگاندنێک هەرگیز بەرگریی لێ ناکرێت. چەمکە سیاسییەکان لە چوارچێوەی مێژوو و دامەزراوەکان و پەیوەندییەکانی دەسەڵاتدا خۆ دەگرن و مانای ئەوانیش لەم چوارچێوەیەدا دەگۆڕێت. ململانێی سیاسی تەنیا لەسەر خاوەندارێتیی دەسەڵات نییە، بەڵکوو لەسەر ئەوەیە کە کێ لە بنەڕەتدا بە «سوبژێکت»ی دەسەڵات دادەنرێت و کێ «ئەکتەر»ی سیاسەتە. کاتێک لە ئەدەبیاتی سیاسەتی فارسیدا دەستەواژەی «قەوم/ئیتنیک/کۆمەڵگە» بەکار دێت، زۆرتر مافی فەرهەنگی، مەدەنی و هاووڵاتیبوون دەگرێتەوە؛ بەڵام کاتێک هەمان خەڵک بە «نەتەوە» دادەنرێت، پرسەکانی وەک نوێنەرایەتیی سیاسیی بەکۆمەڵ، خۆبەڕێوەبەری یا مافی چارەی خۆنووسین، جێگە و پێگەیان لە بەشداریی حوکمڕانیدا گرنگتر دەبن. بێگومان ئەم پەیوەندییە میکانیکی و یەکسانە لە هەموو سیستمە یاساییەکاندا بوونی نییە و بە تەنیا وشەیەک مافێکی دیاریکراو دروست ناکات؛ بەڵام زمانی یاسایی و سیاسی دەتوانێت بە شێوەیەکی زۆر، کاریگەریی بخاتە سەر بازنەی ئەو پرسانەی کە دەکرێت بورووژێندرێن و دانوستانیان بۆ بکرێت.

زمانی سیاسی، ئامرازی دەسەڵاتە

دەسەڵات تەنیا لە پەرلەمان، سوپا، حکوومەت یان قەوارەی ئابووریدا جێبەجێ ناکرێت، بەڵکوو بە زمانیش جێبەجێ دەبێت. کاتێک گوتارێک توانای دامەزراندنی پێناسەی باڵادەستی چەمکێکی هەبێت، لە ڕاستیدا پشکێکی لە دەسەڵاتی سیاسیدا هەیە. بۆ نموونە ئەگەر ناکۆکییەکی سیاسی هەر لە سەرەتاوە لە ڕووی «پرسی کەمینە» پێناسە بکرێت، پرسیاری سەرەکی لەوانەیە ئەوە بێت کە چۆن مافە کولتووری و مەدەنییەکانی کەمینە دەستەبەر بکرێت؟ بەڵام ئەگەر هەمان ناکۆکی لە ڕووی «مەسەلەی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت» یان «نەتەوەگەلی ستەملێکراوی نێو دەسەڵات»دا پێناسە بکرێت، پرسیارەکان سەبارەت بە پێگەی سیاسیی ئەو نەتەوەیە، بەشداریی بەکۆمەڵ، خۆبەڕێوەبەری و مافی چارەی خۆنووسینیش دەچنە نێو گفتوگۆوە. نابێت ئەم جیاوازییە بەو مانایە تێبگەین کە هەرکەسێک زاراوەیەکی دیاریکراو بەکار بهێنێت، ڕاستی و هەقیقەتیشی لایە، بەڵکوو خاڵی جەوهەری ئەوەیە کە «چوارچێوەی چەمک» لە هەر دەمەقاڵەیەکدا دیاری دەکات کە کام پرسیار بە ڕەوا دادەنرێت و دەتوانرێت لە پلەی یەکەمدا بورووژێنرێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش دەتوانین باس لە جۆرێک لە «ناونانی سیاسەت» بکەین. ناوهێنان بەو مانایە نییە کە وشەکان هەمیشە واقیع دروست دەکەن، بەڵکوو بەو مانایەیە کە ڕۆڵیان هەیە لە ناسینەوەی یەکەی سیاسی و خاوەن ماف و بابەتی ناکۆکی و مەودای چارەسەرە کاتی و ڕاگوزەرەکان کە بێگومان بە ئەنقەست لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئێران و ئەدەبیاتی سیاسیی فارسیدا بەلاڕێدا براوە.

دەتوانرێت تێرمینۆلۆژی بە «سیستەمێک لە چەمک و زاراوەی تایبەتمەند لە بوارێکدا» هەژمار بکرێت. بۆیە تێگەیشتن لە تێرمینۆلۆژیی سیاسی تەنیا لەبیرکردنی مانای چەند وشەیەک نییە، بەڵکوو تێگەیشتنە لە پەیوەندیی نێوان چەمکەکان و مێژووی دروستبوونیان و بەکارهێنانیان لە دامەزراوە سیاسی و یاساییەکان و دەرئەنجامەکانی هەریەکەیان. بۆ نموونە لامەرکەزییەت وەک خۆبەڕێوەبردن نییە. لامەرکەزییەت ڕەنگە تەنیا گواستنەوەی بەشێک لە دەسەڵاتە ئیدارییەکان بێت لە ناوەندەوە بۆ پارێزگاکان، کە لە ئێستادا لە دابەشکردنە ئیدارییەکانی ڕێژیمی ئێراندا هەیە، لە کاتێکدا خۆبەڕێوەبەری / ئۆتۆنۆمی بەزۆری ئاماژەیە بۆ بوونی یەکەیەکی سیاسی کە دەسەڵاتی گەرەنتی و تا ڕادەیەک سەقامگیری هەبێت. یەکێک لەو چەمکە گرنگانەی کە لە ئەدەبیاتی سیاسیی نەتەوە ستەملێکراوەکاندا هاتووەتە ئاراوە، «مافی چارەی خۆنووسین»ە. ئەم چەمکە لە یاسای نێودەوڵەتیشدا جێگەیەکی دیاریکراوی هەیە. لە مادەی یەکەمی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکاندا هاتووە کە هەموو نەتەوەکان مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە و بەهۆی ئەم مافەوە ئازادانە دەتوانن پێگەی سیاسیی خۆیان دیاری بکەن و بەدواداچوون بۆ گەشەسەندنی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریی خۆیان بکەن. بەڵام مەرج نییە ئەم چەمکە هاوواتای «سەربەخۆیی» بێت. ئەو فۆرمەی کە بەدی دێت، دەتوانێت بابەتی ناکۆکیی یاسایی و سیاسی بێت و لە ئەدەبیاتی بەراوردکاریدا لە بەشداریی سیاسی و خۆبەڕێوەبەرییەوە دەست پێ بکات تا دەگاتە ڕێکخستنی فیدراڵی و جۆرەکانی تری ڕێکخستنی دەسەڵات. کردنی «مافی چارەی خۆنووسین» بە هاوواتایەکی یەکلاکەرەوە بۆ «جیاخوازی» بازنەی ماناسازییەکەی سنووردار دەکات، هەروەک چۆن کردنی بە هاوواتایەکی یەکلاکەرەوە بۆ «سەربەخۆیی» تێگەیشتن و مۆدێلە ئەگەرییەکانی دیکە بەدەر دەکات و شیکاریی زانستی دەبێت ئەم جیاوازییانە بپارێزێت.

ڕوونکردنەوەیەک دەربارەی «ملت»ی فارسی

ئەم بابەتە دەربارەی نەتەوە و قەوم/ئیتنیک/کۆمەڵگەش ڕاستە. لە ئەدەبیاتی سیاسیی ئێراندا Nation بە هەڵە بە «ملت» وەرگێڕدراوە، لە کاتێکدا «ملت» (میللەت) وشەیەکی عەرەبییە بە واتای ئایین و شێواز و میتۆد و هیچ مانایەکی نەژادی و چەمکێکی ڕەگەزی لەخۆ ناگرێت. لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا «قوم/شعب/امة» بە واتای Nation دێت. لە قورئاندا وشەی میللەت ١٧ جار بەکارهاتووە و هەموویان بە مانای «ڕێگەی پێغەمبەران» دێت، وەک لە سوورەتی بەقەرە ئایەتی ١٣٥دا هاتووە: «وقالوا كونوا هودا أو نصارى تهتدوا قل بل ملة إبراهيم حنيفا وما كان من المشركين»، یا لە سوورەتی کەهف ئایەتی ٢٠دا هاتووە: «إنهم إن يظهروا عليكم يرجموكم أو يعيدوكم في ملتهم ولن تفلحوا إذا أبدا»، واتە: «ئەگەر دەستی باڵا بەسەرتدا بەدەستبهێنن، بەردبارانت دەکەن یان بە زۆر دەتخەنەوە نێو ئایینەکەیانەوە، دواتر هەرگیز سەرکەوتوو نابیت». تەنانەت لە شیعری فارسیشدا ملت بە واتای ئایین هاتووە، بۆ نموونە: ساقیا باده صبوح بیار/ دانه دام هر فتوح بیار. قبله ملت مسیح بده/ آفت توبه نصوح بیار، «انوری». هر چه گیرد علتی علت شود/ کفر گیرد کاملی ملت شود، «مولانا جلال الدین بلخی». جنگ هفتاد و دو ملت همه را عذر بنه / که ندیدند حقیقت ره افسانه زدند، «حافظ».

چەمکی «ملت» لە سەردەمی مەشرووتییەتەوە سێبەری خۆی خستووەتە سەر ئەدەبیاتی سیاسی فارسی و لە سەردەمی ڕەزاشای پەهلەویدا بە مۆدێلی فەرەنسی «یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە Nation-State» پێناسە کرایەوە، کە لەسەر بنەمای «شیعەگەرایی، زمانی فارسی، مێژووی یەکگرتوو، و پێکهاتەی سیاسیی ناوەندی» داڕێژراوە و ساڵانێکە چەمکی باڵادەستی ناسیۆنالیزمی فەرمییە لە ئێراندا. بەڵام ئەم «هەڵە باوە» لە ڕاستیدا مانای چییە؟ نەتەوە واتە کۆمەڵێک مرۆڤ کە زمان و مێژوو و کولتوور و خاکی هاوبەش و یەک شوناسی بەکۆمەڵیان هەیە. واتە لە ئێراندا کورد، فارس، تورکی ئازەری، عەرەب، گیلەک، بەلووچ و هتد نەتەوەی جیاوازن کە لەم وڵاتە ئێستایەی ئێراندا دەژین. وەرگێڕانی سەردەمی مەشرووتە کە بە فەرمی هەندێک چەمکیان لە زمان و ئەدەبیاتی سیاسی و یاسایی فەرەنسییەوە وەرگێڕاوە بۆ سەر زمانی فارسی، لە زۆر حاڵەتی دیکەشدا گرنگییەکی ئەوتۆیان بە وەرگێڕانی دروستی چەمکەکان نەداوە و ئێستا لای بەردەنگ وایە هەر تاک و گەلێک کە خۆیان بە نەتەوە ناو دەبەن، بە تیۆری دەوڵەت-نەتەوە تەماشا دەکرێن کە ئەمەش بە تەواوی هەڵەیە. ئەگەر سەیری لیستی وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەین، لە جیهاندا چەندین وڵاتی فرەنەتەوەیی هەن. ناوەندگەراکانی ئێران هەوڵیان داوە چەمکەکانی وەک ئیتنیک، قەوم، مللییەت، خەلق و کۆمەڵگە بخەنە نێو ململانێی سیاسییەوە و بیسەپێنن بەسەر نەتەوە ژێردەستەکاندا؛ بەڵام هیچکام لەو چەمکانە ناسنامەی گەیشتن بە مافە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی «نەتەوە»یان نییە و تەنیا لە بەڕێوەبردنی مافە مەدەنی و کولتوورییەکاندا سنووردارن.

هەر لەبەر ئەم هۆکارە، لە هەر گرێبەستێکی سیاسی، دەستوور، یان ڕێککەوتنێکی ڕاگوزەردا، جیاوازی نێوان مافی تاک و بەکۆمەڵ، مافی هاووڵاتیبوون و مافی نەتەوەیی زۆر گرنگە؛ و یەکێک لە ئەرکە هەرە گرنگەکانی ڕۆشنبیری و ڕوونکردنەوەی چەمکە سیاسییەکان پێش ئەوەی وەڵامێک بداتەوە، پرسیارکردنە کە «بە چ وشەیەک مەسەلەکە پێناسە دەکەین؟» چونکە زۆرێک لە ناکۆکییە سیاسییەکان لە ڕاستیدا لەوەوە سەرهەڵدەدەن کە لایەنەکان باس لە یەک دیاردە ناکەن بەڵکو دوو سیستەمی چەمکی جیاواز بەکاردەهێنن. «مافی هاووڵاتیبوونی پارێزگا پەراوێزخراوەکان» یان «مافی نەتەوەیی گەلانی چەوساوە»؟ لێرەدایە کە تێگەیشتن لە تێرمینۆلۆژی سیاسی بۆ گوتاری کورد و گەلانی دیکەی غەیریفارس لە ئێراندا گرنگ دەبێت. کۆمەڵگایەک کە نەتوانێت جیاوازی دابنێت لە نێوان چەمکەکانی پێشوودا، ڕەنگە لە دانوستانە سیاسییەکاندا داواکارییەک بورووژێنێت کە لە ڕووی چەمکییەوە دووفاقی تێدا هەبێت و لە ئەنجامدا توانای لێکدانەوەی دژبەیەکی هەبێت. بۆ نەتەوە ستەملێکراوەکان، تەسلیمبوون بە تێرمینۆلۆژی ناوەندگەراکان سەرەتایەکە بۆ شکستهێنان لە حوکمڕانیدا؛ چونکە ئەوەی شەڕی زمان بدۆڕێنێت، پێش دەستپێکردنی گفتوگۆ، یارییەکەی دۆڕاندووە، و لە جیهانی سیاسەتدا بێجگە لە هاوسەنگیی هێز، هەرکەسێک ناو بۆ وشەکان دیاری بکات، سبەی ئەویش یاساکان دەنووسێت.

لە ململانێ سیاسییەکاندا، وشەکان تەنیا ئامرازێک نین بۆ وەسفکردن، بەڵکوو خۆیان گۆڕەپانی ململانێکانن. خەباتی سیاسی تەنیا ململانێی دەسەڵات نییە، ململانێیە بۆ پێناسەکردنی چەمکەکانیش. شەڕ لەسەر وشەکان یاری نییە بە وشە، بەڵکوو بەشێکە لە شەڕی داڕشتنی سیستەمی سیاسیی داهاتوو؛ هەڵبژاردنی وشەیەک لەبری وشەیەکی تر، دەتوانێت مەودای یاسایی و سیاسیی داواکاریی نەتەوەیەک فراوانتر یان بەرتەسک بکاتەوە.