کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوشتنی لاوێک لە نەجەف ئاباد و مەترسیی لەسێدارەدانی ۱۲ هاووڵاتی لە خووزستان

13:20 - 20 رەزبەر 2726

ناوەندەکانی مافی مرۆڤ لە ڕاپۆرتێکی نوێدا سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدانی ۱۲ دەسبەسەرکراو لە پارێزگای خووزستان هۆشداری دەدەن، هاوکات ڕایدەگەیەنن کە هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لاوێکی ناڕازییان لە شاری نەجەف ئاباد بە شێوەیەکی دڕندانه کوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی کانوونی مافی مرۆڤی ئێران، پژمان سۆرانی، هاووڵاتییەکی ٣٣ ساڵەی نەجەف ئاباد کە لە ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکاندا بەشداربوو، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە خراوەتە ژێر ماشین و پاشان بەهۆی لێدانی توند بۆ سەری گیانی لەدەست داوە.

پزیشکی دادوەریش هۆکاری گیانلەدەستدانی بە زەبرپێکەوتنی سەختی سەر پشتڕاست کردووەتەوە.

لەلایەکی ترەوە، ۱۲ هاووڵاتی لە دۆسییەی "قەڵای چەنعان" لە خووزستان، لەژێر ئەشکەنجە و بێبەشبوون لە پارێزەر، بە تۆمەتی "موحاربه" ڕووبەڕووی مەترسیی سزای لەسێدارەدان بوونەتەوە.

پێشتریش تۆمەتگەلێکی وەک "تەقاندنەوەی لوولەکانی نەوت"، "هەڵگرتنی بۆمبی دەستکرد" و "هاوکاری لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل" درابوونە پاڵ هەندێک لە دەسبەسەرکراوانی ئەم دۆسییەیە؛ ئەو تۆمەتانەی هیچ بەڵگەیەکیان بۆ نەخراوەتە ڕوو.

هێزەکانی ڕێژیم لە ١٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٤دا هاوکات لەگەڵ پچڕانی تەواوی ئینتێرنێت لە ئێران، لە ڕێگەی هێرشکردنە سەر ناوچەی قەڵای چەنعانی ئەهوازەوە، بە بەکارهێنانی چەکی گەرم لانیکەم ٢ کەس لە دانیشتووانی ناوچەکەیان کوشت و ١٤ کەسی تریان دەسبەسەر کرد.

پەرەسەندنی کوشتن لە کۆڵانەکان، سەپاندنی سزای قورس و پشتگوێخستنی مافە سەرەتاییەکان، نیشانەی قوڵبوونەوەی سیاسەتی سەرکوتکاریی تاران بۆ بێدەنگکردنی ناڕەزایەتییە نێوخۆیییەکانە، کە ناڕەزایەتی و سزای نێودەوڵەتیی زیاتری لێکەوتووەتەوە.