لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی سیاسی و ڕێکخراوەییی ئەندامانی حیزب، بەشی پەروەردەی کۆمیتەی سویسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٥، کۆڕێکی پەروەردەییی تایبەتی لە شاری بێرن بەڕێوە برد.
کۆڕەکە لەژێر ناونیشانی «ناسیۆنالیزمی کوردی، ئێرانی، تورکی و عەرەبی» و بە ئامادەبوونی هاوڕێی بەڕێز دوکتۆر ئیسماعیل بازیار مامۆستای زانکۆ و کادری حیزب بەڕێوە چوو.
لە سەرەتای کۆڕەکەدا، تیشک خرایە سەر چەمکی ناسیۆنالیزم و جیاوازییەکانی ناسیۆنالیزمی نەتەوە باڵادەستەکان (ئێرانی، تورکی و عەرەبی) لەگەڵ ناسیۆنالیزمی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کورد. دواتر بەڕێز د. ئیسماعیل بازیار بڕگەکانی بابەتی کۆڕەکەی بە تێروتەسەلی ڕوون کردەوە و ئاماژەی بە کارتێکەریی دەسەڵاتە ئێقلیمییەکان و ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ناوچەکە کرد.
بەشێکی بەرچاو لە کۆڕەکە تەرخان کرا بۆ تێبینی، پرس و ڕاگۆڕینەوەی ئامادەبووان و ئەندامانی بەشداربوو کە بە سەرنج و پێشنیارەکانیان ناوەڕۆکی بابەتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.
لە کۆتاییدا، بەشی پەروەردەی کۆمیتەی سویس بەڕێز عوسمان یاری دەستخۆشی لە هاوڕێیانی بەشداربوو کرد بۆ بەدەنگەوەهاتن و بەشداریی چالاکانەیان لەم کۆڕە گرنگەدا.